❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / مه‌م و زین

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2009-09-18 14:41:19

berkot
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2009-08-17
دواترین سه‌ردان: 2009-11-14
په‌یامه‌كان: 12
WindowsXPMSIE7

مه‌م و زین

مه‌م و زین



پێشه‌کییه‌ک بۆ چیرۆک


مه‌یگێڕ له‌ ده‌سی مه‌ده‌ هه‌لێکه‌
وه‌ک گیانی نه‌مر مه‌یێکی تێکه‌

تا به‌و مه‌یی گیان و دڵ به‌خێوکه‌ر
تاوێکی گه‌رم بکه‌ین دڵ و سه‌ر

مه‌یگێڕ بکه‌ پیاڵه‌ ئاوی شابوون*
ئه‌و ئاوه‌ که‌ چاوی دڵ ده‌کا ڕوون
* شابوون: شاد بوون، سه‌رخۆشبوون، مه‌ست بوون.

خاوێن که‌ره‌وه‌ی مژیی قڕێژم*
سه‌رخۆشکه‌ دڵی نه‌زان و گێژم
* قڕێژ، کڕێژ : ناخاوێن. پیس، چڵکن.

مه‌یگێڕ ده‌ به‌ گه‌وهه‌رین پیاڵه‌
له‌و شیله‌ ڕه‌وان و پاک و ئاڵه‌

یاقووتی تواوه‌ له‌علی ئاوه‌
خۆشاوی دوڕ* و دوڕی* خۆشاوه‌
1 : دوڕ: مرواریی درشت، ئاماژه‌ به‌ گلووی ترێ.
2: دوڕ: خڵته‌، بنکڕ.

ڕه‌نگخۆش و به‌چێژ و خۆشبه‌رامه‌
ده‌نکێکی که‌مه‌ بزانه‌ کامه‌ ؟

ده‌نکێ دوڕی ڕووتی تێ بهاوێ
خۆدانه‌کی* ڕووتی وه‌ک گوڵاوێ
* خۆدان ، خۆدانه‌ک: دڵۆپه‌ی ئاره‌قی له‌ش .

زوو زوو بده‌ ده‌ستی مه‌ی په‌رستان
ئه‌و کۆڕی که‌ هێشته‌ دڵ له‌ ده‌ستان*
*دڵ له‌ دست: هۆش له‌ سه‌ره‌خۆ، هێشتا سه‌رخۆش نه‌بوو.

تا پیاڵه‌یی دڵ به‌ مه‌ی بکه‌ن ڕه‌نگ
تا ساز و به‌ دڵ بێ به‌زم و ئاهه‌نگ

مه‌پسێنه‌وه‌ بیانده‌رێ له‌ په‌ستا*
تا بێ به‌ش ئه‌بن له‌ هۆش و هه‌ستا
* له‌ په‌ستا: په‌یتاپریتا، زووزوو. خێراخێرا .

له‌و به‌خششی زۆر و دوور له‌ هه‌ژمار
به‌شکوو له‌ دڵۆپێ ببمه‌ به‌شدار

گه‌شکه‌ی مه‌یی شیله‌داری بێ گه‌ڕ *
خۆشاوی به‌ری ترێی ڕه‌زی ته‌ڕ
* بێ گه‌ڕ : بێ فێڵ، بێ گزی .

کارێکی بکاته‌ سه‌ر ده‌روونم
هێزداری بکا دڵی زه‌بوونم

تیشکێ بکه‌وێته‌ گیانی تاریک
دڵ بێته‌ سه‌ری خه‌یاڵی باریک

دا تیری هه‌ناسه‌ کایگه‌ر بێ
بیرکم* بشکێنێ سه‌د چه‌په‌ر بێ
* بیرک : زرێبار، گۆل، زرێچه‌، ده‌ریاچه‌.

چڵک و چه‌په‌ڵی له‌ دڵ ده‌رێنم
ده‌رچم وه‌کوو بولبولان بخوێنم

دڵمردنی به‌س بێ هه‌ستێ بفڕێ
با شه‌رمێ نه‌هێڵی په‌رده‌ بدڕێ

گۆرانیی و لاوکان ببێژێ
چێژێ له‌ ئه‌وینی خۆی بچێژێ

هاواری بخاته‌ مێرگ و باخان
خونچان بدڕن به‌رۆک و یاخان*
* یاخان : یخه‌ی کراس، به‌رۆک.ی کراس، ئیخه‌ی کراس.

