قاله مه‌ڕه، شمشاڵژه‌نی ناسراوی کورد بناسن!
پیشه‌کی ئه‌مه‌ش گۆرانییه‌کی شمشاڵی قاله مهره فه‌رموون

هونه‌رمه‌ند قادر عه‌بدوڵڵازاده ناسراو به قاله‌مه‌ڕه ساڵی ١٩٢٠ له گوندی كولیجه له نێوان بۆكان و مهاباد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووه. چه‌پ گه‌ردی گردوون وای لێكردووه كه باوكی نه‌بینێ و دایكیشی له ته‌مه‌نی ٦ ساڵانیدا كۆچی دوایی بكا. هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ته‌واوی ژیانی به ناره‌حه‌تی و برسێتی و چاره‌ڕشی تێپه‌ڕ كردووه.
ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦ په‌یوه‌ندی به كۆماری مه‌هاباده‌وه گرتووه و دۆستایه‌تییه‌كی نزیكیشی له گه‌ڵ نه‌مران هه‌ژار و هێمن دا هه‌بووه. له دوای له‌سێداره‌درانی قازی محه‌ممه‌دی سه‌رۆك كۆمار، قاچاغ ده‌بێ و هانا ده‌باته ئه‌شكه‌وتی گوڵاڵه، یان په‌نای ده‌باته ماڵی عه‌باس ئاغای سه‌ركه‌پكان و ئه‌حمه‌د ئاغای كۆیه.
ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨ بۆته هاوڕێی شه‌هید مه‌لا ئاواره و مه‌لامه‌حموودی زه‌نگه‌نه و شه‌هید سوله‌یمانی موعینی. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ماڵیان ده‌چێته ده‌ڤه‌ری بۆكان. تا ساڵی ١٩٨٥ هه‌ر به سه‌ڵتی ژیاوه و خێزانی پێكنه‌هێناوه.
هونه‌رمه‌ند قاله‌مه‌ڕه هه‌میشه له خه‌باتی كورددا به‌شداری كردووه و هاوڕێ و هاوشانی تێكۆشه‌ران بووه. تا سه‌رده‌مای شۆرشی گه‌لانی ئێران واته ساڵی ١٩٧٨ به نهێنی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی كورد و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌دا بووه.
گرینگی شمشاڵه‌كه‌ی قاله‌مه‌ڕه له ئاستێك دایه كه پسپۆڕان و شاره‌زایانی بواری مۆسیقا نه‌ته‌نیا نه‌یانتوانیوه خۆ له هونه‌ره‌كه‌ی لاده‌ن به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت وه‌ك بلیمه‌تێك باسی قاله‌مه‌ڕ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی سه‌باره‌ت به قاله‌مه‌ڕه ده‌ڵێ: په‌نجه‌كانی مامه‌قاله په‌نجه‌یه‌كی كورتی ره‌سه‌ن، پهنجهیهكه كه‌وا ئێمه كه‌م كه‌س هه‌یه به‌م شێوازه بتوانین ده‌ستی بۆ درێژ بكه‌ین زۆر پێویسته ئێمه به‌و په‌ڕی رێزه‌وه به‌و په‌ڕی گه‌وره‌ییه‌وه بڕوانینه مامه قاله ته‌جره‌به‌ی ژیانی ئه‌و بكه‌ینه نووسراوێك له كتێبه‌كاندا بڵاوی بكه‌ینه‌وه، نه‌وه‌كانی داهاتوومان ده‌یان ماجسته‌رنامه و دكتۆرا نامه‌ی له سه‌ری بنووسن. هه‌روه‌ها مامۆستا ع.