❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / ناپاکی هاوسه‌ریی له‌زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌ به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌.. به‌شی دووه م

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2011-04-01 20:30:00

marewan zangana
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
شوێن: WI,ئەمریکا
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-04-27
دواترین سه‌ردان: 2013-09-05
په‌یامه‌كان: 333
ویبگه‌
WindowsMSIE7

ناپاکی هاوسه‌ریی له‌زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌ به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌.. به‌شی دووه م

ئه‌م نامه‌ نه‌فره‌تییه‌ هێنده‌ی تر کاره‌که‌ی له‌ من ئاڵۆز کرد و هه‌ڵوێستم لاوازتر بوو له‌به‌رده‌می هاوسه‌ره‌که‌م و دایکم و خوشکه‌که‌مدا. ئه‌گه‌ر تا ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌ ته‌نها له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌که‌مه‌وه‌ کرابوومه‌ ئامانج، له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ نه‌فره‌تییه‌وه‌ دایکم و خوشکه‌که‌شم چوونه‌ پاڵ هاوسه‌ره‌که‌م و به‌ره‌که‌ی دژم فروانتر و به‌هێزتر بوون، ئه‌وه‌نده‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌دا هه‌ستم پێکرد ئه‌و گله‌یی و سه‌رزه‌نشتانه‌ی خوشکه‌که‌م و دایکم به‌رامبه‌ر من کردیان، که‌مێک هاوسه‌ره‌که‌می هێور کرده‌‌وه‌. ده‌بوو منیش قسه‌ی خۆمم هه‌بێت و هه‌وڵی ده‌رباز بوون بده‌م له‌م ته‌نگژه‌ ئه‌خلاقییه‌ی تێیکه‌وتبووم. داوام له‌ دایکم و هاوسه‌ره‌که‌م و خوشکه‌که‌م کرد دابنیشن و قسه‌ بکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ هاوسه‌ره‌که‌م ئه‌م داوایه‌ی ڕه‌تکردمه‌وه‌، به‌ڵام دایکم وه‌ک ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی قسه‌ و پێشنیار و چاره‌سه‌رێک له‌ من بکات، داوایلێکردن دانیشن و گوێ له‌ من بگرن. هه‌موومان دانیشتین، گوتم: من کێشه‌یه‌کم هه‌یه‌، ده‌مه‌وێت ئێوه‌ش ئاگاداربن لێی، من ناچارم باسی بکه‌م، چه‌ند ساڵه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌م هه‌یه‌ و پێش ژنهێنان و پاش ژنهێنانیش هه‌ر شاردوومه‌ته‌وه‌، من پێتان ده‌ڵێم، ژنێک هه‌یه‌ مێرد و منداڵیشی هه‌یه‌، وازم لێناهێنێت، خۆشم زۆر پێم ناخۆشه‌ و زۆریش هه‌وڵمداوه‌ لێی دووربکه‌ومه‌وه‌، وایلێکردووم هۆگری بووم، ئه‌ویش زۆر منی خۆشده‌وێت، به‌ڵام ئێستا پێتان ده‌ڵێم له‌م ساته‌ وه‌خته‌وه‌ ته‌واو، هه‌زار که‌سی وه‌کو ئه‌و ژنه‌ ده‌که‌م به‌قوربانی یه‌ک ده‌قه‌ی هاوسه‌ره‌که‌م و منداڵه‌که‌م، ئه‌وه‌ی ڕۆیشت.. ڕۆیشت، خۆشم زۆر بێتاقه‌ت بووم، نه‌مده‌زانی چی بکه‌م، (ڕووم کرده‌ خوشکه‌که‌م) بڕۆ ئه‌و منداڵه‌م بۆ بێنه‌ له‌خواره‌وه‌، باتێر ماچی بکه‌م، (ڕووم کرده‌ هاوسه‌ره‌که‌م) دڵه‌که‌م بمبوره‌ دڵنیابه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌، به‌ڵام پێویست ده‌کات دوایی خۆم و خۆت به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ندێ قسه‌ بکه‌ین. هاوسه‌ره‌که‌م به‌توڕه‌ییه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆیه‌ چه‌ند ساڵ نه‌تده‌ویست منداڵمان ببێت؟ ئه‌مه‌ بۆیه‌ چه‌ند ساڵه‌ هیچت دیار نییه‌، ئه‌م هه‌موو ئیشه‌ ده‌که‌یت، که‌چی نه‌تتوانی به‌ کرێش بێت دوو ژووری سه‌ربه‌خۆمان بۆ بگریت؟ ئه‌مه‌ تومه‌س هه‌موو پاره‌کانت بۆ ئه‌و سۆزانییه‌ خه‌رجکردووه‌؟ تۆ ڕازی نابیت به‌جوانی به‌خێرهاتنی میوانێکی پیاو بکه‌م ئه‌وه‌نده‌ت پێناخۆشه‌ و ئه‌ی من چۆن ئه‌مه‌ قبوڵ بکه‌م؟… دایکم گوتی: قه‌یناکه‌ کچم واز له‌ ڕابردوو بێنه‌مادام دان به‌هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێت و کۆتایی به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ده‌هێنێت ته‌واو، ماڵ له‌خۆتان تێک مه‌ده‌ن (له‌و کاته‌دا خوشکه‌که‌م منداڵه‌که‌ی به‌باوه‌شه‌وه‌ بوو هێنای بۆ لام) ئه‌م منداڵه‌ جوانه‌ گوناهی چییه‌؟ بۆ بێنازی ده‌که‌ن؟ دانیشن و لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ (دایکم هه‌ستا ناوچاوانی هاوسه‌ره‌که‌می ماچ کرد).
خۆم بۆ نه‌گیرا به‌گریانه‌وه‌ ماچی منداڵه‌که‌م ده‌کرد، (خوشکه‌که‌شم ده‌ستی کرد به‌گریان و هات منداڵه‌که‌ی لێوه‌رگرتم). دایکم گوتی وه‌رنه‌ خواره‌وه‌ ده‌ی هه‌ر ئێستا شێخ مه‌حشییه‌کی خۆشتان بۆ لێده‌نێم، (ڕووی کرده‌ من) بڕۆ تۆزێ پاقلاوه‌ و شیرینی بکڕه‌. هه‌موومان چووینه‌ خواره‌وه‌ و ڕه‌وشه‌که‌ هێمن بووه‌وه‌.
له‌هه‌ستاندا مۆبایله‌کانم خسته‌وه‌ گیرفانم، من چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌بازاڕ هه‌ندێ شیرینی و پێویستی تر بکڕم، هه‌ر دوور که‌وتمه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ته‌له‌فۆنێکم بۆ دۆسته‌که‌م کرد:
- یاخوا ماڵت به‌قوڕ بگیرێت، وه‌ک ئه‌م گۆبه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ت بۆ من نایه‌وه‌.
- ئه‌وه‌ چیه‌ حه‌بیبی؟ بۆ وا تووڕه‌یت؟ چی بووه‌؟
- به‌کورتی به‌زمه‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ و ویستم په‌یامی کۆتایی پێبڵێم.
- هیچ نیه‌ ئێمه‌ی ژن دڵمان سافه‌، زوو شتمان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، هه‌ر گوێیشی مه‌یه‌رێ، ئه‌ویش دڵی چاک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ خه‌می ئه‌وته‌، ئه‌ی بۆ له‌ من ناپرسیت، جله‌ کوردیه‌کانت ته‌واو بوو؟ نا؟ خۆ من له‌به‌ر دڵی تۆ ئه‌و ڕه‌نگه‌ شه‌رابیه‌م هه‌ڵگرت ده‌مزانی تۆ حه‌زت له‌و ڕه‌نگه‌یه، بۆ ئه‌م به‌هاره‌ که‌ به‌یه‌که‌وه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و جلانه‌ له‌به‌رده‌که‌م.. له‌به‌ر خاتری چاوه‌ ڕه‌شه‌کانت.. ممممم‌.
