.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه















لەنێو فایلەكانی دادگاوە
پێنج ساڵ بوو مردبوو..
نەشیزانیبوو!
دەڵێن هەندێ مرۆڤ تەماحێكی پیسی هەیە، ئەو چەشنە مرۆڤە هەر كە تەماح گرتی، چاو لە زۆر شت دەپۆشێ و هەندێكجار لە هیچ شتێكیش ناگەڕێتەوە، وا رێكدەكەوێ نزیكترین كەسی خۆی بمرێنێت، جا چ بۆ دەستگرتن بەسەرماڵ و سەروەت بێ یانیش بەدەستهێنانی ماڵ و سەروەتی دیكە... هەرچۆنێ بێ ئەم رووداوەش كە لێرەدا دەیگێڕینەوە رووداوێكی راستەقینە و حەقیقییە و یەكێك بووە لە نێو فایلەكانی دادگا، كە بەڕاستیش رادەی تەماحی هەندێك چەشنە مرۆڤمان پیشان دەدات كە رەفتاری سەیریان كردووە، كورتەی رووداوەكە ئەوەیە پیاوێك لە ناو گرانی و بێكاری روو لە وڵاتی ئێران دەكات تا بتوانێ بەكاركردن لەوێ، خێزان و منداڵەكانی لێرە بژێنێت، كەچی كابرا لەولا خەریكی كاركردنە ژنەكەشی دوای چەند ساڵێك لە كوردستان دەیمرێنێت، كە دەگەڕێتەوە ساڵێك ئینجا دەزانێ خۆی مردووە.
كۆچكردن و ئاوارەبوون لە پێناو بەخێوكردنی خێزانەكەی
ساڵانێك بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە میللەتی ئێمە بەدەست نەبوونی و گرانی و بێكارییەوە دەیناڵاند، زۆر كەس بۆ كاركردن رووی لە ئێران و توركیا دەكرد و لەوێ قورسترین كار و كاسبیان دەكرد هەر بۆ ئەوەی لوقمە نانێكی بەسەربەرزی دەرخواردی ماڵ و منداڵەكانیان بدەن و نەبوونی ناچاری هەندێك شتیان نەكات.(عەدنان)یش بەدەردی ئەو خەڵكە كە زانی لێرە كاروكاسبییەك نەماوە بیكات، بە خێزانەكەی خۆی كە ناوی(گوڵاڵە)بوو، گوت:(دەزانی وەزع بەمشێوەیە هەڵناسووڕێ، چ ئیشێك نییە خۆی پێ خەریك بكەم، ئەوە چەند دەبێ كە خەریكی گەڕانم بەدوای كارێك كەچی هیچم بەدەست ناكەوێ، كرێی خانووش لەولاوە بووەستێ، دەمێكە بیرم لەوە كردۆتەوە بڕۆمە ئێران لەوێ كارێك بكەم و بەهۆیەوە بتوانم بەخێوتان بكەم و كرێی خانووەكەش بدەم...)
ژنەكەشی زۆری پێیخۆش بوو، گوتی: ئەرێ وەڵڵا زۆر باشە، بەڵكو بتوانین خۆمان كۆبكەینەوە و تۆزێك بێینەوە سەرەخۆ، منداڵەكانم(كەسێ بوون) تەواو شپرزە و رەنگ زەرد و لەڕولاواز بووینە، بڕۆ بەڵكو دەروویەكی خێرمان بۆ دەكرێتەوە و ئێمەش لەناو ئەو برسێتییە دەربازمان دەبێت..).