ج. سه‌گرمه‌ش له سه‌ر هونه‌ری قالهكهڕه ئاوا ده‌بێژێت: قاله‌مه‌ڕه شمشاڵژهنێكی به‌توانا و لێهاتووه، شاره‌زاییه‌كی زۆری له موزیكی كوردی دا هه‌یه شاره‌زاییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له نیو سه‌ده ژه‌نینی ئه‌و ئامێره. ده‌توانم بڵێم لووتكه‌ی ژه‌نینی ئامێری شمشاڵ له موزیكی كوردیدا له ژه‌نینه‌كه‌ی قاله‌مه‌ڕه دایه. هه‌روه‌ها ده‌توانم به حه‌سه‌ن زیره‌كی به‌ناوبانگی به‌راورد بكه‌م و بڵێم ئه‌گه‌ر حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌تواناترین و به‌ناوبانگترین گۆرانی بێژی میللی مووزیكی كوردی سه‌ده‌ی بیسته‌م بووبێت، ئه‌وا قاله‌مه‌ڕه‌ش به دڵنیاییه‌وه چاكترین شمشاڵ ژه‌نی موزیكی كوردی سه‌ده‌ی بیسته‌مه. مامۆستا حسێن یوسف زه‌مانی، مۆسیقاری به‌ناوبانگی کوردیش ده‌یان جار له سه‌ر هونه‌ر و بلیمه‌تی قاله‌مه‌ڕه دواوه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه ئێستا دانیشتووی شاری بۆكانه و ٢ كوڕی هه‌یه و ته‌مه‌نی پیری خۆی تێپه‌ڕ ده‌كا. (Wîkîpediya)
هه‌رچه‌ند قاله مه‌ڕه كاتی له‌دایكبوون شمشاڵی به ده‌سته‌وه نه‌بووه, به‌ڵام هه‌ر ئه‌وده‌مه كه گیانی له گیانی دایكی گرێ‌دراو بووه گوێی له ده‌نگی شمشاڵی كاك محه‌مه‌دی باوكی و مامه سوڵتان و مامه ڕه‌حمانی و كاكه‌كانی بووه. ئه‌وانه شمشاڵ ژه‌نی به‌ناوو ده‌نگ و لێزان و لێهاتووی مه‌ڵبه‌نده‌كه بوون. خۆی ده‌بێژێ: « ئوستادم خوڵا بووه» ئه‌وجا ئه‌م چێرۆكه به شایه‌د ده‌هێنێته‌وه: « منداڵ بووم له قوڵقوڵه‌ی نزیك عه‌وڵاباد بۆشایی لێیان گێڕابووینه‌وه, مه‌حموودی ته‌ها و غه‌فوره خڕه شمشاڵێكی سه‌یریان لێده‌دا, منیش ویستم شمشاڵ لێده‌م نه‌یانهێشت. ئه‌وده‌م زۆر منداڵ بووم, چوومه نێو قه‌ڵاغه تهپاڵهیهكهوه, ده‌ستم كرد به گریان, هێنده گریام شه‌كه‌ت بوو, تهپاڵهیهكم له بن سه‌رم ناو له خهوهكهشدا هه‌ر ههنیسكم ده‌دا, كه‌سێكم لێ په‌یدا بوو, سوور‌و سپی, هه‌رای لێكردم :“ عه‌بدوڵقادر, عه‌بدوڵقادر هه‌سته, هه‌سته مه‌گری, به گریانی تۆ دار‌و به‌رد وه‌گریان هاتوون!“ هه‌ستام ده‌ستم به لێدانێ كرد به كه‌س ڕانه‌ده‌وه‌ستام! سبه‌ینێ چوومه شایی, به خودای نه غه‌فوور ده‌یوێرا نه مه‌حموود له به‌رانبه‌رمدا ڕاوه‌ستن! جا نازانم, یا خوڵا كۆمه‌كی كردم یا شه‌یتان! ئه‌ڵبه‌ت شه‌یتان ناتوانێ شمشاڵ لێدا!» ( وتوێژی قاله مه‌ڕه له گه‌ڵ م.ڕه‌مه‌زانی)