- (ده‌تگوت نه‌ بای دیوه‌ نه‌ بۆران) ئه‌وه‌ تۆ باسی چی ده‌که‌یت؟ جلی کوردی چی و نه‌ورۆز و به‌هاری چی؟ من واخه‌ریکه‌ ماڵم کاول ده‌بێت.. ئاش له‌ خه‌یاڵێک و ئاشه‌وان له‌خه‌یاڵێک. گوێ بگره‌ من چه‌ند جارێکی تر پێم گوتویت، با بوه‌ستین باشتره‌، سه‌رمان به‌ فه‌تاره‌کتێکدا ده‌چێت، تۆ ده‌ستت له‌ ماڵ و مێردی خۆت شتووه‌ به‌ڵام باش ناکه‌یت، یان ئه‌وه‌تا ته‌ڵاق له‌و مێرده‌ت وه‌ربگره‌ و شوویه‌کی تر بکه‌ره‌وه‌ یان قسه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌ت بکه‌ و که‌س و کاری ئاگادار بکه‌ که‌ گۆڕانکاری له‌ خۆیدا بکات، شتێک بکه‌، ئه‌م ژیانه‌ ئاوا هه‌تا سه‌ر ناکرێت به‌رده‌وام بێت بۆ هیچمان…
- ئه‌وه‌ تۆ ده‌ڵێی چی، بۆچی پیاوان له‌ مانای خۆشه‌ویستی تێناگه‌ن؟ من تۆم خۆشده‌وێت.. ئه‌و سۆزه‌ی تۆ پێمده‌به‌خشیت به‌ هه‌زار مێردی بێ که‌ڵکی وای ناده‌م، ئه‌ی هینه‌ خۆشه‌کان وااااای چه‌ند خۆشه‌ …
- (ئه‌م شێوازی قسه‌ کردنانه‌ی ئه‌و که‌ به‌رده‌وام ده‌یدا به‌گوێمدا زیاتر ڕایده‌کێشام به‌لای خۆیدا، ئاخر ئه‌م قسانه‌ بوو منی هۆگری ئه‌و کرد)، باشه‌ من جارێ هاتووم بۆ بازاڕ ئیشم هه‌یه‌، به‌هیچ جۆرێک نه‌ تێل بکه‌ نه‌ نامه‌ بنێره‌ هه‌تا خۆم پێت ده‌ڵێم.
به‌ده‌م جه‌نجاڵی مێشکمه‌وه‌ شیرینی و پێویستییه‌کانم کڕی و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه. کاتێک گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، باوکم چاوه‌ڕێی ده‌کردم، سڵاوم لێکرد وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، گوتی با من و تۆ بچینه‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌ندێ قسه‌م هه‌یه‌ له‌گه‌ڵتدا، هێشتا شته‌کانم دانه‌نابوو، دایکم هات لێی وه‌رگرتم و به‌هێواشی پێی گوتم (بڕۆ سه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوکتدا کوڕم، به‌ڵام وه‌ڵامی باوکت نه‌ده‌یته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ تووڕه‌ بێت یان شتێک بڵێت، قه‌یناکه‌ باوکته‌ و له‌‌ دڵی مه‌گره‌). سه‌یری ڕوخساری هاوسه‌ره‌که‌م کرد ئاسووده‌ییه‌کی پێوه‌ دیاربوو وه‌ک پێم بڵێت ئاوا تۆڵه‌ت لێده‌که‌مه‌وه‌، چوومه‌ سه‌ره‌وه‌، باوکم ئاگری لێده‌باری، هه‌رگیز له‌ ژیانمدا ڕوخساریم به‌و جۆره‌ نه‌بینیبوو، ئه‌وه‌ی به‌ده‌میدا هات پێی گوتم، زۆر تووڕه‌ بوو: (بۆ له‌گه‌ڵ ژنی خه‌ڵک؟ بۆ؟ وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌، تۆ چه‌ند ساڵه‌ به‌م به‌زمه‌وه‌ خه‌ریکیت؟ له‌گه‌ڵ کچیش نا له‌گه‌ڵ ژنی هاوسه‌ردار؟ هه‌ی بێ ئابڕوو، بێ ….، بێ ….، ….تد. باشه‌ تۆ نازانیت له‌ڕووی ئایینه‌وه‌ چه‌ند گوناهێکی گه‌وره‌یه‌؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌که‌ی خۆت کارێکی وابکات له‌گه‌ڵ خوێڕییه‌کی وه‌ک تۆدا، تۆ قبوڵی ده‌که‌یت؟…. . قسه‌کانم به‌ باوکم بڕی و ویستم ده‌ستی ماچ بکه‌م، نه‌یهێشت، گوتم: بابه‌ گیان هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت ڕاسته‌، ته‌واو بابه‌ گیان خۆم ده‌زانم چه‌نده‌ گوناهبارم به‌رامبه‌ر به‌ خودا و هاوسه‌ره‌که‌م و ئێوه‌ش، به‌ڵام کۆتایی پێهات و ته‌واو.. (دایکم بانگی کردین بۆ نان خواردن).
