❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / **** هۆكاره‌ په‌شێوییه‌كان ده‌روونییه‌كان ****

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-07-12 23:50:57

✿AsiNat✿
فریشته‌ی ناز
Kurdistan
شوێن: ❤سلــێـمانـی❤
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-07-06
دواترین سه‌ردان: 2013-08-11
په‌یامه‌كان: 1559
WindowsXPMSIE7

**** هۆكاره‌ په‌شێوییه‌كان ده‌روونییه‌كان ****

نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان به‌ شێكی گرنگی زانستی نه‌خۆشی پێك دێنن ، له‌ رۆژگاری ئه‌مرۆدا گرنگی به‌رچاویان هه‌یه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن ،  هه‌ندێ سه‌رژمێری باس له‌ نزیكه‌ی 10% دانیشتوان و هه‌ندێكی تر باس له‌ 30% دانیشتوان ده‌كات .

گومانی له‌وه‌دا نییه‌ هۆكاری سه‌رجه‌م نه‌خۆشییه‌كان یه‌ك نییه‌ و تاكه‌ تیۆرێك ناتوانێت راڤه‌ی‌ سه‌رجه‌م نه‌خۆشیه‌كان بكات، بۆیه‌ زیاتر له‌ كۆمه‌ڵه‌ هۆكارێك باس ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین  هۆكاره‌كان بكه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌:

یه‌كه‌م : هۆكاری ناوه‌كی ( بۆماوه‌ و پێك هاته‌ی له‌ش و كه‌سێتی..... )

دووه‌م: هۆكالای ده‌ره‌كی ( گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ........)

به‌پێی سه‌رچاوه‌ نوێكان هۆكاره‌كان پۆڵێن ده‌كرێن بۆ سێ كۆمه‌ڵه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی:

1- هۆكاری ئاماده‌باشی: بریتییه‌ له‌و هۆكارانه‌ی له‌ خودی تاكدا هه‌ن و وای لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ری توشبوونی به‌ نه‌حۆشی زۆرتر بێت وه‌ك له‌ كه‌سانی تر.

* بۆماوه‌ :

رۆڵی‌ ئاشكرای هه‌یه‌ له‌زۆربه‌ی‌ یان سه‌رجه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كاندا بۆ نمونه‌ رێژه‌ی توشبوون به‌ نه‌خۆشی سكیتزۆفرینیا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی نزیكه‌ی( 0,8% – 1%) ده‌بێ‌ له‌گه‌ڵ برێك جیاوازی له‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی تر به‌ڵام گه‌ر یه‌كێ‌ له‌ باوان ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ بوو ئه‌گه‌ری توشبوونی منداڵه‌كانی به‌ پێی هه‌ندێ‌ توێژینه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ (11%) خۆ گه‌ر هه‌ردوو باوان هه‌مان حاڵه‌تیان هه‌بوو گریمانه‌كه‌ بۆ نزیكه‌ی (36%) به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر دووانه‌ كراون هه‌مان ڕاستی ده‌رده‌خه‌ن به‌وه‌ی له‌ دووانه‌ی خاوه‌ن یه‌ك هێلكه‌ ئه‌گه‌ری توشبوون نزیكه‌ی (50%) و له‌دوانه‌ی دوو هێلكه‌دا نزیكه‌ی (10%) ده‌بێت .

له‌ حاله‌تی خه‌مۆكیدا هه‌مان ده‌رئه‌نجام به‌ده‌ست كه‌وتووه‌ به‌ پێی لێكۆلینه‌وه‌كانی (ماك گوفین و هاوه‌ڵه‌كانی) ، په‌شێوی‌ مه‌زاجی یه‌ك جه‌مسه‌ری له‌ دووانه‌ی یه‌ك هێلكه‌دا نزیكه‌ی ( 46%) له‌ دووانه‌ی دووهێلكه‌دا نزیكه‌ی ( 20%) ده‌بێت. به‌ پێی توێژینه‌وه‌كانی (سانده‌رو هاوه‌ڵه‌كانی) په‌شێوی‌ مه‌زاجی دووجه‌مسه‌ری له‌دووانه‌ی یه‌ك هێلكه‌دا سێ‌ هێنده‌ی دووانه‌ی دووهێلكه‌ ده‌بێت .[ واته‌ گه‌ر یه‌كێك له‌ دووانه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی هه‌بێ‌ ئه‌گه‌ری توشبوونی دووه‌میان به‌و رێژانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت]



* پێك هاته‌ی له‌ش :

تێبینی كراوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێك هاته‌ی له‌شیان باریك و درێژه‌ زیاتر ئه‌گه‌ری توشبونیان هه‌یه‌ به‌ سكیتزۆفرینیا و ئه‌وانه‌ی قه‌ڵه‌و وكورتن زیاتر توشی په‌شێوی‌ مه‌زاج ده‌بن(خه‌مۆكی –شادی) .



