.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












(نامەیەک بۆ ژیلیا) بەشی شەشەم
نوسینەوەی:سەباح مەجید
6
ژیلیا، ئەی لە هەناسەی گوڵ بۆنخۆشتر و لە بوکڵەی هەنار جوانتر و لە باڵای خەمەکانم زراڤتر، ئێستا کاتژمێر چواری بەرەبەیانە و چەشنی دەروێشێکی دڵساف دەفی زیکری عەشق دەژەنم. ئاخر تۆ شایستەی ئەوەی هەموو ژیانی خۆمت بۆ تەرخان بکەم و ببمە فیدای کەزییە ئاڵتونییەکانت، باوەڕبکە تۆ ئێستاش لەسەدا بیست و پێنجی دڵمی و لە سەدا بیست و پێنجی عەقڵمی و لەسەدا بیست و پێنجی خوێنمی و لەسەدا بیست و پێنجی گیانمی و لەسەدا سەدی ژیانمی. کچێ باوەڕبکە ئێستاش من جگە لە نۆ پیتەکە هیچی دیکەم لە دڵدا نییە! نۆ پیت کە هەوێنی هاتنەئارای هەموو بەختەوەری و خۆشنودییەکانن.. نۆ پیت گەر مرۆڤایەتی رێزیان لێبگرێت ئەوە دڵنیابە کە جیهان لێوڕێژ دەبێت لە ئاسوودەگی.. نۆ پیت گەر مافی تەواویان پێبدرێت ئەوە مرۆڤەکان پڕاوپڕ دەبن لە کامەرانی.. ئەو نۆ پیتەش ئەوانەن ژیلیا (( خ ۆ ش م د ە و ێ ی )). ژیلیا، ئەی ئەو کچەی کە قسەکانت لە هەنگوین و قەند شیرینتر بوون، مەڵێ ((دڵگەشی دڵدار)) وڕێنان دەکات! بڕوا بفەرموون ئەو نۆ پیتە پیرۆزە توانستی ئەوەیان هەیە تەواوی کێشە و گرفتە ئاڵۆزەکانی جیهان چارەسەربکەن.. ئەو نۆ پیتە جوانە توانستی ئەوەیان هەیە تەواوی زامەکان هەتوان بکەن، چونکە ئەم نۆ پیتە تاسەر ئێسقان لەگەڵ گشت شتە قێزەونەکان هاودژن، هەر لەبەرئەوەش بوو کاتێک لێرە لە نیشتمانا ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا سەرجەم پەپولەکانی نیشتمان وایانزانی کە بەهار رۆیشت و ئەوانیش لەپڕێکا هەموو گوڵەکانی خۆشەویستییان بێناز بەجێهێشت و بەدڵشکاوی سەری خۆیان هەڵگرت، بەڵێ حەیرانت بم هەر بۆیە تۆش لەسۆنکەی ئاگری ئەو شەڕە نەگریسەدا نیشتمانت بەهەموو پیرۆزییەکانییەوە بەجێهێشت. ژیلیای ژیاندۆست کاتێک ئەو نامەیەت بەدەست گەیشت هیچ سەرسام مەبە کە بینیت لە دوماهی نامەکەدا ئەدرەسەکەم بەمشێوەیە نووسراوە:
ناو: قوربانی تۆ.
وڵات: دۆزەخی عاشقان.
شار: یادەوەرییەکانی دوو سێوی گوناه.
گەڕەک: دڵشکان.
شەقام: جیابوونەوە.
کۆڵان: چرۆکردنی خۆشەویستی.
سەڕەڕای ئەمەش سەرسام مەبە کاتێک دەبینیت لە زەلفی نامەکەدا ئەدرەسەکەت بەمشێوەیە نووسراوە:
ناو: ئاسکێکی خەمگین.
وڵات: یۆتۆپیای خەیاڵ.
شار: لەتێک لەسێوەی یادگار.
گەڕەک: غەریبی.
شەقام: تەنیایی.
کۆڵان: گریان.
