.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه











مستەفا بێسارانی
قەبری مامۆستا مستەفا بێسارانی لە نزیکی گوندی مەحموواوای سەوڵاوامەلا مستەفای بێسارانی (١٦٤٣-١٧٠٢) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی کوردی شێوەزاری ھەورامی بووە.
کورتەی ژیان
مستەفای بێسارانی کوڕی مەلا قوتبەدین کوڕی مەلا شەمسەدین ساڵی ١٠٥٣ی کۆچی (١٦٤٣ یان ١٦٤٤) لە گوندی بێساران لە ناوچەی ژاوەرۆ (ئێستا لە شارستانی سەوڵاوادایە) لەدایکبووە. سەرەتا لای باوکی و پاشان لە نۆدشە و پایگەلان و سنە دەرسی مەلایەتیی خوێندووە. دوای وەرگرتنی ئیجازە گەڕاوەتەوە بۆ بێساران و تا دوایی ھاتنی ژیانی لە ساڵی ١١١٣ی کۆچیدا (١٧٠١ یان ١٧٠٢) وەک مەلای گوندەکە لەوێ دەمێنێتەوە لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی پیرەھەژار لە نزیکەی سەوڵاوا بە خاکی ئەسپێرن.
جەلال مەلەکشا
جەلال مەلەکشا (١٩٥١- ) شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. سالی ١٣٣٠ ک.ھ لە گوندی مەلەکشا سەربە شاری سنە ھاتوەتە دونیاوە. ھەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.
جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.
لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی «کانوونی نووسەرانی ئێران».
پاش ساڵی ١٣٥٧ ک.ھ لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.
شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و... وەرگێڕدراون.
جەلال ئێستا (١٣٨٧ ک.ھ) لە شاری سنەیە و ھەرچەند کەوتوەتە بەر تووکەشەقی چارەنووس، بەڵام بێ گومان جەلال لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات. دوو شیعری «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان چاپ
سەید کامیل ئیمامی
سەید کامیل ئیمامی شاعیر و نیشتمان پەروەر ناسراو بە ئاوات ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی زەنبیل سەر بە شاری بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیلە کە لە رێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوون.
ئەم شاعیرە لە نێو خوێندەوار و فەقێدا پەروەردە بووە. سەید کامیل لە لای زۆر مامۆستای ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خوێندویەتی و بۆ ماوەیەکیش لە لای مامی واتە حاجی بابەشێخ وەزیری کۆماری کوردستان لە مەھاباد خوێندویەتی. ھەر لەو سەروبەندەدا وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر چالاکی ھەبووە ، ساڵی ١٩٤٦ لەسەر ھەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی گیراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی بۆکان و سەقز و ورمێ و مەھاباد دەستبەسەر بوە. سەید کامیل ئیمامی شاعیر لەگەڵ زۆربەی شاعیر و ھونەرمەندی ئەو کاتە دۆستایەتی نزیکی ھەبووە وەک سوارە ئیلخانیزادە، ھەژار، عەباس حەقیقی ھەر وەھا لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد حەسەن زیرەک وەک گۆرانیبێژ و شاعیر پەیوەندییەکی نزیکی ھەبووە. ئەم شاعیرە نیشتمان پەروەرە لە رۆژی ٢٧/٧/١٩٨٩ کۆچی دوایی کردوە و دیوانێکی شیعری لە پاش بەجێماوە.
سوارە ئیلخانیزادە
سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.
ژیاننامە
کاکە سوار کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان لە ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانکۆی تاران باوەڕنامە لە بواری مافدا وەرگرتووە.
شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆبۆمەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە.
لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە رۆژھەڵاتی کوردستان شێعر و پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر دروست دەکا!
“ خەوە بەردینە ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.
تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!
سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!
سوارە بە منداڵی دووچاری نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگادا کەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ! زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرە و بۆکان دەیگەڕێنەوە و لە گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.
ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.
ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.
بەرھەمی چاپکراو
خەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران)
پارچە شیعرێک لە سوارە
دووی ڕێبەندان[١]
بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە
* *
ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
* *
ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان
* *
. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە
* *
مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن»
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»
* *
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان
* *
با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
بژی
بژی
تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨
سەرچاوه:گۆڤاری ڕووناکی، ژمارە ٢٩٠، ٣/١٠/١٩٦٩، لاپەڕە
عومەری سوڵتانی
عومەری سوڵتانی (١٩٤١-٢٠٠٥) ناسراو بە وەفا شاعیری بەناوبانگی کوردستان و ئێران ساڵی ١٩٤١ لە یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی شاری بۆکان لەدایک بوو. لە بەندیخان شیعر لە ئامێز دەگرێت. وەفا لە رۆژگارانی کپی سەردەمی پاشایەتیدا شیعری دەگاتە رادیۆ دیھلی لە ھیندستان و خەڵاتی یەکەم لە مێھرەجانی شیعری فارسیدا وەردەگرێت و لێی دەگێڕنەوە کە بچێت بۆ وڵاتی ھیندستان بەڵام بۆی نالوێ و لە تاران لە باڵوێزخانەی ھیندستان خەڵاتی تایبەتی و ٥ کتێب بە ئیمزای جەواھیر لەعل نەھرۆ وەردەگرێت. وەفا یەکێک لە رابەرانی شۆڕشی نوێکردنەوەی شیعری کوردی و فارسی بوو. یەکەم کتێبی شیعری بە زمانی فارسی بە نێوی سروودی پەرەستوو بڵاو دەکاتەوە.
ئەم شاعیرە رۆژی ٢٢/١١/٢٠٠٥ بە ھۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد
س: ویکیپیدیا،


لهسهر هێڵ نییه