گوڵخونچه‌ بپشکو ون له‌ چوقڵان*
بولبول بگرین له‌ داخی چقڵان *
* چوقڵ : دڕوو، دڕک ، دڕکه‌زی، دری . * چقڵ : دڕوو ، دڕک ،دڕکه‌زی، دری.

جار جار بخه‌نن له‌ خۆشی دیمه‌ن
ئاونگ بپژێ له‌ ده‌شت و چیمه‌ن

سوێسنه‌ وه‌زمان بێ ، بێته‌ باسان
ڕزگاربێ له‌ خه‌وخه‌وی و له‌ تاسان

مه‌یگێڕ بده‌ پێم مه‌یێکی گوڵڕه‌نگ
سه‌نتوور چ نه‌ڵێت و ده‌ف نه‌دا ده‌نگ

کوێخا و گزیر به‌ڵان نه‌زانن
ده‌رکه‌ین کوڵ و خه‌م ئه‌ویش له‌وانن

ده‌ست ڕژدی مه‌که‌ تژی* که‌ ده‌فرم
ڕه‌نگێکی جیا به‌ خۆوه‌ بگرم
* تژی : پڕ ــ تژیکردن : پڕ کردن ــ تژیکه‌ : پڕکه
‌
سه‌رخۆش ببم و به‌ خۆم بنازم
نیازم هه‌موو ئاشکرا بخوازم

مه‌ستم که‌ نه‌که‌ی گه‌لێک نه‌زانم
بێ مه‌ی گه‌ڕێ* ناگه‌ڕێ زمانم
* گه‌ڕێ : خولێک، جارێک ، که‌شه‌یه‌ک، که‌ڕه‌تێک.

مه‌مهێڵه‌ به‌هۆش و هیچ نه‌بێژم
شێتم که‌ هه‌تا دوڕان بڕێژم

بێ په‌رده‌ و شاردوان* وه‌سه‌رخه‌م
گش ڕاز و نهێنییان وه‌ده‌رخه‌م
* شاردوان : شاراوه‌کان، نهێنییه‌کان، گومبووه‌کان.

بلوێر بێ دڵم به‌ داخ و سۆ بێ
وه‌ک تووتی ده‌مم به‌ گفتوگۆ بێ

تێی هه‌ڵکه‌مه‌ لاوک و (سێگا)* و (ده‌شت)*
حه‌یران و قه‌تار و به‌ست و گوڵگه‌شت
* سێگا : ناوی ده‌زگایه‌کی موسیقی یه‌. ــ * ده‌شت : ده‌شتی : ناوی ئاوازێکی موسیقی یه‌.

بێ ورته‌ دڵم بناڵێ وه‌ک چه‌نگ
پێ په‌نجه‌ و پت* بدا ده‌فم ده‌نگ
* پت : پیتکه‌، پیته‌لێدان، پته‌ی په‌نجه‌ له‌ کاتی ده‌فه‌لێدان دا.

بێژێ* و که‌وان بڵێت ڕوبابم
تۆ بمده‌یه‌ مه‌ی ده‌بێ وه‌ها بم
*بێژێ : سازژه‌ن، گۆرانیبێژ .