ڕۆژگار تێده‌په‌ڕی و ورده‌ ورده‌ ژیانمان ئاسایی ده‌بووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌مبوو بۆ دۆسته‌که‌م ده‌تگوت مۆته‌که‌یه‌ ناوبه‌ناو هه‌موو شتێکی لێتێکده‌دامه‌وه‌. زۆر بیرم له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌کرده‌وه‌، چی بکه‌م؟ تا کوێ بڕۆم؟. په‌یوه‌ندییه‌کانم له‌گه‌ڵ دۆسته‌که‌م درێژه‌ی هه‌بوو به‌ڵام که‌متر و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و کاتانه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ ده‌بووم په‌یوه‌ندیمان نه‌ده‌کرد به‌یه‌که‌وه‌، حه‌زم بۆ ئه‌و، سۆزم بۆ ئه‌و، زیاتر بوو له‌وه‌ی بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی خۆم هه‌مبوو، ئه‌وه‌ی له‌ویشدا ده‌مبینی به‌تایبه‌تی له‌ سێکس کردندا که‌ بێ دڵیی نه‌ده‌کردم، له‌هاوسه‌ره‌که‌ی خۆمدا نه‌مده‌بینی. بۆیه‌ ڕۆژێک کاتێک به‌یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌که‌م بۆ پیاسه‌ ده‌چووین به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی من، پلانێکمان داڕشت بۆئه‌وه‌ی کۆتایی به‌م ڕه‌وشه‌ بهێنین و به‌یه‌ک بگه‌ین، پلانه‌که‌ش خۆی له‌ چوار خاڵدا بینییه‌وه‌: (یه‌که‌م: ‌خانوویه‌کی کرێی سه‌ربه‌خۆ بگرم و له‌ ماڵی باوکم دوور بکه‌ومه‌وه‌، دووه‌م: ورده‌ ورده‌ بکه‌وینه‌ بیانوو گرتن له‌ هاوسه‌ره‌کانمان و هه‌ر ڕۆژه‌ شه‌ڕێکیان پێبفرۆشین نه‌ من له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌مدا بخه‌وم، نه‌ ئه‌ویش، سێیه‌م: من زۆر بۆ هاوسه‌ره‌که‌م بهێنم بڕواته‌وه‌ ماڵی باوکی و ئه‌ویش خۆی بتۆرێنێت بچێته‌وه‌ ماڵی باوکی، چواره‌م: هه‌ر یه‌که‌مان ته‌ڵاق وه‌ربگرین و جیاببینه‌وه‌ به‌فه‌رمی و دواتر له‌گه‌ڵ یه‌کدا بچینه‌ ژیانی هاوسه‌رییه‌وه‌).
من که‌وتمه‌ جێبه‌جێکردنی یه‌که‌م خاڵ و به‌دوای خانوویه‌کی سه‌ربه‌خۆی چۆڵدا ده‌گه‌ڕام، هاوسه‌ره‌که‌م شێت بوو بوو به‌ده‌ستمه‌وه‌، هه‌موو جارێک ده‌یگوت: (زۆر سه‌یره‌ ژنی خه‌ڵکی زۆر بۆ مێرده‌کانیان ده‌هێنن خانووی جیاجیان بۆ بگرن و له‌ ماڵه‌ خه‌سوو دوور بکه‌ونه‌وه‌، که‌چی من به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حه‌ز ناکه‌م جیابینه‌وه‌ له‌ماڵی باوکت، با تۆزێ پاره‌ کۆ بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڵکو بتوانین دوو ژوور بکڕین بۆ خۆمان، لێره‌ کرێ ناده‌ین و من هیچ کێشه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ ماڵی باوکتدا نییه‌)، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ به‌گوێمدا نه‌ده‌چوو، ئاکامی گه‌ڕانه‌که‌م ده‌ستکه‌وتنی خانوویه‌ک بوو، ئیتر که‌وتمه‌ گوێزانه‌وه‌ی ماڵه‌که‌م هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌م ناڕه‌زاییه‌کی زۆری لای باوکم و دایکم و هاوسه‌ره‌که‌م دروستکرد، له‌و خانووه‌شدا، هه‌ر ڕۆژه‌ زیاتر هاوسه‌ره‌که‌م په‌راوێز ده‌خست، ئیدی ناوه‌ ناوه‌ شه‌وان دره‌نگ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بێزار ببێت، ئه‌و خواردنه‌ی ئه‌و ئاماده‌ی ده‌کرد نه‌مده‌خوارد و شه‌ڕم پێده‌فرۆشت، به‌یانیان زوو پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم شه‌ڕێکم ده‌کرد ئینجا ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، دۆسته‌که‌شم له‌ولا به‌هه‌مان شێوه‌ ژیانی له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی تاڵ کردبوو هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌زمێکی پێده‌گێڕا. شه‌وێک دره‌نگ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بینیم هاوسه‌ره‌که‌م خۆی گۆڕیوه‌ زۆر بێتاقه‌ته‌، گوتی: (نه‌خه‌ویت ئیشم پێته‌، په‌یامه‌کانت هه‌مووی گه‌یشتن، ده‌زانم چیت ده‌وێت و به‌ته‌مای چیت، هه‌ی نامه‌رد.. که‌ ده‌تزانی دڵت به‌ ژنی خه‌ڵکه‌وه‌یه‌ بۆ منت هێنا، خۆ تۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ژن هێنانه‌که‌ت، ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و ناپاکییه‌که‌تم ئاشکرا کرد، بۆ نه‌تهێشت بڕۆمه‌وه‌ ماڵی باوکم، تۆ داوای لێبوردنت کرد، گوتت لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌ له‌ژیان هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌، ئه‌مه‌ بوو لاپه‌ڕه‌ تازه‌که‌ت؟ هه‌سته‌ به‌م دره‌نگی شه‌وه‌ بمبه‌ره‌وه‌ ماڵی باوکم، چیتر قبوڵی ئه‌م سوکایه‌تی و نامه‌ردییه‌ی تۆ ناکه‌م، سێ ڕۆژه‌ داوای قوتوویه‌ک شیر بۆ ئه‌و منداڵه‌ له‌ تۆ ده‌که‌م، هه‌ر بۆت نه‌هێنا، خۆم چووم بۆم کڕی، نه‌ ئاگات له‌ خۆته‌ و نه‌ له‌ من و نه‌ له‌و منداڵه‌ش، ده‌ی هه‌تا ماڵی باوکم نه‌خه‌وتوون بمبه‌ره‌وه‌، ئه‌م ماڵه‌ش پێشکه‌ش به‌ تۆ و سۆزانییه‌که‌ی دۆستت بێت).
منیش چاوه‌ڕوانی ئه‌م ساته‌ بووم، پێم گوت یه‌ڵا شته‌کانت بخه‌ره‌ ئۆتۆمبێله‌که‌وه‌، سولفم لێدا و گه‌یاندمه‌ به‌رده‌می ماڵی باوکی، هه‌ر که‌ شته‌کانی داگرت هێشتا جه‌ره‌سی ماڵی باوکی لێنه‌دابوو من پێم پیادا نا و ده‌رچووم.
که‌ گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ستم کرد بارێکی زۆر گرانم له‌کۆڵ بووه‌ته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ نامه‌یه‌کم نارد بۆ دۆسته‌که‌م و تێیدا نووسیم: (من له‌ ده‌عباکه‌ی خۆم ڕزگارم بوو، هه‌ر سبه‌ینێ تۆش بتۆرێ و بگه‌ڕێره‌وه‌ ماڵی باوکت).
سبه‌ینێ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی باوکی و به‌مجۆره‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانیمان سێ خاڵی یه‌که‌م له‌ په‌یمانه‌که‌ی نێوانمان جێبه‌جێ بکه‌ین. ئیتر به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ کات گونجاوتر بوو بۆ قسه‌ کردن و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و به‌بیانووی نه‌خۆشی منداڵه‌که‌یه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ منیش ده‌مهێنایه‌ ماڵه‌وه‌ و ئیدی یه‌کتریمان ئاسووده‌ ده‌کرد.
ئه‌وه‌ی هه‌راسانی کردبووم ئه‌و ماوه‌یه‌، باوک و دایکم و خوشکه‌که‌م بوون، وایانلێکردبووم نه‌ده‌چووم بۆ ماڵی باوکم، سێ ژه‌مه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ نانم ده‌خوارد، زۆر سه‌رزه‌نشتیان ده‌کردم، به‌ دزی منه‌وه‌ چووبوون بۆ ماڵی خه‌زورم، دڵنه‌وایی هاوسه‌ره‌که‌میان دابووه‌وه‌ و داوای لێبوردنیان له‌ ماڵی باوکی کردبوو.