* گۆڕان له‌ قه‌باره‌ی مێشك و هه‌ندێ‌ به‌شی مێشك:

به‌هۆی به‌كارهێنانی وێنه‌ی كۆمپیوته‌ری و وێنه‌ی ره‌نینی موگناتیسی و ئه‌و پشكنینانه‌ی بۆ كاروچالاكی مێشك ده‌كرێ‌ وای ده‌رده‌خات زیاتر له‌ گۆڕانێك هه‌یه‌ له‌ پێكهاته‌و قه‌باره‌ و ڕه‌نگ و چالاكی مێشك . ئه‌و پشكنینانه‌ی بۆ مێشكی نه‌خۆشه‌كان كراوه‌ پاش مردنیان ئه‌م ڕاستیانه‌ ده‌سه‌لمینێ‌. .ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ په‌یوه‌ندار نییه‌ به‌ماوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌.



* گۆڕان له‌ ئاستی وه‌رگره‌كان:

له‌مێشكی مرۆڤدا گه‌لێك وه‌رگر هه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌یان فرمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و گۆڕانكاری له‌ ژماره‌و چالاكی هه‌ریه‌كه‌یان كاریگه‌ری ئاشكرای هه‌یه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێ‌ نیشانه‌و نه‌خۆشی . بۆ نمونه‌ زۆربوونی ژماره‌ و چالاكی وه‌رگره‌گانی دۆپامین و سیرۆتۆنین رۆلی ئاشكرای هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشی سكیتزۆفرینیا ، له‌ نه‌خۆشی خه‌مۆكیدا حاله‌ته‌ پێچه‌وانه‌ده‌بێته‌وه‌ . هه‌روه‌ها دابه‌رزینی ئاستی 5- هایدرۆكسی ئندۆل ئه‌سیدیك ئه‌سید له‌ شله‌ی‌ دركه‌په‌تكدا ئه‌گه‌ری توندوتیژی‌ زیاتر ده‌كات.



* كه‌سێتی (كه‌سایه‌تی):

هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێمه‌ خاوه‌ن جۆره‌ كه‌سێتییه‌كی تایبه‌ته‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵیكیش كه‌سایه‌تییه‌كی ئاسایی (نۆرمال) یان هه‌یه‌ نزیكه‌ی له‌ (15%) خه‌ڵكی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی نائاساین . بۆ نمونه‌ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی  هستیرین زیاتر ئه‌گه‌ری توشبونیان هه‌یه‌ به‌ نه‌خۆشی هستریا و كه‌سێتی سكیزۆید  زیاتر توشی  سكیتزۆفرینیا ده‌بن ، بیرمان نه‌چێ‌ له‌ تاكه‌ كه‌سێكدا ده‌شێ‌ خه‌سله‌تی زیاتر له‌ كه‌سێتیه‌كی هه‌بێ‌ ...



2- ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی پێش سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه‌ رووده‌ده‌ن: بریتییه‌ له‌و هۆكارانه‌ی پێش سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ماوه‌یه‌ك رووده‌ده‌ن ، گرنگترینی ئه‌و هۆكارانه‌ش :

* گۆڕانكاری فیزیایی :

وه‌كو به‌كارهێنانی ده‌رمان ( زیاتر له‌ ده‌رمانێك هه‌یه‌ ده‌شێ ببێته‌ هۆی وه‌ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێ‌ نیشانه‌ یان ته‌نانه‌ت نه‌خۆشی ده‌روونی یه‌كێك له‌و ده‌رمانانه‌ كه‌به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌لایه‌ن مێینه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێ به‌مه‌به‌ستی خۆ قه‌له‌و كردن حه‌بی دیكسامیسازۆنه‌ هه‌ندێ‌ جار ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی حاله‌تی سایكۆسس وئه‌م حاله‌ته‌ش په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ بڕی ماده‌ی به‌كارهاتوو واته‌ ده‌شێ‌ برێكی كه‌م ئه‌م حاله‌ته‌ دروست بكات ) . به‌ركه‌وتن به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی برینداری سه‌ر كه‌ خوێن به‌ربوونی ناوكاسه‌ی سه‌ر و بورانه‌وه‌و شت بیرچونه‌وه‌ لێوه‌ په‌یداببێ‌ .