له‌و به‌رز و بڵیند و له‌و هه‌وایه‌
زوهره‌ له‌ هه‌وام بکا سه‌مایه‌

دڵ ته‌نگه‌، ده‌ ده‌نگی زیر و به‌م بێ
دڵداری له‌ لانی «زین» و «مه‌م» بێ

ده‌ردی دڵی خۆم بێ له‌م وتانه‌
«زین» و«مه‌م» ئه‌دی چ بن؟ به‌هانه‌

وابکه‌م که‌ جیهانێ بێ و بنۆڕێ
ده‌ژیه‌نمه‌وه‌ «زین» و «مه‌م» له‌ گۆڕێ

له‌و دووی له‌ ئه‌وین به‌ زام و بیمار
با خۆم بکه‌مه‌ پزیشک و زانیار

با گه‌ش بنه‌وه‌ و به‌ خه‌م بڵێن به‌س
ببنه‌ نه‌مر و نه‌چن له‌بیر که‌س

داخی جگه‌ری «مه‌م»ی گرفتار
ناخۆشیی ژینی «زین»ی دڵدار

«مه‌م» لاوی له‌ پیسی و گوناهـ دوور
«زین»ئه‌و کچی وا به‌ شه‌رم و ڕووسوور

ده‌یکه‌م به‌ شتێکی وا ته‌ڕ و خۆش
هه‌رگیز له‌ جیهان نه‌بن فه‌رامۆش

دڵبه‌ر بۆ «مه‌م»ێ بکه‌ونه‌ شینێ
دڵدار بخه‌نن به‌ ده‌ردی «زین»ێ

هاوده‌رد بوونیش شتێکی خۆشه‌
بێ ده‌رد بگرن که‌نار و گۆشه‌

لام وایه‌ ئه‌وانی ڕاست و پاکن
دڵڕوونن و ژیر و بیر ڕووناکن

هه‌ڵبه‌ستێ وه‌ها هه‌چی ببینێ
بۆ «خانی» ده‌نێرێ ئافه‌رینێ

هه‌رکه‌س که‌ خودای بڵند و په‌ستی
پێی داوه‌ به‌شێک له‌ خۆشه‌ویستی

با بێن ببیه‌ن خۆیان له‌بیر که‌ن
کۆرپه‌ی دڵی هێنده‌ پێوه‌ ژیر که‌ن

بیکا بڕێ گوێی گیانی لێ پڕ
ماڵیاوا له‌ دڵ بکه‌ن دوو سێ بڕ

هیوامه‌ له‌ ڕاست و بێ گرێیان
نه‌بیه‌ن له‌ چنۆک و زۆربڵێیان

ئه‌م نامه‌ که‌ خاوه‌ یان له‌باوه‌
سه‌د ڕه‌نجی له‌ ڕێگه‌ دا دراوه‌

ساوایه‌، مناڵه‌، شیرنه‌مشتوو
تازه‌به‌ره‌، تازه‌پێگه‌یشتوو

پێش من ده‌سی هیچ که‌سی نه‌دیوه‌
میوه‌ی ڕه‌زی خۆمه‌ نه‌مدزیوه‌

ئه‌و میوه‌یه‌ خۆشه‌ یانه‌ تاڵه‌
دڵبه‌ندی منه‌ وه‌کوو مناڵه‌

هیوامه‌ بوێژی هاوزمانم
ته‌وسان نه‌گرێته‌ ڕۆڵه‌کانم

ئه‌و میوه‌ که‌ وشکه‌، تفته‌، تڵخه*‌
خۆ کوردییه‌ زۆر له‌لام به‌نرخه‌
* تڵخ : تاڵ . ــ تڵخ : چه‌شنه‌ ڕه‌نگێکه‌ به‌رامبه‌ری تۆخ.

ئه‌و کۆرپه‌ ده‌ڵێی نه‌ نازه‌نینه‌
چون نۆبه‌ره‌مانه‌ خوێن شیرینه‌

میوه‌ی منه‌، خۆشه‌، بۆی نه‌ماوم
کۆرپه‌ی منه‌ بۆته‌ چاوی چاوم

خشڵ و جل و یار و زێڕ و زه‌مبه‌ر
نه‌مخواسته‌وه‌ هی منن سه‌ر و به‌ر

ناوئاخن و پیت و تیپ به‌جارێک
ڕیزێکی وشێکی یان وتارێک

هی خۆمه‌ له‌ که‌س نه‌هاته‌ چه‌نگم
خۆم خاوه‌نی که‌سم و خێوی ڕه‌نگم

ئه‌م گفتی شیرین و بیری سه‌د جور
پاکی کچه‌، تازه‌بووک و ڕووسوور

خوایه‌ مه‌ده‌ ده‌ستی پیاوی لاسار
ئه‌و دڵبه‌ری شۆخ و شه‌نگ و نازار

پاڕانه‌وه‌مه‌ له‌ خوێنده‌واران
بێهووده‌ نه‌که‌ومه‌ لێو و زاران

بۆ گاڵته‌ نه‌ڵێن ئه‌م و ئه‌وی بوو
با چاکی بکه‌ن ئه‌گه‌ر که‌می بوو

چی پاکژ و چاکه‌ په‌رده‌پۆشن
هه‌ر دڵ چه‌په‌ڵن که‌ گه‌ڕ فرۆشن

هیوام ئه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌رد و ژیران
بۆ گه‌پ نه‌بمه‌ نیشانه‌ی تیران

کرمێکم و، هاوریشم لیکاوم *
خۆڕستم و خۆم له‌ خۆم ڕواوم
* لیکاو : ئاوی ڕه‌وانبووی ده‌م و زاری ئینسان و هێنده‌ ئاژه‌ڵێک .

