❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / یادی هێمن

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-11-02 14:48:34

چالاک
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-06-17
دواترین سه‌ردان: 2013-01-28
په‌یامه‌كان: 143
WindowsFirefox

یادی هێمن

له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای چله‌کانی هه‌تاوی، ئه‌گه‌رچی گه‌لی کورد ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی ئازادی نه‌بوو بۆ چالاکی ئاشکرای سیاسی، به‌ڵام له‌ ژێر کاردانه‌وه‌ی بارودۆخی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و به‌ری سنوور، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ گشتی و له‌ موکریان بە تایبەتی باس و خواسی سیاسی و ئاگاداری له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و دیو و کۆ کردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و بلاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی بارزانی و ناردنی ده‌وا و ده‌رمان و زۆر کاری دیکه‌ له‌ ژێر ڕێبه‌رایه‌تی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان دا که‌ شەهید عەبدوڵای ئیسحاقی ( ئه‌حمه‌د ته‌وفیق) ڕێبەری دەکرد به‌ شێوه‌ی نیوه‌ ئاشکرا و نیوه‌ نهێنی هه‌ر به‌رده‌وام بوو. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ تا به‌سترانی کۆنگره‌ی دوویه‌می حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ سونێ له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی 1342ی هه‌تاوی و تا ماوه‌یه‌کیش دوای ئه‌و هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو.
له‌ شه‌وی نه‌ورۆزی ساڵی 1343 ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکرات له‌ شاره‌کانی موکریان و له‌ سنه‌ و تاران گیران و ژماره‌یه‌کی ئه‌وه‌نده‌ زیاتریش کار و ده‌رس،کاسبی و ماڵ وحاڵیان به‌جێهێشت و به‌ره‌و کوردستانی عێراق چوون.
به‌ر له‌وه‌ی له‌ هاوینی ساڵی 1342ی هه‌تاوی له‌ گه‌ڵ نه‌مر فایق ئه‌مین( سوله‌یمانی موعینی) و کۆمه‌ڵێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی که‌وم و، بۆ یەکەم جار بچم بۆ کوردستانی عێراق و، مایینێک به‌ دیاریی به‌رم بۆ ئه‌حمه‌د تۆفیق که‌ وابزانم ئه‌ویش پێشکێشی مه‌لا مسته‌فای کرد، – ئه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم وێنه‌یه‌کی مه‌لا مسته‌فا بە سواری ئه‌و ماینه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ - له‌ مه‌هاباد هێمنم زۆر ده‌دی، به‌‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وەی له‌ زستانی ساڵی 1341 دا کووره‌خانه‌ی شافیعی ته‌قییه‌وه‌ و بووه‌ هۆی مردنی سێ برای شافیعی ( یۆسف، سوله‌یمان و داود) و دوو کرێکار ( کاک عه‌زیز و مام ده‌رویش) له‌ کاتی ناشتنیان و له‌ سه‌ر قه‌بران سه‌ره‌ڕای به‌فر و سه‌رماوسۆڵ خه‌ڵکێکی زۆر به‌شدارییان کرد. له‌وێ هێمن شێعرێکی خوێنده‌وه‌. کوڕی یۆسفی شافیعی له‌ ده‌بیرستانی ئیبنی سینا له‌ گه‌ڵ من هاوکلاس بوو و ئێمه‌ شاگرد مه‌دره‌سه‌ بۆ هاوخه‌می له‌گه‌ڵ وی ده‌رسمان ته‌عتیل کرد و چووینه‌ سه‌ر قه‌بران و ته‌نانه‌ت دواتریش له‌ مزگه‌وتی سوور له‌ لایه‌ن هاوکلاسه‌کانی کوڕی یۆسفی شافیعی ڕێوڕه‌سمێک به‌ڕێوه‌چوو و له‌وێدا منیش وتارێکم پێشکێش کرد.