(عەدنان) دوای سێ چوار رۆژ خۆی گەیاندە ئێران و بەهۆی برادەر و ناسیاوییەوە لەخانوویەكی بچكۆلە كە لەگەڵ سێ چوار برادەر پێكەوەیان گرت، خۆی بینییەوە، لەوێ برادەرەكانی كاری سێوڕنینیان بۆ دۆزییەوە، كابرا ملی لە سێوڕنین ناو و دەستی بە ئیشكردن كرد،(عەدنان) كە گەیشتە ئێران لە هەڕەتی (30)ساڵی تەمەنیدا بوو، كابرایەكی تێكسمڕاوی دەست وبازوو ئەستوور بوو، لەش سووكی چالاك و ئیشكەربوو، ئەو سیفەتانەی لە ئیشكردندا زۆری هاوكاری كرد كابرای خاوەن ئیش(ئەربابەكە) زۆری بەدڵ بوو، جارجارە بڕە پارەیەكی زێتری دەدایە و هێندەی دیكە هانی دەداو گوڕوتینی پێدەدا، نزیكەی مانگێكی رەبەق بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە ئیشی دەكرد، لەو ماوەیەدا چی كۆكردبۆوە و بەدەستی هێنابوو، بڕێكی زۆر كەمی لێ دەرچێ، هەمووی بە برادەرێكی نزیكی خۆی بۆ ماڵەوە ناردەوە، برادەرەكانی ئامۆژگاریان كرد كە ئەوەی بۆخۆی گێڕاویتەوە زۆر كەمە و هەق نییە وا خۆی بێ بەش و فەرامۆش بكات، خۆشی بای هێندە هەقی هەیە تۆزێك ببوژێتەوە و پۆشتە ببێتەوە، بەڵام( عەدنان) گوێی پێنەدان و گوتی ئەوان موحتاجترن.
ئەمجارە نزیكەی حەوت هەشت مانگێك كە ئیشی دەكرد نیوەی دەستمایەكەی بۆ ژن و منداڵەكانی دەناردەوە و نیوەكەی تری دەگێڕایەوە لای خۆی بۆ ئەوەی تەنیا بای خەرجی و كرێی خانوویان بۆ بنێرێتەوە و لە خەیاڵی خۆیدا ئەوەی كە دەیگێڕایەوە، چاوەڕێی دەكرد تا زۆر بێ و پارەی خانوویەكی لێ دەربچێ و ئینجا بۆ ژنەكەی بنێرێتەوە، بەهەرحاڵ دوای سێ چوار ساڵ بڕە پارەیەكی باشی بە كاركردن كۆكردەوە و ئەوجارە هەمووی بەیەكجاری بۆ ناردنەوە و هەواڵیشی بۆ ناردبوون ژنەكەی خانوویەكی پێ بكڕێ، لەولاشەوە ژنە بە تێروتەسەلی وەكو شا دەژیا، كابرای مێردی ئەوەندەی بۆ دەناردنەوە كە بەتێری بژین... پێنج ساڵ بەسەر مانەوەی(عەدنان) لە ئێراندا رەتبووبوو، رۆژێك بەهۆی ناسیاوێكییەوە هەواڵی ئەوەی بۆ نێردرا كە گەوایە ژنەكەی تەڵاقی داوە و(عەدنان)لەو قسەیە سەری سوڕما، باشە بووە ژن مێردی خۆی تەڵاق بدات!! ئەوە یەكەمجارە شتی وا ببیستێ، غەم دایگرت و نەیدەزانی باوەڕ بەو هەواڵە بكات یان نەء، هەواڵی بۆ ژنەكەی نارد، ژنەش دیسان هەمان قسەی بۆ ناردبۆوە و پێشی گوتبوو ئیدی چ هەواڵانم بۆ نەنێرێ وا من مێردیشم كردۆتەوە و بەینی من و ئەو یەكجارەكی كۆتایی پێهاتووە، كابرا با دانیشێ فرمێسكان بڕژێنێ.... برادەرەكانی دڵیان دەدایەوە و بڕێك هێز و تینیان دەدایە، بەڵام ئەو وەها نەڕووخابوو جارێكی تر قیت بێتەوە، هاتە سەر ئەو بڕوایەی كە ئیتر هەر بەیەكجاری لەوێ لە غەریبایەتی بمێنێتەوە و نەچێتەوە، بە برادەرەكانی گوت: تازە بچمەوە كوێ، خانمی ژنم تەڵاقیشی دام و مێردیشی كردەوە و جارێ من وا هەر لێرەشم و دەستم بەهیچ ناگات، ناوەڵڵا هەر نەچمەوە بە یەكجاری باشترە.