کوردم له‌ چیا و که‌ژ و نزاری
چه‌ند گفت و وشێکی کورده‌واری

لێم وه‌ربگرن به‌ سینه‌یی ڕوون
لێمی نه‌گرن چ خۆشه‌ خۆش بوون

دڵپڕ له‌ ڕقیش که‌ گوێ بدێرن
چییان لێ دێ که‌مایه‌سیم وه‌شێرن

ئابڕووی بوێژی با نه‌ڕێژن
گه‌ر ده‌کرێ شتێکی باش ببێژن

بۆم پینه‌ بکه‌ن هه‌ڵه‌ی زمانم
با بێننه‌وه‌ بیر منیش له‌وانم

په‌سنی میری بۆتان و دوو خوشکه‌ جوانه‌کانی


ڕه‌نگڕێژی په‌رانی مێژوو زانی
ده‌نگبێژی جیهانی خۆشخوانی

وا نه‌خشی ده‌کرد به‌ ڕه‌نگی چه‌ند جۆر
وای بۆ ده‌گوتم به‌ به‌ند و باڵۆر*
* به‌ند و بالۆر : چه‌شنێک له‌ گوارانییه‌کانی کورده‌وارییه‌،
که‌ دوو که‌س یان چه‌ند که‌س بۆ یه‌کتری ده‌گێڕنه‌وه‌.

میرێ هه‌بوو ڕۆژگای پێشوو
دڵخوازی به‌چی هه‌بوو، هه‌مووی بوو

سه‌رداری گه‌لێ گه‌لی زل و ورد
تۆوی عه‌ره‌بان و سه‌روه‌ری کورد

پاته‌ختی (جزیر) و به‌ختی چا بوو
زۆر ده‌ستی گوشاد و شاد و شا بوو

ڕۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م له‌ فه‌رمان
ناوبانگی هه‌بوو به‌ میری (بۆتان)

خاڵندی ده‌گرته‌وه‌ له‌ باپیر
پشت پشتی هه‌موو زل و جه‌هانگیر

عاسمان له‌وی بێ ترس نه‌مابوو
شیرێکی* خودا بوو ده‌رکشا بوو
* شیر : شمشێر .

زیانی نه‌ ده‌دین و بێ به‌زین بوو
ناویشی (ئه‌میری زینه‌دین)بوو

بۆ جه‌نگێ که‌ ته‌ختی خوانی زین بوو
ئیتر نه‌ به‌زین و دابه‌زین بوو

ئازایه‌تی ویت* ده‌ویست بناسی
ناوبانگی گه‌یشته‌ مانگ و ماسی
* ویت : ئه‌وت ، ئه‌ویت ، هه‌ر‌ ئه‌وت .

خواناسی ئه‌ویش به‌ ده‌نگ و ناو بوو
بۆ هه‌ر دوو جیهان خودا پێداو بوو

حاته‌م له‌ ده‌هنده‌یی به‌زی بوو
ڕۆسته‌م هه‌ڕه‌شێکی وی به‌سی بوو

ژیری و هونه‌ر و به‌کاری و دین
به‌رده‌ و بگره‌ی به‌ داد و به‌خشین

ده‌تگوت که‌ به‌ به‌ژنی ئه‌و بڕا بوو
تا ئه‌و بوو ، به‌شی که‌سێ نه‌مابوو

سه‌د جۆره‌ گه‌واهێرات و یاقووت
ئه‌ڵماس و پیرۆزه‌، لاڵ* و زمڕووت
* لاڵ : له‌عل ، به‌ردێکی به‌ نرخه‌، چه‌ند ڕه‌نگی هه‌یه‌: سووری تۆخ ، سووری ئاماڵ به‌ زه‌رد .

داکرابوو* به‌ کۆ له‌ هه‌ر شوێنێک
دارماڵ بوو هه‌موو کون و که‌لێنێک
* داکرا بوو : ڕۆ کرابوو، ڕژابوویه‌ سه‌ر یه‌ک .

