.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه
















سڤیل: كاوە شێخانی
سوهام حەسەن چواردە ساڵە چاوەڕوانە، لەچاوەڕوانیش دەترسێ، چونكە وەك خۆی دەڵێ "چاوەڕوانیم بەسەرهاتووە"، هەروەها ئەو لەمردنێكی كتوپڕیش دەترسێ، لەوەشیان دەڵێ "دەترسم لەتەمەنێكدا بمرم، نەتوانم منداڵەكانم بگەیەنمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێ". سوهام حەسەن لەو دیمانەی لەگــــــەڵ (سڤیل)دا باس لەكاری هونەری و هەندێ لایەنی تایبەتی ژیانی خۆی دەكات. سوهام حەسەن لەساڵی 1969 لەقەزای كۆیە لەدایكبووە و ئێستاش خاوەن كچ و كوڕێكە، زۆرجار پیاوی كورد خۆزگە دەخوازێ ژنی كۆیی بێت، سوهام لەبارەی ئەو خۆزگەی پیاوانەوە هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، "ژنە كۆیی بۆ پیاوەكانیان زۆر چاكن، خانومانیشن و درەنگیش پیردەبن". بەڵام ئەو خۆی بەپیر دەزانێ، لەبەرئەوە گوتی "چەند ساڵێك لەمەوبەر لەتەمسیلەكانم رۆڵی كچی عاشقم دەبینێ، لەوانەیە لەمەودا رۆڵی داپیرە ببینم، چونكە تەمەنم بەرەو گەورەبوون دەڕوات". سوهام حەسەن كە قەد بڕوای نەدەكرد ببێتە گۆرانیبێژ و شانۆكار، دێتەسەر باسی كارە سەرەتاییەكانی خۆی و گوتی "دەركەوتنی من لەهونەر زۆر بەرێكەوت بوو، ئەوەی بیرم لێ نەدەكردەوە هونەر بوو، بەڵام ئەو كاتەی لە ساڵی 1983 لەتیپی هونەرە میللییەكان وەك سەماكار كارم دەكرد، هەر لەوساڵەدا بۆ چالاكییەك لەبەغدا پێویستیان بەچەند كۆرسێكی كچ و كوڕ هەبوو، من و زیاد ئەسعەد و جەلال سەعید لەو كۆرسە بەشداریمان كرد، بەڵام لەناو هەموو كچەكان دەنگی منیان پێ خۆش بوو، بڕیار بوو لەگەڵ زیاد ئەسعەد گۆرانی (كەمەرەشل) تۆمار بكەین، بەڵام زیاد بۆ ئێران سەفەری كرد، بۆیە من بەتەنیا گۆرانییەكەم گوت"، ناوبراو ئەوەشی گوت كە "بەگۆرانی (كەمەرەشل) ناوبانگی دەركرد و لەساڵی 2001 كە دەستم بەگۆرانی كردەوە، بەگۆرانی (عەشقت) ناسرامەوە". سوهام ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بڕیاری داوە لەئایندەیەكی نزیكدا واز لەگۆرانی گوتن بهێنێت و تا ئەوكاتەش ئامادە نییە هۆكاری ئەوە روون بكاتەوە، ئەو ئامادەی ئەوەشی نەبوو، باس لەپەیوەندیی خۆشەویستی خۆی و هونەرمەند زیاد ئەسعەد بكات، تەنیا ئەوەندەی گوت "نازانم بڵێم چی، هەموو كەسێك لەتەمەنی گەنجێتی خۆشەویستی كردووە و منیش وەك ئەو گەنجانە، دەڵێم خۆشەویستیم كردووە". سوهام حەسەن دێتە سەر باسی چاوەڕوانی و تەنیاییەكەی، ئاماژە بەوەش دەكات، 12 ساڵە لەچاوەڕوانی فەرهاد ئیسماعیلی