سه‌رهه‌ڵدانی  هه‌ندێ‌ نه‌خۆشی ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ وه‌ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێ‌ نیشانه‌ یان ته‌نانه‌ت نه‌خۆشی ده‌روونی ، وه‌كو نه‌خۆشییه‌ درێژ خایه‌نه‌كان(به‌رزی‌ فشاری خوێن، شه‌كره‌ ....... ) یان هه‌ندێ‌ حاله‌ت كه‌ چاره‌سه‌ری نییه‌ یان به‌ زه‌حمه‌ت چاره‌سه‌رده‌كرێ‌ (برینه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ په‌له‌كان به‌ هۆی روداوه‌وه‌ یان به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ ، شێرپه‌نجه‌) ده‌بێته‌ گۆڕانكاری له‌ مه‌زاجی تاك و توشی خه‌مۆكی یا دڵه‌راوكێ‌ یا هه‌ندێ حاله‌تی تری ده‌كات .

به‌كارهێنانی هه‌ندێ‌ ماده‌ وه‌كو ئه‌لكحول (یه‌كێكه‌ له‌ پێكهاته‌كانی مه‌ی) و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌بێته‌ هه‌نده‌ر بۆ زیاتر توشبون به‌ خه‌مۆكی و دڵه‌راوكی ،له‌ كاتێكدا هه‌ندێ‌ كه‌س به‌كاریدێنن بۆ رزگاربوون له‌ خه‌مۆكی !!



* گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری:

وه‌كو له‌ده‌ست دانی یه‌كێك یا زیاتر له‌ ئه‌ندامانی خێزان یا هاورێیه‌ك ، جیابونه‌وه‌، ته‌ڵاقدان هه‌ریه‌كه‌یان كاریگه‌ری ئاشكرای خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی تاك . هه‌روه‌ها له‌ده‌ست دانی سه‌روه‌ت و سامان و كار و پیشه‌ هه‌مان كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌  .....هتد

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ‌ گۆڕانكاری خێرای باری ئابووری كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ كاتێك گۆڕان به‌ره‌و دابه‌زینی ئاستی ژیان بێت وه‌ تێبینی كراوه‌ كاریگه‌ری ئه‌م گۆڕانه‌ زیاتره‌ له‌وه‌ی تاك له‌ئاستی نزمدا بژی (واته‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان له‌و كه‌سانه‌ی گۆڕانی خێرایان به‌سه‌ر دێ‌ زیاتره‌ وه‌ك له‌وانه‌ی له‌ ئاستێكی نزمی ئابوریدا ده‌ژین ) هه‌روه‌ها هه‌ڵكشان به‌ره‌و ئاستی به‌رزیش كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌.



*زه‌بری ده‌روونی:

زه‌بری ده‌روونی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ‌ دووچاربوون یا بینین یا بیستنی دیمه‌نی ترسناك یا ناچاركردن بۆ به‌شداری له‌و كرده‌وانه‌دا ده‌بێته‌ هۆی زیاتر سه‌ردانی‌ په‌شێویه‌ ده‌رونیه‌كان وه‌كو خه‌مۆكی‌ و دڵه‌راوكێ‌ و زه‌بری (هدمه‌ی‌) ده‌رونی‌ پاش فشار و  خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌رمان و په‌نابردنه‌ به‌ر ئه‌لكحول و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.ئه‌گه‌ری ئه‌م په‌شێویانه‌ به‌پێ جۆر و ماوه‌ی‌ زه‌بره‌كه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی‌ تاك ده‌گۆرێ.



* هۆكاری رۆشنبیری :

له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی به‌ره‌و رووی زیاتر له‌ رۆشنبیریه‌ك ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌ی گه‌ر له‌گه‌ڵ بنه‌ما مه‌عریفی و كه‌لتوریه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا جیاوازبێت ئه‌وا ریّژه‌و ژماره‌ی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان زیاتر ده‌بێ‌ به‌تایبه‌تی كاتێك تاك توشی پاشاگه‌ردانی ده‌بێ‌ وئاسۆی‌ ئاینده‌ی لاروون نییه‌ و ده‌بێته‌ خاوه‌ن كۆمه‌ڵه‌ رۆشنبیره‌كی ناته‌واو و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ دیدو بۆچوون وه‌رده‌گرێ‌ هیچیان تونێتی مه‌عریفی ناشكێنێ ، زۆرجار به‌دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ كارده‌كه‌ن و تاك توشی كێشمه‌كێش و ته‌نگژه‌ی ده‌روونی ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه‌ باشترین نمونه‌ی‌ ئه‌م حاله‌ته‌ ئه‌و وولاتانه‌ بێت كه‌له‌لایه‌ن وولاتێكی‌ تره‌وه‌ داگیرده‌كرێ یان رزگارده‌كرێ خاوه‌ن كه‌لتورو رۆشنبیریه‌كی‌ جیاوازه‌ تاكه‌كانی‌ ئه‌و وولاته‌ زیاتر توشی په‌شێویه‌ ده‌رونیه‌كان ده‌بن بێگومان بیرمان نه‌چێ له‌ هه‌مان كاتدا هۆكاری تریش هه‌یه‌ وه‌كو توندوتیژی‌ و كوژران و برینداربوون و له‌ ده‌ستدان كه‌ هه‌مووی‌ له‌ كاتی‌ جه‌نگی‌ رزگاریدا یان داگیركاریدا رووده‌دات.