بیستنی ئه‌و شێعره‌ی هێمن له‌ سه‌ر قه‌بران به‌ ده‌نگی خۆی که‌ داروبه‌ردیشی وه‌گریان ده‌خست و به‌ تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ‌سوله‌یمانی شافیعی که‌ مامۆستای ده‌بیرستان بوو به‌ تێکۆشه‌رێکی حیزبی ده‌ناسرا کارێکی زۆر گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی من کرد. تا ئه‌و ده‌می له‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی دا زۆر کول بووم.
هه‌رچۆنێک بوو نووسخه‌یه‌کی ئه‌و شێعره‌م وه‌ده‌ست خست و ده‌ستم کرد به‌خوێندنه‌وه‌ و له‌ ڕوو نووسینه‌وه‌ی تا وای لێهات هه‌مووم له‌به‌ر کرد و ئێستاش دوای زیاتر له‌ 46 ساڵ به‌شێکی زۆرم هه‌ر له‌بیرماوه‌. بێ پێوه‌نان ده‌توانم بڵێم دوای ڕاهاتن له‌و شێعره‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی ڕاهاتم و به‌دوای ئه‌مه دا‌ یه‌ک له‌و که‌سانه‌ بووم ، ئه‌گه‌ر هێمن شێعرێکی تازه‌ی گوتبا،یان شێعرێکی کۆنی خۆی نووسیباوه‌ و به‌ ده‌ستخه‌ت بڵاو بووبا‌وه‌ نوسخه‌یه‌کم هه‌ر ده‌ست ده‌خست.
سه‌فه‌ری یه‌که‌مم بۆ سه‌نگه‌سه‌ر که‌ پێگه‌ی سه‌ره‌کی کاک ئه‌حمه‌د تۆفیق بوو هێنده‌ی پێنه‌چوو. وا بڕیاردرا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی هێندێک ئه‌رک و کاری حیزبی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌و دیو، که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و کاره‌کانم له‌ تاران و بورازجان ( به‌ نیوه‌ و نیوه‌چڵی ) ڕاپه‌ڕاند ئه‌وجار بڕیارم دا بۆ به‌شداری له‌ کۆنگره‌ی دووه‌مدا بچمه‌وه‌ کوردستانی عێراق و له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ گه‌ڵ هێمن سێ ده‌فته‌ری شێعره‌کانی خۆی دامێ‌ بیبه‌م بۆ ئه‌و دیو بۆ لای کاک ئه‌حمه‌د بۆ ئه‌وه‌ی مشووری چاپ کردنیان بخورێ. ‌ ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ ‌ به‌رگی چه‌رمی ڕه‌شیان هه‌بوو به‌ خه‌تێکی زۆر خۆش نووسرابوونه‌وه‌ و هێمن زۆرم له‌ به‌ر پاڕاوه‌ ئاگام لێیان بێ نه‌فه‌وتێن و ئه‌گه‌رهاتوو چاپ نه‌کران هه‌رچۆنێک بێ بیانگه‌ینمه‌وه‌ ده‌ست خۆی. له‌بیرمه‌ ده‌یگوت ئه‌وانه‌ بۆ من وه‌ک " مه‌سحه‌فی ڕه‌ش" وان _ ڕه‌نگی به‌رگه‌کانیان ڕه‌ش بوو _ بۆ من زۆر پیرۆزن، ئه‌گه‌ر له‌ نێوبچن سه‌گ و شوانی کاری ئه‌ده‌بیم دێته‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو شێعرانه‌ی له‌و ساڵانه دا‌ نووسیومن نامێنن. وابزانم هێمن بۆ مه‌حکه‌مکاری ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ کەوتبانە ده‌ست ساواک شێعرێکیشی تێدا نووسیبوو که‌ به‌ نابه‌دڵی خۆی و به‌ تۆبزی داوایان لێ کردبوو له‌ ڕێوڕه‌سمێک دا بیخوێنێته‌وه‌. ئه‌وشێعره‌ش گله‌یی و