هاوسەریدایە، بەدوای هەواڵێكی فەرهاد وێڵە، سوهام كە ئێستا بێهاوسەرە، لەبارەی هاوسەرە ونبووەكەی بەنیگەرانییەوە دەڵێ، "ناتوانم بەفەرهادی هاوسەرم بڵێم شەهید، چونكە تائێستا تەرمەكەیم نەدیووە، 12 ساڵە هیچ هەواڵێكیشمان لێی نییە، بەڵام ئەوە ئاشكرایە هاوسەرەكەم كراوە بە بەدیلی كەریم عوسمان، كە لەراگەیاندنی یەكێتی كاری دەكرد و كوژرا، مێردەكەشم كرا بە بەدیلی ئەو". سوهام حەسەن لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان بێسەروشوێنە، بەشداری رێپێوانێكی بۆ بەردەم پەرلەمان كردووە، بەڵام ئەو دەڵێ بەداخەوە پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، دەشڵێ "یەكێتی و پارتی لەكەناڵەكانەوە دەبینرێ هیچ كێشەیەكیان نییە و قسەی زلزل دەكەن، بەڵام نەیانتوانیووە چارەنووسی مێردەكانمان بۆ روون بكەنەوە، ئەگەریش نەماون و كوژراون، با تەرمەكانمان بدەنەوە و ئێمەش ئەو چاوەڕوانییە بشكێنین". سوهام پێی وایە پارتی بەرامبەر فەرهاد ئیسماعیل كەمتەرخەم و بێوەفا بووە، بەقسەی خۆیشی چەندین جار هەوڵیداوە شتێك لەبارەی مێردەكەی بزانێ، بەڵام بێ سوود بووە، سوهام گوتی "دەزگای گوڵان، كە فەرهاد كاری تێدا دەكرد، لەگەڵ فەرهاد بێوەفابوون". ئاواش باس لەرۆژانی جەژن دەكات، "12 ساڵە جەژن لەماڵی من نەكراوە، كچەكەم (رۆزا) ئەوكاتە 3 ساڵان بوو، كوڕەكەشم (بەڕێز) باوكی هەر نەبینیووە، بەڵام سوپاس بۆخوا تائێستا نەمهێشتووە تووشی كەموكورتی بن، زۆر بەناز پەروەردەم كردوون و بۆ من جێگای سەربڵندییە". سوهام حەسەن وەك خۆی دەڵێ رقی لەگریانە و بەمنداڵیش بەدەگمەن گریاوە، باسی ئەوەشی كرد، تەنیا كەسێكی شەرمن بووە و تا ئەوكاتەی گەورەش بووە، زۆر لەخزمەكانی خۆی نەیانبینیووە، "ئەوكاتەی میوانمان دەهات، لەشەرمان خۆم دەشاردەوە، تا تەمەنم گەیشتە هەرزەكاری، ئەوكاتەی توزێك شەرمم شكا، زۆر لەخزمەكانم ناسی و ئەوانیش منیان ناسی". لەبارەی دوایین كاری هونەری خۆشیەوە، سوهام حەسەن باسی ئەوە دەكات، جگە لەبەشداریكردنی لەفیلمێكی سینەمایی كە بۆ فیستیڤاڵ ئامادە كراوە، هەروەها دوو گۆرانی ئامادەیە و بەم نزیكانە كلیپیان بۆ دەكات، دەڵێت "ئەو دوو گۆرانییە لەلایەن سەید ئەحمەد رواندزی و دانا عەبدولجەبار ئاوازی بۆ ئامادە كراوە و سوودم لەدوو تێكستی هونەرمەند حەمە سەعید ئیبراهیم وەرگرتووە، بەم نزیكانە كلیپیان بۆ دەكەم".
ئهم دیمانهیه له گۆڤاری سڤیل وهرگیراوه
malperi dwrga

ئاخۆ ئێستا وهك چۆن من بيرى تۆ ئهکهم
تۆش بير له من ئهکهیتهوهوه؟

لهسهر هێڵ نییه