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: « ناوم قادری عه‌بدوڵازاده‌یه, شێخ محه‌مه‌دی شێخی بورهان ناوی قاله مه‌ڕه‌ی لێنام! له ماوه‌ی ٨٢ و ٨٣ساڵی ته‌مه‌ندا, ناڕه‌حه‌تی نه‌ما نه‌یبینم. له گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌كی زۆر به یه‌كه‌وه بووین, ئه‌و كاته كه له به‌غدا گۆرانی “ له كووچه‌و شاری به‌غدایه خۆم غه‌ریب و بێگانه خۆم“ی كوت به یه‌كه‌وه بووین! ( وتوێژی قاله مه‌ڕه له گه‌ڵ م.ڕه‌مه‌زانی)
هه‌رچه‌ند مامه قاله زۆر كه‌م قسه ده‌كا و قسه‌كانی له ڕێگای شمشاڵه‌وه ده‌گاته بیسه‌ر, به‌و حاڵه‌ش قسه‌ی زۆری له دڵ دایه و بۆ هه‌ر هه‌وایه‌كی كه به شمشاڵه‌كه‌ی ده‌یژه‌نێ چیرۆكێكی هه‌یه, ئه‌و خوی زۆر حه‌زی له هه‌وای “كانه‌بی خوازه“ ئه‌وه‌ش چیرۆكێكی نه‌ته‌وایه‌تی كوردیه و زامه‌كانی كورد ده‌نوێنێ كه زامه‌كانی قاله مه‌ڕه‌شه! ئه‌و هه‌رچه‌ند وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی دۆستی سه‌ودای نووسین و خوێندنی نیه, به‌ڵام مێشك و دڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه كه خۆشه‌ویستی وڵات و سروشت وبهسهرهاتهكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی تێدا جێگا بۆته‌وه! قاله مه‌ڕه هه‌تا ته‌مه‌نی ٧٤ساڵی ژنی نه‌هێناوه و هه‌موو خۆشه‌ویستی ژیانی له شمشاڵ لێدان و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ژیانی گه‌له‌كه‌ی دیتۆته‌وه چیرۆكێك خۆی گوته‌نی له زه‌مانی ساسانیه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كا.
له وتوێژ له گه‌ڵ رادیو كرماشان له ساڵانی ١٩٧٥دا له وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره‌دا كه بۆ ژنت نه‌هێناوه ده‌ڵێ: « ئه‌گه‌ر ژنم هێنابا له شمشاڵهكهم دور ده‌كه‌وتمه‌وه»
به‌رهه‌مه‌كانی لای خۆی ده‌سته‌به‌ندی كراون,له ئه‌وینداریه‌وه بگره هه‌تا نه‌ته‌وایه‌تی! له گه‌ڵ گۆڕینی ده‌وران ژیانی قاله مه‌ڕه‌و و شمشالهكهشی گۆرانی به سه‌ردا هاتوه, ئه‌و كاته كه گوڕوتینی لاوتی دڵ ومێشكی گه‌رم ده‌كرد شمشاڵهكهشی ئه‌ستورتر بووه, ئێستا له گه‌ڵ پیری خۆی شمشاڵیش كز‌و لاوازتر بۆته‌وه! چیرۆكی قاله مه‌ڕه و شمشاڵه‌كه‌ی هه‌م شیرین و هه‌میش دڵته‌زینه!
