❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / د.روفەند تەمۆ لە بواری مافەكانی ژنان

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2008-12-16 12:09:44

soza_93
:: گـوڵـی یـانه‌ ::
شوێن: slemani
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-07-24
دواترین سه‌ردان: 2009-09-12
په‌یامه‌كان: 582
WindowsXPMSIE

د.روفەند تەمۆ لە بواری مافەكانی ژنان

مەسەلەی یەكسانی پرسێكی ئینسانی گشتییە، ئافرەت بەر لەوەی دیلی دەستی پیاو بێ، دیل و بەندەی دەستی خۆیەتی

د. روڤەند ئەحمەدیوسف (تەمۆ)خەڵكی شاری قامشلوی كوردستانی رۆژئاوایە ساڵی 1994 خوێندنی زانكۆی لە یەكیەتی سۆڤیەتی پێشوو تەواو كردووە، خانمی(تەمۆ) چالاكڤانێكی دیاری بواری جەندەر و پرسی ژنانە، وێڕای ئەمە حزورێكی دیاری لە بزاڤی سیاسی و جڤاكیدا هەیە، بە بەردەوامی نووسین و لێكۆڵینەوە ئامادە دەكات، بەشێوەیەكی دەوری بەردەوام لە رۆژنامەگەری ئەلیكترۆنی (كوردی و عەرەبی) دەنووسێت، سەرباری ئەمانە وەك شاعیرێكیش ناوی دەركردووە و چەندین بڵاوكراوەی هەیە.
گۆڵان لە هەڤپەیڤینێكدا چەند پرسێكی تایبەتی پەیوەست بە پرسی یەكسانی و ئازادی ژنان و بزاڤی فیمینیستی لە رۆژهەڵات و كوردستان لەگەڵ تاوتوێكرد.

* لە رۆژئاوادا ژنان بە رێژەیەكی بەرچاو بەشداریان لە ژیانی ئابووریدا هەیە، ئەمە وایكردووە ببنە خاوەن داهات یان داراییەكی سەربەخۆ، لەو گۆشەنیگایەوە تۆ تاچەند لەگەڵ ئەوەدایت كە سەربەخۆبوون لە رووی ئابوورییەوە رۆڵ دەگێڕێ لەسەربەخۆبوونی ئافرەت و وەدەستهێنانی ئازادی؟
- راستە لە رۆژئاوادا ژنان بەهۆی كاركردنەوە هەنگاوی بەهێز و گەورەیان ناوە و بەهۆی ئەو هەنگاوانەیان توانیوویانە دورایی نێوان خۆیان و پیاوان كەم بكەنەوە، كاركردن دەتوانێ پانتاییەكی فرە بۆ تاك دەسەبەر بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا بەهۆی كاركردنەوە ئافرەت ناتوانێ تەواو ئازاد ببێ، یان ئازادی رەها وەدەست بێنێ، ئازادی رەهای ئافرەت تەنیا لەسایەی سیستەمی سۆشیالیستیدا دەبێتە واقیع، چونكە لە سیستەمی ئابووری ئازاددا یان ئەوەی رژێمی سەرمایەداری پێدەگوترێ، توانا و هێزی كار لەلایەن سەرمایەداران قۆرخ و وەبەرهێنراوە هاوكات ژینگەی كۆمەڵایەتیش گۆڕانی بەسەر نایەت، گەر گۆڕانیش رووبدات هەر بەنیوەچڵی دەمێنێتەوە، هەر لێرەوە ئافرەتان هەست بە ئاسوودەیی و سەقامگیری ناكەن و هەنگاوەكانیان وەك ئەو رێبوارە دەبێ كە لە نیوەی رێگا بچەقێ یان مابێتەوە، هەر لە سایەی ئەو سیستەمەدا گەر سەربەستی ئابووری، ئافرەت لە پاشكۆیی پیاو رزگار بكات، بەڵام ناتوانێ مەرج و ژینگەیەكی گونجاوی دەروونی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی هاوشانی پیاوی بۆ بخوڵقێنێت، بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە هەر لە پەروەردەی سەرەتاییەوە، لە نێوەندی خێزان و قوتابخانەدا جیاكاری لە نێوان نێر ومێ دەكات، ئەم جیاكارییەش رێگە لەبەردەم بەرهەمهێنانی دوو كەسایەتی خۆش دەكات یەكێكیان كەسایەتی نێرینەیە كارەكتەرێكە هەڵگری هێزی رەها و سەربەخۆییە، ئەویتریان كەسایەتی مێینە بە مانای بێ هێزی و چەوساندنەوە و مامەڵەكردن لەگەڵی وەك نێچیرێكی بێ پەروا و بێ پەروباڵ.