گازند بوو له‌ مه‌ڕامی کۆمۆنیستی، ئه‌گه‌ر له‌زینم دا مابێ مه‌تله‌عه‌که‌ی ئاوا ده‌ستی پێده‌کرد :" ئامۆژگارییه‌کانی لێنین درۆیه‌ " _ نه‌قڵ به‌ مه‌عنی _. به‌ڵێ ده‌فته‌ره‌کانم برد و دیاره‌ چاپ کردنیان نه‌ڕه‌خسا، به‌ ڕاستی ئێستا هۆیه‌که‌یم له‌ بیر نه‌ماوه‌ و دیاره‌ ناشمه‌وێ له‌ خۆوه‌ هۆیه‌کی بۆ داتاشم. پاش ماوه‌یه‌ک که‌ ئیدی زانیم ئه‌وه‌ ناکرێ بۆ ئه‌وه‌ی خیانه‌تم به‌ ئه‌مانه‌ت نه‌کردبێ، له‌ قه‌ڵادزێ وه‌ به‌ ده‌ستێکی ئه‌مین دا که‌ براده‌رێکی خه‌ڵکی گاگه‌ش بوو ده‌فته‌ره‌ گۆرینه‌کانم بۆ هێمن نارده‌وه‌ و زۆر خوشحاڵ بووم که‌ دوایه‌ زانیمەوە به‌ ساخ و سڵامه‌ت به‌ ده‌ستی گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌.
جگه‌ له‌و شێعره‌ی که‌ بۆ برایانی شافیعی و دوو کرێکاری کووژراوی ‌ کووره‌خانه‌ که‌ له‌به‌رم کردبوو، هه‌ر ئه‌و سه‌روبه‌ندی شێعری ئه‌خته‌ر و شێعری ڕاوچیانیشم له‌به‌ر کردبوو. له‌گه‌ڵ شێعرێکی هێمن بۆ بارزانی که‌ وابزانم تا ئێستا له‌ هیچ کوێیه‌ک چاپ نه‌کراوه‌. ئه‌و پارچه‌ شێعره‌ ئاوا ده‌ست پێده‌کا :
وێنه‌ت گه‌یشته‌ ده‌ستم و ڕوون بۆوه‌ چاوی من
سارێژ بوو زامی کۆن و برینی هه‌ناوی من
ئه‌ی بابی کوردی، ڕۆڵه‌یی ئازا و قاره‌مان
چاتر نموونه‌ سووره‌ گوڵی باغی نیشتمان
له‌ ساڵی 1974 ی هه‌تاوی که‌ کۆکراوه‌ی شێعری هێمن بۆ یه‌که‌مجار له‌ لایه‌ن " بنکه‌ی پێشه‌وا" که‌ سه‌ر به‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو له‌به‌غدا چاپ کرا، ئه‌و شێعره‌ی تێدا نه‌بوو و شێعری ڕاوچیانیش له‌ هێندێک جێدا ئالوگۆڕی به‌سه‌ر هاتبوو. له‌ کۆتاییه‌کانی شێعری ڕاوچیان دا هێندێک به‌یت هه‌بوون‌ بۆنی نائومیدی و ده‌سته‌وه‌ستانییان لێده‌هات که‌ دیاره‌ هێمن یان به‌ سه‌لیقه‌ی خۆی یان به‌ پێشنیاری که‌سانی ده‌وروبه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌رهاویشتبوو.
شانازی هه‌بوونی نووسخه‌یه‌کی " تاریک وڕوون" م هه‌یه‌ که‌ هێمن به‌ خه‌تی خۆی بۆی ئیمزا کردووم و به‌ دیاری بۆی ناردبووم بۆ له‌نده‌ن.له‌ هه‌ڵگێڕ وه‌رگێڕی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ دا هه‌ر پاراستوومه‌ و یه‌ک له‌و کتێبانه‌یه‌ که‌ له‌خۆم دوور نه‌کردووه‌ته‌وه‌. داخم ناچێ ده‌ به‌رگ له‌و کتێبه‌ که‌ له‌ برلینه‌وه‌ به‌ پۆست ناردم بۆ له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ کۆنگره‌ی خوێندکاران له‌وێ به‌ دۆست و ناسیاوانی بفرۆشم له‌ پۆست دا سه‌ریان تێداچوو. شوێن پزر بوونی پرێسکه‌ی پۆستی هه‌ر تایبه‌تێتێکی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست نییه‌.