دوای چوار ساڵی تر گەڕایەوە
(عەدنان) پێشتر پارەی ئیشكردنی بۆ ماڵ و منداڵی دەناردەوە، لە خۆی دەپرسی ئێستا بۆ كێی بنێرێتەوە، بۆیە ئیتر لەمەودوا بۆ خۆی و لای خۆی گلی دەدایەوە و ناوە ناوەش یارمەتییەكی ماڵی باوكی دەدا، هەرچەندە ئەوان پێویستیان پێی نەبوو، (عەدنان) چوار ساڵی تر بە غەریبی و بێكەسی لە ئاوارەییدا ژیا و خەریكی كاروكاسبی بوو، ئاخیرییەكەی چیتر بەرگەی ئاوارەیی نەگرت و بڕیاریدا بگەڕێتەوە، هاتەوە و چۆوە ماڵی باوكی، لەو ماوەیە زۆری هەوڵیدا ژنەكەی ببینێتەوە، كەچی ژنە خۆی بەدەستەوە نەدەدا، دوای ساڵێك لە هاتنەوەی باوكی(عەدنان)كۆچی دوایی دەكات باوكی (عەدنان) لەبەر ئەوەی هەندێك موڵك و ماڵی دەبێ، دایكی پێی دەڵێ كوڕم دەبڕۆ وەفاتنامەكەی بۆ دەربێنە لەگەڵ دابەشنامەی شەرعی(قسام شةرعي). (عەدنان) خەریكی دەرهێنانی ئەو دوو بەڵگەنامەیە دەبێ، یەكەمجار وەفاتنامەكە دەردێنێ كە دەگاتە دەرهێنانی دابەشنامەی شەرعی تووشی حەپەسان دەبێ.
دوای پێنج ساڵان بە مراندنی ئینجا بۆی ئاشكرا دەبێ
بەرپرسی كاروباری كارگێڕی و دابەشنامەی شەرعی لەدەنگە دەنگی بەدەنگێكی نێوان فەرمانبەرەكەی و هاووڵاتییەك سەری سووڕدەمێنێ و ژوورەكەی خۆی بەجێدێڵێ و دێتە ئەو ژوورەی كە فەرمانبەرەكەی لێیە كە لە تەنیشت ژووری خۆی بوو، كە چووە ژوورەوە دەبینێ كابرا دەڵێ: كاكە ئەتۆ وا نامبینی زیندووم، خۆ شێت نەبوویمە فەرموو ئەوەش ناسنامە و رەگەزنامەم، ئەوا هەناسەش دەدەم و لە پێشت قسە دەكەم و وەڵامی پرسیارەكانیشت دەدەمەوە، ئیتر مردنی چی... بەرپرسەكەش دێتە پێشەوە و لە فەرمانبەرەكە دەپرسێ كێشەی ئەو برایە چییە؟ ئەویش دەڵێ: ئەو كابرایە هاتووە دابەشنامەی شەرعی دەربێنێ و دەڵێم ناوی كوڕەكانی باوكت بڵێ، ناوی یەكێكیانی گوتووە كە (عەدنان)ە و مردووە، كەچی دەڵێ من (عەدنان)م و نەمردووم، ئێوە بۆچی منتان مراندووە، بەرپرسەكەش بە (عەدنان)ی گوت: كاكە وەرە دانیشە و تۆزێك هێمن بەرەوە، ئێستا نووسراوێكت بۆ دەكەین بۆ فەرمانگەی باری شارستانی و بڕۆ لەوێ وێنەی تۆماری خێزانی خۆتمان بۆ بێنە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی مردوویی یان لێرە سەهومان كردیە.. نووسراوی بۆ دەكەن و ئەویش دەیباتە شوێنی مەبەست و هەر هەمان رۆژ بۆیان دەگەڕێنێتەوە و دەیداتە دەست فەرمانبەرەكە، ئەویش كە تەماشای دەكات پێی دەڵێ: كاكە وەڵڵا ئەتو مردووی، ئەوەش رێكەوت و مێژووی مردنتە.
ئەوەی كە تۆشی مراندووە خێزانەكەت بووە و وێنەی ئەو وەفاتنامەشی لێ داوا كردووین و ئێمەش پێمان داوە و وێنەكانی لێ بردۆتە یەك دوو فەرمانگە، مووچەشی پێ وەردەگرێ و نازانم چیتریشی پێ وەرگرتووە، وا باشترە بەخۆت بەدوایدا بچی و بزانی بۆچی بووە و چی كردووە.