پێت وابوو که‌ هه‌نده‌ر* و به‌هه‌شته‌
کیژۆڵه‌ تژی هه‌موو فریشته‌
* هه‌نده‌ر : ده‌ره‌وه‌، ده‌ره‌وه‌ی وڵات .

هێند ساده‌ و لووسکه‌* نۆکه‌ری بوو
ژوور و ده‌ری هه‌ر پڕی په‌ری بوو
* لووسکه‌ : تاس و لووس، شۆخ و ڕه‌عنا .

له‌و باغه‌ دوو نه‌ونه‌مام ڕوا بوون
بێ وێنه‌ له‌ناو به‌هه‌شتی خوا بوون

سوورگوڵ دوو له‌ پنجه‌ شا ڕوا بوو
دوو خوشکی خوشێک و یه‌ک برا بوو

ده‌ت ڕوانی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕوانگا
دوو ڕۆژت ئه‌دی به‌ ده‌وری مانگا*
* مانگا : مانگ دا .

یه‌ک پیاوی ده‌کوشت به‌ چاوی مه‌ستی
ئه‌و ناوی نرابوو (خاتووئه‌ستی )

ئیدی* له‌ دڵ و هه‌ناوی میر بوو
ئه‌و ناوی له‌ ناوی میر بوو
* ئیدی : ئه‌وی دی، ئه‌وی تریان .

خۆت ڕه‌نگه‌ بزانی ناوی (زین) بوو
به‌س دیتنی (زین)ێ دڵته‌زێن بوو

یه‌ک ناوی جوانی که‌وته‌ شاران
گیانێ بوو ئیتر له‌ کۆڕی یاران

یه‌ک گه‌نده‌میی و یه‌کێ زه‌ری* بوو
یه‌ک چه‌شنی فریشته‌ یه‌ک په‌ری بوو
* زه‌ری : جوانی سپی پێستی ئاماڵ زه‌رد .

که‌نگێ په‌ریی و فریشته‌ وا بوون
ئه‌م جووته‌ له‌ ڕۆشنی خودا بوون

هه‌رگیز که‌سێ جوانی وای نه‌دیبوو
نه‌مزانی هه‌وێنی وان له‌ چی بوو

لاجانگ وه‌کوو زێو چه‌ناگه‌ وه‌ک سێو
ئاونگی له‌ ئاوی ژین له‌ سه‌ر لێو

سه‌رکوڵمه‌ وه‌کی په‌ڕی گوڵی ئاڵ
چێنرابوو تیا ده‌نک ده‌نک خاڵ

ته‌نگی ده‌م و ده‌نگی پێکه‌نینی
بردیان بڕه‌وی بتانی چینی

ڕه‌شماری که‌زێ له‌ به‌ژن و باڵا
وه‌ک هه‌وره‌ڕه‌شێ له‌ ڕۆژ ده‌هاڵا

چاوێنی* په‌ڕێن بوو دێڕی سه‌ر ڕوو
چاڵی چه‌نه‌گه‌ی پڕی له‌ جادوو
* چاوێنی په‌ڕێن : چاو و زار په‌ڕێن، لابه‌ری چاوپێهه‌ڵێنان.

بۆنخۆشی وه‌نه‌وشه‌ و گوڵی ئاڵ
پشکۆ بوو له‌ چوقڵی سه‌وڵ* و شمشاڵ
* سه‌وڵ: داری سه‌رو، گوڵی پۆپه‌ که‌ڵه‌شێره‌.

سوورگوڵ له‌ سه‌ری لکان ڕووا بوو
تاتای موو به‌ سه‌ر یه‌کا ڕژابوو

ڕه‌شخاڵ وه‌کوو به‌ردی حاجییان بوو
ئه‌و کۆشکه‌ حه‌جی ئه‌وان ده‌مان بوو

ئه‌برۆ چ که‌وانی بێ گرێ و ڕێک
په‌یکانی بژانگ، چ تیری دڵپێک

نازک به‌ له‌ش و هه‌ڵۆ به‌ چاوان
تۆقی بوو* دڵی دڵان له‌ تاوان
* تۆقی بوو : دڵی لاوان له‌ بینینیان تۆقی بوو .