ئه‌وکاته‌ی که‌ به‌یاننامه‌ی ده‌سته‌ی 7 که‌سی " پێڕه‌وانی کۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان " بڵاو بووه‌ وه‌ ئه‌من ئه‌ندامێکی چالاکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووم. به‌ نێوی ته‌شکیلاتی ئوڕووپا به‌یاننامه‌یه‌کی توندو تیژم له‌ سه‌ر گرووپی 7 که‌سی نووسی و بڵاوم کرده‌وه‌ - بابم یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی گرووپی 7 که‌سی بوو _ که‌شوهه‌وای سیاسی ئه‌و سه‌روبه‌ندی و ئه‌و غه‌در و زۆردارییه‌ی له‌ گه‌لی کورد ده‌کرا،مه‌ودای نه‌ده‌هێشته‌وه‌ بۆ هیچ هه‌ڵوێستێکی دیکه‌، به‌ڵام به‌عه‌قڵی خۆم له‌و سه‌روبه‌ندیشدا ده‌متوانی هێڵێکی جوێکه‌ره‌وه‌ بکێشم له‌ نێوان هێمنی سیاسی و هێمنی شاعیر دا که‌ دنه‌ی کوردانی دەدا بۆ خه‌بات و هه‌ستان.پێم وایه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌ دا ئه‌گه‌رچی بە نێو باسی بابم، ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی م کردووه‌، به‌ڵام نێوم له‌ هێمن نه‌هێناوه‌.
که‌ هێمن مرد، ئه‌من هێشتا ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووم،له‌ هه‌مان کاتدا له‌ کار‌ و خه‌باتی پێوه‌ندیدار به‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا به‌شداریم ده‌کرد،له‌وانه‌ ئه‌نیستیتووی کورد له‌پاریس که بۆ یه‌ک یان دوو ده‌وره‌ له‌ ئه‌ندامانی شووڕای ئیداری و هه‌ر وه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی دوو بڵاو کراوه‌ی ئه‌و ئه‌نیستیتووه‌ بووم " مطالعات کردی" که‌ به‌ چوار پێنج زمان و هێڤی ( هیوا) که‌ به‌ کرمانجی و سۆرانی و به‌ ئه‌لفوپێتکه‌ی عه‌ڕه‌بی و لاتینیی کوردی ده‌رده‌که‌وت.
ماوه‌یه‌ک دوای مه‌رگی هێمن فێدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان له‌ سوێد که له‌‌ ڕێکخستن و په‌ره‌پێدانی دا بۆ ماوه‌ی 3- 4 ساڵان ده‌ورێکی زۆر چالاکم تێیدا هه‌بوو بۆ به‌رز ڕاگرتنی بیره‌وه‌ری هێمن له‌ شاری ستۆکهۆڵم ڕێوڕه‌سمێکی به‌ڕێوه‌ برد. ئه‌من و چه‌ند ئه‌ندامێکی دیکه‌ی حیزب له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا به‌شداریمان کرد، به‌ڵام بۆ پاراستنی دیسیپلینی ڕێکخستنی خۆمان پێمل کرد له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دا وه‌کوو گوێگر دانیشین و لا و نه‌عه‌م هیچ نه‌ڵێین. به‌ڵێ ڕێوڕه‌سم کراوه‌ و ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی له‌ پانێله‌ که‌ دا قسه‌یان ده‌کرد،به‌داخه‌وه‌ ئاگادارییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌ سه‌ر لایه‌نی ژیانی ئه‌ده‌بی هێمن نه‌بوو.ئه‌و که‌سه‌ی نموونه‌ی شێعره‌کانی ده‌خوێنده‌وه‌ ئێستاش له‌بیرمه‌ ته‌نانه‌ت یه‌کێکیشی به‌ ته‌واوی و به‌ بێ له‌نگی و گرێ بۆ نه ده‌‌خوێندراوه‌. وا بزانم ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین بێ حورمه‌تی به‌ بیره‌وه‌ری هێمن بوو، چونکە هه‌م له‌خۆی و هه‌م له‌ که‌سانی دیکه‌م بیستبوو چه‌نده‌ی پێ زویر ده‌بوو کاتێک گوێی له‌ که‌سانێک ده‌بێ به‌ له‌نگ و لۆری شێعره‌کانی ده‌خوێننه‌وه‌.
دواتر له‌ " سه‌ره‌تای" تاقه‌ ژماره‌ی "مطالعات کردی" که‌ به‌ فارسی ده‌رچووه‌ شتێکی کورتم له‌ سه‌ر مەرگی هێمن نووسیوه‌ که‌ پێم وایه‌ له‌وان ساڵان دا ده‌بێ به‌ جۆره‌یه‌ک ڕچه‌ شکێنی دابندرێ. به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌م له‌به‌رده‌ست نییه‌ که‌ عه‌ینی ئه‌و ڕستانه‌ی له‌وێدا نووسیومه‌ لێره‌ بگێڕمه‌وه‌ به‌ڵام کورته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ نووسیبووم :