* چۆن لە كاریگەری بار و ژینگەی جوگرافی دەڕوانیت لە رووی قەڵاچۆكردنی پەتای تووندوتیژی، بە واتایەكی دیكە، پلەی خوێندەواری و باری كۆمەڵایەتی و پیشەیی و زمان و ئەو چینە كۆمەڵایەتییەی كە ئافرەت تێیدا دەژیەت، تا چەند خروریان هەیە لە خەباتی ئافرەتان دژ بە تووندوتیژی و نایەكسانی؟
- من پێم وایە هەموو ئەوانەی باست كردن خروریان هەیە، چونكە زۆربەی كاتەكان ژنان بەهۆی جۆری بیركردنەوە و ئینتیما و ئەسڵ و ناسنامەیان دەكرێنە ئامانج، هەر لەم رووەوە رێككەوتنی نێوان وڵاتان لەسەر بەیاننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ساڵی 1978بڕیاری لەسەردراوە تەواو ئاشكرا و روونە، لەو رێككەوتنە نێو نەتەوەییە هاودەنگی تەواو لەسەر رەفزكردنی هەموو شێوەكانی جیاكاری لە نێوان پیاو و ئافرەت لەسەر هەر ئەساسێك بێ، كراوە، هەموو ئەو وڵاتانەش پابەندكراون كە كار بۆ هێنانەدی هاوسەنگی لە رووی ئەرك و مافەكانی نێوان ژن و پیاو بكەن و مافەكانی مرۆڤ لە هەر ئاست و تەمەنێكدابن بپارێزن.
تووندوتیژی دەرهەق بە ژنان لە هەموو كوچە و كەلەبەرێكی ئەو دونیایە بەشێوەیەكی سیستماتیك پەیڕەو دەكرێ، دیاردەیەكی جیهانییە تەواوی دەستوورە هەرێمی و كەلتووری و ئایینی و ئیتنییەكانی بەزاندووە، ئابڕوچوونی مرۆڤایەتییە، دژە بە هەموو بەها مرۆییەكان، ئەمڕۆ تووندوتیژی پرسێكی جیهانی نێونەتەوەییە، چارەسەركردنی پێویستی، بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە، هەماهەنگی لە نێوان چالاكڤانانی ئەو بوارە لە رێگەی دۆزینەوەی میكانیزمێكی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونوەی، میكانیزمێك بتوانێ وڵاتان پابەند بكات بەو بەڵێنانەی داویانە، لەگەڵ دژایەتیكردن بۆ گۆڕینی هەر یاسایەك كە بۆنی جیاكاری لێبێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە حەز دەكەم كەمێك قسە لەسەر پرسی جیاكاری بكەم، چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بە تووندوتیژی رەگەزییەوە هەیە، مەبەستمە بڵێم جیاكار، تووندوتیژی بەرهەم دێنێ، تووندوتیژیش دەرهەق بە هەركەسێك پەیڕەو بكرێ واتەی سەیر نەكردنی قوربانییەكەیە وەك مرۆڤێك، لە زۆر وڵاتدا جیاكاری نەك تەنیا لە ئاستی كۆمەڵایەتی و ئابووری و كلتووریدا هەیە، بەڵكە لە ئاستی داڕشتنی یاساكانیش، بۆ نموونە ئەو وڵاتەی كە سزای تاوان لەسەر تاوانبارانی بەناو(جرائم الشرف) سووك دەكات ئەوا نەك تەنیا ویست و بەڵگە دەداتە دەستی پیاوان بۆ ئەنجامدانی بەڵكو هانی نێرینەش دەدات بۆ بەردەوام بوون لەسەر تاوانی كوشتن.