« جارێكیان نه‌خۆش ده‌كه‌وێ و له نه‌خۆشخانه‌ی شاری مه‌راغه ده‌كه‌وێ دوكتور ده‌لێ: “ تۆ نه‌خۆشی سیلت گرتووه و ئه‌گه‌ر چاكیش بیته‌وه له ڕێگای شمشاڵهكهتهوه دهیگرێوه, ده‌بێ شمشاڵه‌كه‌ت فڕێ ده‌ی“
قاله مه‌ڕه كه له گه‌ڵ شمشاڵه‌كه‌ی گه‌وره بووه ناتوانێ له خۆی دوری خاته‌وه, له‌ورۆژه‌وه هیچ كات شمشاڵی له خۆی دوور نه‌خستۆته‌وه یا له باخه‌ڵی دایه یان له قۆڵی كه‌واكه‌ی ڕاكردووه.» (گێڕانه‌وه‌ی خۆی بۆب.فه‌رشی و وتوێژ له گه‌ڵ رادیو كرماشان)
قاله مه‌ڕه هه‌م هه‌وا كۆنه‌كان ده‌ژه‌نێ و هه‌میش خۆی هه‌وا داده‌نێ و ناویان لێده‌نێ. به‌ڵام جێگای داخه سه‌رڕای ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری پڕی نووسه‌ر ورۆژنامه‌نووس و لێكۆڵنهره تا ئێستا نه‌بووه دانیشن له گه‌ڵی ودانه دانه هه‌واكان وناوهكان و چیرۆكی به‌سه‌رهاته‌كان بنووسنه‌وه!! ڤالهمهڕه كتێبخانه‌یه‌كی زیندووی موسیقا, فۆلكلۆر و ئه‌ده‌بیاتی زاره‌كی و روداوه‌كانی ٧٠ساڵی ڕابوردووه و هه‌م شایه‌دی روداوه‌كانی ئه‌مڕۆیه كه هه‌مووی له مێشك و گه‌رووی شمشاڵه‌كه‌یدا پاراستراون و له كووچه و كوڵانه‌كانی بۆكان و شاره‌كانی كوردستان له گه‌ڵ خۆی ده‌یانگێڕێ! بێ گومان ئه‌م كتێبخانه‌یه ده‌توانێ بابه‌تی ده‌یان سمینار و كونگره بێ, كه له وڵاتی كونگره و سمیناردا به قه‌ست فه‌رامۆش كراوه! پاش مردنی بێ گومان ده‌یان و سه‌دان شاعیر‌و نووسه‌ر وگۆرانی بێژ و لایه‌نگری فه‌رهه‌نگ و به‌رپرسانی ورد‌و درشت , په‌یدا ده‌بن كه به سه‌ر و باڵای خۆی و شمشاڵه‌كه‌یدا هه‌ڵبڵێن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ به وته‌ی خۆی “ جنێو و قسه‌ی ناخۆشی“ پێده‌ڵێن هه‌ر ئه‌وكاره‌ی كه له گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك و ده‌یانی وه‌ك ئه‌وانه‌مان كرد ودهیكهین.!
خۆی له وتووێژێک له‌گه‌ڵ م.ڕه‌مه‌زانی ده‌ڵێ: « ئه‌گه‌ر خۆم له ئیختیاری قودرهتهكانی وه‌خت دابنایه ئه‌مڕۆ هه‌موو شتم ده‌بو,به‌ڵام من هێنده‌م له كوچه و كوڵان وقاوهخانهكان شمشاڵ لێداوه, خه‌ڵك ته‌قه‌م له بابی دێنن, شه‌وی وایه به ته‌له‌فون جنێوم پێده‌ده‌ن, جنێوم به …ده‌ده‌ن, جنێو به …ده‌ده‌ن, یا له خه‌یابان و كوچه و كوڵان و قاوه‌خانه ده‌ڵێن ئه‌و سه‌گ بابه به‌خۆی و ئهوشمشاڵهوه مێشكی سه‌ری عاله‌می بردووه» مامه قاله له‌درێژه‌دا ده‌ڵێ: « میلله‌تی كورد پیاوی زۆر چاكی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه و هه‌ڵده‌كه‌وێ به‌ڵام كورد قه‌دری نازانێ! به خودای,خودا میلله‌تی له میلله‌تی كورد بێ ڕه‌حم تر دانه‌ناوه!»
دواترین جار ده‌ستكاری كراوه له‌لایه‌ن Zizou (2009-01-06 17:38:02)