لەبەردەم دادگادا
دوای هەفتەیەكە دوان،( عەدنان) نووسراوێكی بە عەرزوحاڵنووسێك نووسی و بردیە لای دادوەر و دادوەریش كە خوێندیەوە سەری هەڵبڕی و تۆزێك لە نووسراوەكە و كابرا راما: شتێكی سەیر و غەریبە، پێنج ساڵە مردوویی و نەشتزانیوە، بۆچی خۆت باسەكەی خۆتم بە زارەكی پێناڵێی پێش ئەوەی ئیمزا لەسەر نووسراوەكەت بكەم، (عەدنان)یش گوتی: باشە جەنابی حاكم با بە كورتی چیرۆكی خۆمت بۆ بگێڕمەوە كە پێش ئەوەی جەنابت سەیرت پێ بێ، خۆم سەیرم پێهاتووە، من جارێ كە ئەو نووسراوەم داوە بە بەڕێزیان پێش هەموو شتێ دەمەوێ بە فەرمی و لەڕێی دادگاوە زیندوو بكرێمەوە، چونكە من وا ساڵێك دەبێ كە گەڕاومەتەوە كەچی هەمووی (10)رۆژێكە زانیومە پێنج ساڵ دەبێ مردوومە و نەشمزانییە، نزیكەی (8)ساڵێك دەبێ بۆ كاركردن و بەخێوكردنی ماڵ و منداڵم ئاوارەبووم، پێنج ساڵ بەسەر مانەوەم لە ئاوارەیدا رەتبوو، ژنەكەم هەواڵی بۆ ناردم كە تەڵاقی داوم، یان با بڵێین تەڵاقی خۆی وەرگرتووە و وازی لێهێناوم، منیش چوارساڵی تر مامەوە و ئاخیرییەكەی بڕیارمدا بگەڕێمەوە، نزیكەی ساڵێك دەبێ وا گەڕاومەتەوە كەچی ئەوە چەند رۆژێكە زانیومە كە من پێنج ساڵە مراندراوم، دوای ئەوەی لە مەسەلەكەم كۆڵیەوە بۆم دەركەوتووە ژنەكەم تەڵاقی وەرنەگرتووە لەدادگا و، ئێستاش هەر ژنی منە و و مێردیشی كردۆتەوە، ئەوەندە پارەیەش كە كۆم كردبۆوە و گوتبووم خانووی پێبكڕە هەمووی خواردووە لەگەڵ كاكی مێردی، واتە من جگە لە خۆی مێردیشم بەخێوكردووە و بەخۆشم نەزانیوە، منداڵەكانیشی لایە و ئێستا هەر ناشمناسنەوە كابرای مێردی خۆی كردۆتە باوكیان و ئەوانیش كە بەجێمهێشتن زۆر بچووك بوون فامیان نەدەكرد هەر ئەو بە باوكی خۆیان دەزانن، خانم كردوومیەتە نازانم چی و مووچەشم پێ وەردەگرێ و ئەوە چەندین ساڵە مووچەكە وەردەگرێ، هەر بەو جۆرەش زەوی وەرگرتووە و ئەوانەشی بەناوی خۆی كردووە، ئێستا بۆم دەركەوتووە كە ئەو ژنە چ فێڵێكی لێكردووم و چۆن لە خشتەی بردووم و بەخۆشم نەزانیوە، بۆیە وا هاتووم دەیسەلمێنم كە زیندووم و نەمردووم، هەمیش هەقی خۆم لەو ژنە دەكەمەوە و هەرچیم هەبووە هەمووی لێدەستێنمەوە و دەشمەوێ بزانم كابرای مێردی چۆن خواستوویەتی كە جارێ هێشتا هەر لە ژێر نیكاحی من دایە...
قسەكانی تەواوكرد، دادوەرەكە ئیمزایەكی بۆ لەسەر نووسراوەكەی كردو و پێی گوت كە دەبێ بەڵگە بۆ قسەكانی بێنێتەوە، ئەگینا هەر وەك قسەی ئاسایی لێی وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر سەلماندی دیارە یاسا هەقەكانی بۆ وەردەگرێتەوە و فێڵبازیش سزای خۆی وەردەگرێ.
sc gwlan

لهسهر هێڵ نییه