دایان نا ئه‌وانی مووقه‌ڵێشن
هه‌ر گۆشه‌یی چاوه‌، گیان ده‌کێشن

توێڵی* سپی په‌رچه‌می ڕه‌ش و کۆ
وه‌ک باڵی په‌ری له‌ سووچی ئاسۆ
* توێڵ : ته‌وێڵ ، ناوچاوان .

ڕۆژ کاره‌که‌رێکی ناوچه‌وان بوو
له‌ جوانی به‌ پاس و ده‌رکه‌وان بوو

کێ کوڵمی ده‌دیتن و بنانگوێ
مردن بوو په‌نای ده‌برده‌ به‌ر کوێ

گه‌ردن وه‌کوو قومقمۆکی باده‌
پڕ بێ له‌ گوڵاوی ڕوون و ساده‌

هه‌رکه‌س که‌ ببینێ پێی ده‌زانێ
سه‌رچاوه‌یی ئاوه‌که‌ی ژیانێ

سه‌رپه‌نجه‌ و نه‌ینوکی خه‌ناوی
خوێنیان ده‌ڕژا دڵان له‌ تاوی

دینی* به‌ر و که‌مبه‌ری شل و مل
چاوی گه‌ش و ڕوون ده‌کرد به‌بێ کل
* دینی : دیتنی ، سه‌یر و ڕوانینی، ته‌ماشاکردنی.

هه‌ڵیان که‌ ده‌ماڵی قۆڵ و بازن
جێدار* بوو له‌ سه‌ر جیهان بنازن
* جێدار : شیاو . جێدار بوو : شیاوی ئه‌مه‌ بوون که‌...

ئه‌و دوو گوڵه‌ شۆخ و شه‌نگه‌ جوانه‌
هاتبوونه‌ جیهان هه‌واڵ دووانه‌

هه‌رچه‌نده‌ که‌ «ئه‌ستی» نازه‌نین بوو
«زین» زۆرتری خوشکی، خوێن شیرین بوو

هی وان بوو جوانی گشتی شه‌شدانگ
ئه‌ستێره‌ بوو«ئه‌ستی»، «زین» وه‌کی مانگ

ئه‌ستی وه‌کوو مانگ و زین وه‌کوو خۆر
چاوپیس و چنۆکی پێ ده‌بوو کۆر

ئه‌و هه‌ر دوو وه‌کوو دوو شه‌وچراخان
کاتێ که‌ ده‌چوونه‌ سه‌یری باخان

گیاندار ده‌چوو گیانیان به‌ تاڵان
گیا وو گژ و دار و به‌رد ده‌ناڵان

په‌رچه‌م شه‌وه‌ڕه‌ش له‌ ده‌وری لاجانگ
شمشێری برۆ له‌ سه‌ر له‌تی مانگ

په‌رچووکه‌* له‌سه‌ر هه‌نێ بنه‌خشێ
کێ بێ دڵ و گیانی پێ نه‌به‌خشێ
* په‌رچووکه‌ : پرچ و قژی هۆندراوه‌وه‌ی ده‌وری نێوچاوان .

ڕازانه‌وه‌یان به‌ زێڕ و گه‌وهه‌ر
له‌رزانه‌ و گۆبه‌رۆک و که‌مبه‌ر

ئه‌و له‌نجه‌یی کۆتری به‌ سه‌د ناز
له‌و جووتی به‌ژن نه‌مامی چاوباز

پۆل پۆل کچی شۆخ له‌ ده‌ور و به‌ریان
پیر، بۆ دڵ و دینی خۆ ده‌گریان

خواناس و مه‌لا و به‌ناو و بێ ناو
خونکاره‌، هه‌ژاره‌، پیره‌، یان لاو

کوانێ که‌ دڵی نه‌چێته‌ جوانی
نرخی که‌ نه‌زانی زۆر نه‌زانی

هێندێک دڵ و دین ده‌ده‌ن به‌ تێکوڵ*
هێندێ به‌ خودای چڵ و گوڵ و دڵ
* تێکوڵ : مه‌به‌ست له‌ ده‌روه‌ی شت .

دۆست هه‌ر یه‌که‌ به‌رده‌ شێوی شێوان
وه‌ک تێکوڵ و کاکڵێکه‌* نێوان
* کاکڵ : نێوه‌رووکه‌ی شت، ده‌روونی شت .

****

کورد کلیك

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net