" ئه‌گه‌رچی هێمن له‌و ساڵانه‌ی دواییدا تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی هات، به‌ڵام ئه‌و بڕگه‌ کورته‌ له‌ ژیانی به‌ هیچ کولوه‌جێ نابێ به‌ هۆکارێک دابندرێ بۆ‌ چکۆڵه‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وره‌ گرینگ و گه‌وره‌یه‌ی شێعری هێمن له‌ گه‌شانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستی خۆ بوون و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی دا گێڕاویه‌تی و، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ هیچ له‌ نرخ و ده‌وری هێمن که‌م ناکاته‌وه‌" قسه‌کانم به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ گه‌ڵاڵه‌ کردبوو ‌ ته‌نانه‌ت هیچ تیژپه‌ڕێکی "پارێزەری دیسیپلینی حیزب"یش نه‌یده‌توانی له‌ دژی ده‌رکه‌وێ. بڵێی له‌به‌ر جێ پێ له‌ق نه‌بوونم ئاوام نووسیبێ؟ ده‌بێ وابێ ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێ نه‌ ئه‌وده‌می و نه‌ ئێستا لێی په‌شیمان نیم.
دواتر له‌ ساڵانی 2000 -2001 له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی حه‌فتانه‌ی کوردی دا که‌ به‌ ستانداری کرمانجی سه‌روو و به‌ ئه‌لفوپێتکه‌ی لاتینی له‌ ئوڕووپا بڵاو ده‌بووه‌، چه‌ند شێعری هێمن و سه‌ره‌تای " تاریک و ڕوون" م هێنا سه‌ر خه‌تی لاتینی کوردی و بڵاوم کرده‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ده‌می ده‌ستمکرد به‌ شیکردنه‌وه‌ی ووشه‌ و بێژه‌کانی ناو " له‌ کوێوه‌ بۆ کوێ" به‌ کوردیی کورمانجی و له‌ زنجیره‌ ووتارێک دا که‌ گه‌یشته‌ ژماره‌ی 100 له‌ ماڵپه‌ڕی ڕۆژەڤ دا به‌ ناوی " هێمن نامه‌" بڵاوم کرده‌وه‌. مه‌به‌ستم ناساندنی په‌خشان و وشه‌ و بێژه‌ی کوردیی نێوه‌ڕاست له‌ زمان هێمنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ره‌وانی شێوەزاری کوردیی سه‌روو بوو. هیوا دارم هه‌لێک هه‌ڵبکه‌وێ ئه‌و زنجیره‌ ووتارانه‌ وه‌کوو نامیلکه‌یه‌ک بڵاو بکه‌مه‌وه‌.
به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ نێو وه‌چەی دواتری نووسه‌ر و شاعیرانی کورد دا به‌تایبه‌تی له‌ کوردستانی ئێران،هێمن ناسی زۆر باش هه‌ڵکه‌وتوون. ئەمن خۆم هه‌ر باس و لێکدانه‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ شێعر و پەخشانی هێمن به‌ بێ ئاگادار بوون له‌ بۆچوونه‌کانی" هێدی"،
"عه‌زیز ئاڵی" و " جه‌عفه‌ری شێخه‌لئیسلامی " به‌ ناته‌واو ده‌زانم.
حه‌سه‌نی قازی
له‌ ماڵپه‌ری روانگه‌ وه‌رگیراوه‌

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2010-11-02 17:11:20

شازه‌
کازیوەی یانە
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-09-16
دواترین سه‌ردان: 2013-08-03
په‌یامه‌كان: 1363
WindowsXPMSIE7

Re: یادی هێمن

ده‌ستت خۆش سه‌رکه‌وتو بیت،

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net