* وەك دەزانن فیمینیزم وەك بزاڤێكی جیهانی زۆر رەهەند و مەودای جیاجیای هەیە، گەر سەیری ئەم بزاڤە لە رۆژهەڵاتی ناوین بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە بكەین، دەبینین پیاوان رابەرایەتی بزاڤەكە دەكەن، بەڵام لە رۆژئاوادا مەسەلەكە پێچەوانەیە، هەر لەو نێوەندەشدا دوو سستمی كۆمەڵایەتی جیاوازیش بەدیدەكرێت راڤەی ئێوە بۆ ئەو واقیعە چۆنە؟
- ئەمە وابەستەی ئەو ئاستە پێشكەوتن و ژیارییە كە هەریەك لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی پێیگەیشتوون، لە رۆژهەڵاتدا پێویستە هەموو لایەك دان بەوە بنێن كە جەبەروتی عەقڵییەتێكی پیاوانە كۆمەڵگە بەڕێوەدەبات، گەر لە كۆمەڵگەیەكدا چەمكی مرۆڤ بوون وەك بەهایەكی قێزەوون و نابووت سەیر بكرێت بێگومان هەر دەبێ ئەوە چاوەڕوان بكەین كە پێگەی ئافرەت لە ژێری ژێرەوەدا دەبێ و چاوەڕێ ناكرێ رێگەی گوزارشت و قسەكردنی پێبدرێت.
* ژنان لە كۆمەڵگەكانی جیهانی سێیەم متمانەیان بەخۆیان كەمە، ئەگەر چی ژنان لەنێو خێزاندا ئیرادە و قەسیان هەیە بەڵام ئەو ئیرادەیە نەبۆتە دەسەڵات چونكە لە دەرەوەی خێزان گەمارۆی ئەو دەسەڵاتە بەشێوەیەكی بەرفراوان پیادە دەكرێت، روانینتان بۆ ئەو وێنە كۆمەڵایەتییە چییە؟
- لە كۆندا بەدرێژایی چەند قۆناغێكی مێژوویی میللەتان روانینیان بۆ ئافرەت هاوتاو وەك یەك نەبووە، لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا ژنان رۆڵی سەرەكیان دەبینی لە بڕیاردان، بەڵام دواتر كە شەڕ و ململانێ سەریهەڵدا، وەزیفەی سەرەكی پیاو بوو بەشەڕكردن، پیاوان بەخشی ئەمەش وایكرد جەنگی قورسایی بە شوێنگەی ئەولەوییەت لەسەر حیسابی پێگەی ژنان وەربگرن ، هاوكات زۆر لە دوژمنانی ئافرەت حاڵەتی بایۆلۆژی یان جەستەیی ژنان وەك ئامرازێك بەكاردێنن، بۆ لێدان لە كەسایەتی ئافرەت و دروست كردنی ئاستەنگ لە بەردەم بەشداربوونی لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتووریدا، بەداخەوە ئەمڕۆش لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دەبینێ زۆرجار هەندێك هاوشێوەی سەردەمی جاهیلیەت لایەنی زایندەیی ژنان وەك نەنگی و بێ هێزی دەخەنە روو، عەورەتی ئافرەتان دەكەنە بیانوویەك بۆ بەندكردنی ئافرەتان و حیجاب كردنی و سەپاندنی ئەو جۆرە جل و بەرگانەی كە خۆیان مەبەستیانە، گەر تەماشای پێكهاتەی خێزان لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بكەین دەبینین باوك یان برا حاكمی رەهایە بڕیاری ئەوەل و ئاخیر هەر لە دەست ئەوان دایە، پیاو لە خێزان وەك دەوڵەت وایە بۆیە بە بڕبڕەی پشتی خێزانی دادەندرێت لێرەوە ئەوەی مافی بڕیاردانی هەیە تەنیا پیاوە، زۆر ئەستەمە بۆ ئافرەت لە كۆمەڵگەیەكی ئاوادا كە تەواو گەمارۆدراوە بزانێ لە رووی ئابووری و سیاسی و جڤاكییەوە چی لە دەوروبەری روودەدات.
* بەڕای ئێوە بەراوردی رەوشی ژنانی رۆژهەڵات بە ژیانی رۆژئاوا تا چەند بەراوردكردنێكی مەنتیقی و عەقڵانییە؟
- بەڕەهایی دەڵێم بەراوردكردێكی نا دروست و نامەنتقییە، چونكە بەم شێوەیە ئێمە دەمانەوێت هەڵسەنگاندنی لە نێوان قۆناغێكی مێژووی هاوچەرخ(رۆژئاوا) لەگەڵ قۆناغێكی بەسەرچوو كە قۆناغی كۆیلایەتییە(رۆژهەڵات) بكەین، ئێمەی رۆژهەڵاتی بمانەوێ و نەمانەوێ بە بەهاو ترادسیۆنی سەدەكان ناوەڕاست دەژین ئەگەر چی لە رووی زەمەینیەوە لەسەدەیەكی نوێی هاوچەرخداین.