* كۆچ و نامۆبوون:

ئه‌و لێكۆلینه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كراون كه‌ كۆچیان كردووه‌ وای ده‌رده‌خات رێژه‌ی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان چه‌ند هێنده‌ له‌ كۆچ كردوه‌كاندا. له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا له‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی نه‌رویج كه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ ولاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وای ده‌رده‌خات رێژه‌ی توشبون به‌ سكیتزۆفرینیا دوو هێنده‌ی دانیشتوانی نه‌رویجه‌. هه‌روه‌ها كۆچكردن ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی تاك ئاماده‌باشی هه‌یه‌ بۆیان .

به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی جیاوازی باری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ تاكو جیاوازی زۆر بێت ئه‌گه‌ری توشبوون زیاتره‌ ، هه‌روه‌ها ته‌مه‌نی كۆچه‌ر كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌توانای خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێدا.

بیرمان نه‌چێ تاكو تاك ماوه‌یه‌كی زیاتر بمێنێته‌وه‌ رێژه‌ی توشبوون رووله‌كه‌م بوونه‌، به‌مه‌رجێ‌ هۆكاری نوێ‌ نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌.



3- هۆكاری به‌رده‌وام بوون: بریتییه‌ له‌و هۆكارانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی به‌رده‌وامی نه‌خۆشییه‌كه‌ و هه‌ندێ‌ جار خراپتربوونی و سه‌رهه‌لدانی‌ حاله‌تی‌ نوێ.



* خودی نه‌خۆشییه‌كه‌:

هه‌ندێجار ده‌بێته‌ هۆی به‌رده‌وام بوونی‌ حاله‌ته‌كه‌ یان سه‌رنانی‌ بۆ حاله‌تێكی‌ خراپتر، بۆ نمونه‌ له‌ حاله‌تی ترس دا تاك به‌رده‌وام له‌ دیارده‌ و شته‌كان ده‌سڵه‌مێته‌وه‌ و خۆی به‌دوور ده‌گرێ‌ به‌مه‌ش كارده‌كاته‌ سه‌ر ئاستی چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی و تواناكانی‌ و دواكه‌وتنی‌ كاری رۆژانه‌ی‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ باری نه‌حۆشییه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر به‌رێت و هه‌ندێجار ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرفت و حاله‌تی‌ نوێ‌.



* خێزان و كۆمه‌ڵگه‌:

رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردن یان به‌ره‌و خراپ بردنی باری نه‌خۆش ، له‌رێی گاڵته‌ پێكردن و جیاكردنه‌وه‌ و سزادان و به‌كارهێنانی گه‌لێ‌ رێ چاره‌ی هه‌ڵه‌، زۆرجار له‌ بری سوود زیانی‌ گه‌وره‌ی بۆ نه‌خۆش هه‌یه‌و له‌بری چاك بوونه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها باره‌كه‌ خراپترده‌كا به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێ‌ حاله‌تی تر ده‌شێ‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ترسناك تر بێت.

ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر نه‌خۆشه‌و ته‌نها هۆكارێكی هه‌بێ‌ به‌ڵكو زۆرجار وارێك ده‌كه‌وێ‌ زیاتر له‌ هۆكارێك له‌ هه‌مان نه‌خۆشدا هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ كه‌سێكی توشبوو به‌ سكیتزۆفرینیا ده‌شی‌ ئاماده‌باشی بۆماوه‌یی هه‌بێ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی شیزۆیی بێت وتوشی كێشه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بووبێ‌ و به‌ هه‌رهۆیه‌ك بێت ناچاربووبێ‌ یان ناچاركرابی‌ كۆچ بكات و ڕه‌نگه‌ له‌ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتودابێت.

بۆیه‌ بوونی هۆكارێك نابێته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م بونی هۆكاری ترداو ده‌بێ‌ به‌ووردی  له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌ بكۆلینه‌وه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانیان هه‌یه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ین


  نوسه‌ر:د.افرام

Kurdzhin

❤:✿سُـــبْــحَـــانَ اللهِ وَبِــحْــــمــــدِهْ❤:✿
❤:✿سُــبْـــحَـــانَ اللهِ الــعًــظِـــيــــمْ❤:✿


http://www.kurdzhin.info/up/uploads/images/kurdzhin-92dc455286.gif

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net