سەرسام مەبە ژیلیای خۆم، ئاخر چ بکەم من بەردەوام لێوانلێوم لەم چەشنە خەیاڵ و تێڕامان و ئەندێشە قووڵانە! کچێ باوەڕبکە ژیلیا ئەوەندەی خەمە بەژنبڵندەکانی خۆم بیرت دەکەم. بڕوابکە تۆ بەردەوام لەکەناری رووباری بیرکردنەوەی مندا راکشاوی..بەردەوام لەژێر تاڤگەی بەرزەکانی خەیاڵی مندا خۆت دەشۆی.. هەردەم وەک ئاسکێکی چاورەشی کێوی قەرەچوغ لەدامێنی نیگاکانمدا تەراتێن دەکەی. ئاخر بەدەست خۆم نییە نا ئەی یار ناتوانم هەریادەکان لەیاد خۆم بەرمەوە. ئەوەتا ئەمشەوە لەبەرامبەر ئەم پەنجەرە و لەبەردەم ئەم لامپایەدا دانیشتووم و بەبێدەنگی دەگریێم پەنگرە ئاگرینەکانی دڵم دەکەم وشە. وەیش خودایە ئەمشەو حیکایەتی من و ئەو بەفرە سپیپۆشە چەندە لەیەکتر دەچن! ئەمشەو هەردووکمان بێوچان دەگرێین بێئەوەی هێزێک بەزەیی پێماندا بێتەوە و ژیرمان بکاتەوە. ژیلیا، دەزانی ئێستا لەکاتی نووسنی ئەم دێڕانەدا چ خۆزگەیەک دەخوازم؟ کچێ لەدڵی خۆما دەڵێم: ((خۆزگە فرمێسێک بوومایە تاکو لە چاوە جوانەکانی تۆدا لەدایک بوومایە و لەسەر کوڵمە ئاڵەکانی تۆدا بژیابام و دواجاریش لەسەر لێوە تەنکەکانی تۆدا بمردبام)). بیرتە ژیلیا؟ کە لەئێوارەیەکی پاییزدا بەخەمناکی پێمگوتی: ((ژیلیای ژیاندۆست، وەسیەت بێت ئەگەر رۆژێک لەتاو باوکی بێدڵ و دووری تۆ و خەمی بێنازی نیشتمان مردم ئەوە بەفرمێسکەکانت بمشۆ و بە برژانگە درێژەکانت کفنم بکە و لەنێو چاوە سەوزەکانتا بمنێژە)). ژیلیاخانم، لەدوای سەفەری لەناکاوت رۆژ دوای رۆژ گڕی عەشقت لەدڵما زیاتر پەرەدەسێنێ، کچێ باوەڕبکە ئێستا ئەگەر لەنێوان دونیا و خۆشەویستی تۆدا سەرپشکم بکەن ئەوە ئاوی لێناخۆمەوە و هەر بەپەلە پێڵاوەکانم دادەکەنم و بەدوای تۆدا دێم ئەی یار. وەیش تۆ کائینێکی چەندە سەیری کچەکە، کچێ کە لێم دووردەبیت تۆم بیرناچێتەوە و کە لێشم نزیکی تاسەم لێت ناشکێ ژیلیا. تۆ لەهەموو بەرزییەکان بەرزتری ئەی یار.. لەهەموو شتە بەهادارەکان بەهادارتری حەیرانت بم، مرۆڤەکان جۆراوجۆرن، هەندێکیان زێڕ و هەندێکیان زیو و هەندێک بڕۆنز و هەندێکیش نوحاس.. کەچی تۆ بۆ من بوویت بە ئەڵماس. ژیلیا ئەها لەبیرتە؟ کە شەوێک لەشەوەکانی هاوین دەتویست قسان بکەیت؟ بیرتە من بەچرپە پێمگوتی: (( وس س س.. وس س س.. تەنانەت تاکە وشەیەکیش گۆ نەکەیت ئاخر عەشقت وەک منداڵێکی جوان وا لەنێو دڵمدا نووستووە با بەئاگانێت)). کچێ عەشقت تاکو ئەمڕۆش وا لەنێو دڵمدا نووستووە.. ئااای چەندە کاڵفام بووم کە ئەوکات وامدەزانی بەقسەیەکی خۆشی تۆ عەشق بەئاگادێت! کچێ دوای سەفەری تۆش سەرباری ئەو هەموو گرمە گرمەی سەد و شەش و تۆپە هاوەنەکانی شەڕی ناوخۆ، کەچی عەشقت هێشتا لەدڵمدا خەوتووە و لەوە ناچێت هەرگیز بەئاگابێتەوە و مەنزڵگای دڵم چۆڵ بکات، عەشقت لەنێو دڵمدا خەوێکی ئەسحابولکەهفانەی لێکەوتووە و رەنگە تەنانەت دوای مەرگیش بەئاگانێت.
ژیلیای خۆم، دوێنێ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان لە بووکی نزار بانگی کردم و کلێشەیەکی بۆ دروستکردنی ناسنامە پێدام کە چەند پرسیارێکی تیادا بوو: ناوت چییە؟ ناونیشانت کوێیە؟ مێژووی لەدایکبوونت کەیە؟ منیش بەمشێوەیە ئەم کلێشەیەم پڕکردەوە:
ناو: عاشق.
ناونیشان: دڵی یار.
مێژووی لەدایک بوون: تێکئاڵانی نیگاکان.
ئاااای چەندە پەرۆشتم ئەی یار! کچێ بیرتە؟ بیرتە لەشەوی ساڵی نوێدا کە هەولێر لەسۆنگەی شەڕی ناوخۆدا یەکپارچە ئاگربوو؟ بیرتە ئەو شەوە تەلەفۆنم بۆکردی و پێمگوتی: (( کچێ تۆ لەسەدا دەی نێرگز و لەسەدا بیستی یاسەمین و لەسەدا سیی میسک و لەسەدا چلی گوڵ و لەسەدا سەدی عەتری خۆشەویستی ساڵی نوێی منی قشتەگیان)).
*** *** ***
sarchawa:sabahmajid
لهسهر هێڵ نییه