* زۆر لە بزاڤە فیمینیستییەكانی رۆژهەڵات وایدەبینن كە ئازادی و سەرفرازی ژنان لە یەكسانبوونیان دایە بە پیاوان، پێت وا نییە پیاوی رۆژهەڵاتیش بەشێوەیەك لە شێوەكان چەوساوەیە و خاوەن بڕیار و ئازادی نییە؟
- جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: (بیرو ژیان بێ ئازادی وەك لاشەی بێ رۆح وان، ئازادیش بێ بیر وەك رۆحێكی لەرزۆك وایە، ژیان و ئازادی و بیر، سێ كیانێكن لەو خودە ئەزدەلییەی كە هەرگیز لە ناو ناچێ) من ئینكاری ئەوە ناكەم كە نێر و مێ هەر یەكەیان دوو جەمسەری جیاوازن لە یەكتری وەك سالیب و موجەب وان و بێ ئەوان ، ژیان بەردەوام نابێ، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ كە مەسەلەی ئازادبوونی ئافرەت مەسەلەیەكی ئینسانی گشتییە، چونكە تەنیا پەیوەستیكۆمەڵ نییە بەشێكە ژیانی هەر هەموو كۆمەڵگە، لێرەدا من دەپرسم ئایا یەكسانی تەنیا ناونشانی ئازادی ئافرەتانە؟ ئایا ئەوان تاكوێ تەنیا بە ئازادی رازی دەبن و چ ئازادییەكیش؟ من دەڵێم ژنان پێش ئەوەی دیلی و بەندەی دەستی پیاوان بن دیلی نەفسی خۆیانن، پیاو ركابەری سەرەكی ئەوان نییە بەڵكو ركابەری ئەوان كەمتەرخەمی كردنیانە لەوەی كە یەكسان بن بە خودی خۆیان، ناخۆشی و نەهامەتییە كۆمەڵایەتییەكانی ژنان بێ ئەندازەن ، ئەركی پیاوانە هاریكاریان بكەن، دەست لە ناو دەست رووە و ژیانێكی لایەقتر هەنگاو بنێن.
* هەندێ لەو ئافرەتانەی لە كوردستان رەوویان كردووە و لە ئەوروپا گیرساونەتەوە لەگەڵ خۆیاندا زۆرێك لەو ناخۆشی و دەردە كۆمەڵایەتییانەیان گواستەوە كە لەوڵاتی خۆیان پێوەی دەتلانەوە، بەڕای تۆ كاتێك بەر یەكەوتن لە نێوان عادات و تەقالیدی ئەوان و رۆژئاوادا دروست دەبێ چی روودەدات؟
كۆمەڵگەی رۆژئاوای چۆن لەو مژارە دەڕوانێ؟ روانینی ئەوان لەم رووەوە تا چەند ئینسانیانەیە؟
- ئافرەت لە هەر شوێن و زەمانێك بێ هەوڵ دەدات كۆت و بەندەكانی ژیان بپچڕێنێ، لە رۆژئاوادا تەنیا ئافرەتان نین كە عادات و تەقالیدەكانیان بەر تەقالیدی ئەوان دەكەون، پیاوانیش هاوشێوەی ژنان تووشی بەریەك كەوتن دەبن لە هزری مندا شەرەفی پیاو و ئافرەت واتە راستگۆیی، بێ راستگۆیی مرۆڤ هیچ ئەرزش و كەڕامەتێكی نییە، نەبوونی خۆشەویستی لە ژیانی مرۆڤدا سەرچاوەی بەشێكی زۆر لە نەخۆشییە دەروونییەكانە، چەمكی خۆشەویستیش گرێدراوی یەكسانی و داد پەروەری راستگۆی و ئازادییە، پێویستە مرۆڤ بە ئازادی گوزارشت لە هزر و دیدگاكانی بكات، ئەو ئافرەتەی وڵاتەكەی خۆی جێهێشتووە و لە رۆژئاوا گیرساوەتەوە زۆر خێرا لەگەڵ نوێگەرایی دەگونجێنێ، لە رووی عەقڵ و جوانی بیركردنەوە دا هیچی لە ئافرەتانی رۆژئاوا كەمتر نییە، هیچ ئاریشەیەك نییە گەر ئافرەتی ئێمە تێگەیشتنی بۆ واقیعی كۆمەڵایەتی رۆژئاوا هەبێ بەڵام دەبێ شتەكان لە سنووری خۆیان دەرنەچن، نابێ وا تێبگەین كە ئافرەتانی ئەوێ نا هاوسەنگن و لە ئافرەتانی ئێمە ئازادترن، لەوێش كەسانێك هەن بانگەشە بۆ بە هاو بیری خۆیان دەكەن و گەر ئافرەتێكیش لە بەهای گشتی دەرچوو ئەوا وەك حاڵەتێكی ئینسانی تەماشای دەكەن، و بە دەرچوو و لادەر ناوی نابەن وەك لای خۆمان دەیبنین، نەوال سەعداوی دەڵێت:
( تەندروستی دەروونی مرۆڤ پەیوەندییەكی بەهێزی بە مەسەلەی ئازادی كۆمەڵگەوە هەیە، ئازادی بۆ دەروونی مرۆڤ وەك ئۆكسجین وایە بۆ جەستە، ئەگەر ئۆكسجین كەم بوو خوێن پیس دەبێ و جەستەش دەمرێ كەمی ئازادی واتە تێكچوونی دەروون، نەبوونی واتە مردنی دەروون، بەم شێوەیە جەستە بە دەرون و رۆحێكی مردووەوە دەگوزەرێ و تەنیا ژیانێكی بایۆلۆژییانەی هاوشێوەی زیندەوەركان دەژیەت)
* هەندێك دەڵێن مەسەلەی ئازادبوونی ئافرەتان مەسەلەیەكی شمولی و گشتگیرە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگانەوە هەیە، تۆ چۆن لە وەزەعەكە دەڕوانی؟
- بەڵێ ئەوە راستە ژنان ناتوانن یەكسانی تەواو وەدەست بێنن، گەر یەكسانی و ئازادی بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەكەیان دەسەبەر نەكرابێ، ناكرێ مەسەلەی ئازادی ژنان لە مەسەلەی ئازادبوونی كۆمەڵگە جیا بكەینەوە، زۆر جار ئافرەتان بەشەرمن و ترسنۆك و بێ ئەدا تاوانبار دەكرێن ئەمە دەرەنحامی ئەو هێڵە سوور و كۆت بەندانەیە كە لە بەردەم ئافرەت داندراون، بەڵام خۆ كەم نین ژمارەی ئەو پیاوانەی كە هاوشێوەی ژنان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ئەو كۆت و بەندانە، هەندێ لەو پیاوانەی لە بواری سیاسی یان بازرگانی فەشەل دێنن بەناچاری خۆیان دەخزێننە ئەو كارانەی كەبە كاری ئافرەتان ناو دەبرێت، سەر باری هەموو ئەوانەش هێشتا هەر وەزع و پێگەی پیاوان بەرچاو و بەهێزترە، باشترین رێگە چارە بۆ دەربازبوونی لەو ئاریشەیە، خەبات و بەردەوام بوونە لە شۆڕشكردن نەك خۆبەدەستەوەدان و قبوڵكردنی ئەمری واقیع، ژنان بە چوونە دەرەوە لە ماڵ و كاركردن دەتوانن یەكسانی و ئازادی بەدەست بێنن، كاركردن كاریگەرترین میكانیزمە بۆ دەرچوون لەو تونێلە تاریكەی تیایدا گیریان خواردووە.
* ئەمڕۆ لەكوردستان سەرباری زۆری ژمارەی ئەو رێكخراو و سەنتەرانەی داكۆكی لە مافەكانی ژنان دەكەن كەچی تراژیدیای ئافرەتان هەر بەردەوامە حاڵەتەكانی خۆ كوشتن و خۆ سووتاندن لە زیادبوون دان، ئێوە چۆن لەو ئیشكالیەتە دەڕوانن؟
- بەبۆچوونی من پێكهاتەی خێڵەكی كۆمەڵگەی كوردەواری هێجگار كاریگەرە، بەتایبەت لەو ناوچانەی گۆشكراوی رۆشنبیری خێل و مەزهەبن، یان ئەو شوێنانەی رێگرن لە بەردەم فێربوون و خوێندەواری ژنان، نەزانی و نەخوێندەواری ئافرەتان هان دەدەن پەنا بۆ خۆ كوشتن ببەن، خۆكوشتن و خۆ سووتاندن باشترین گوزارشتن بۆ ئەو زوڵم و زۆردارییەی دەرهەق بە ژنان پەیڕەو دەكرێ، ئەوە رووی راستەقیینەی ژیان ژنانی كوردستانی دەردەخات.

گوڵان

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net