ڕۆژێک ده‌ستم دایه‌ مۆبایله‌که‌م و ته‌له‌فۆنم بۆ هاوسه‌ره‌که‌م کرد، وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، پاش کاژێرێک جارێکی تر کردمه‌وه‌، وه‌ڵامی دامه‌وه‌، پێم گوت: ده‌زانی تۆ ژیانت له‌ من تاڵ کردبوو، زۆر ده‌مه‌وه‌ر و بێ گوێ بوویت، ئێستا له‌وپه‌ڕی کامه‌رانیدام به‌بێ تۆ، بیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌که‌یته‌وه‌ بۆ لای من، وه‌ره‌ بابچینه‌ دادگا و کۆتایی پێبهێنین. نه‌مهێشت وه‌ڵامم بداته‌وه‌ دامخسته‌وه‌ به‌سه‌ریدا.
به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دۆسته‌که‌مدا له‌ مشتومڕی ئه‌وه‌دا بووین، ئه‌ویش داوای جیابوونه‌وه‌ بکات و ته‌نانه‌ت ده‌ست له‌ ماره‌یی و هه‌موو شتێک هه‌ڵبگرێت بۆئه‌وه‌ی زوو کۆتایی به‌ کاروباری دادگا بێت و زوو بگه‌یه‌ینه‌ ئامێزی یه‌کتری بۆ هه‌تا هه‌تایه‌.
شه‌وێک به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ بووم، خه‌ریکی چا خواردنه‌وه‌ بووم، له‌ژێر مێزێکدا مه‌مکه‌ مژه‌یه‌کی منداڵه‌که‌م بینی، زۆر تاسام، ده‌ستم کرد به‌گریان، وااااای چۆن گریانێک گریام، ده‌تگوت مه‌ست بووم و به‌ریداوم، به‌په‌له‌ چوومه‌ حه‌وشه‌ و دوو جگه‌ره‌م به‌دوای یه‌کتردا داگیرساند، که‌وتمه‌ حاڵه‌تێکی زۆر سه‌یره‌وه‌، هه‌رچی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆن و نوێی خۆمه‌ به‌ فلاشباک هه‌مووی که‌وته‌وه‌ به‌رچاوم، چوومه‌وه‌ ژووره‌وه‌ له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌ گه‌وره‌که‌دا وه‌ستام، سه‌یری خۆمم ده‌کرد و به‌خۆم ده‌گوت ئه‌وه‌ من خه‌ریکی چیم؟ فرمێسک به‌چاوانمدا ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌.
تێر ماچی مه‌مکه‌ مژه‌ی منداڵه‌که‌م کرد، هێزم نه‌مابوو هێنده‌ بێتاقه‌ت بووم، مۆبایله‌کانم داخست و هه‌ر له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌ خه‌وم لێکه‌وت.
ئه‌و شه‌وه‌م به ساڵێک لێڕۆیشت، چه‌ندین خه‌ونی ناخۆش ناخۆشم بینی، خه‌ونێکم به‌ منداڵه‌که‌ و هاوسه‌ره‌که‌مه‌وه‌ بینی، له‌خه‌ونمدا منداڵه‌که‌م پێی گرتبوو، گه‌وره‌ بوو بوو، من ڕامده‌کرد و ئه‌ویش به‌دوامدا به‌ گریان ده‌هات، هاوسه‌ره‌که‌شم ده‌گریا، وه‌ره‌ ڕا مه‌که‌، له‌به‌ر من نا، له‌به‌ر ئه‌و منداڵه‌ مه‌ڕۆ.. بێ نازی مه‌که‌، ئه‌ها چۆن ده‌گری بۆ باوکی؟. (به‌ده‌م گریانه‌وه‌ له‌خه‌ونه‌که‌م ڕاچڵه‌کیم و ئیدی ده‌ستم کرده‌وه‌ به‌گریان، گریانێک به‌درێژایی ژیانم به‌خۆمه‌وه‌ نه‌مدیبوو، هه‌ستم ده‌کرد ئه‌و گریانه‌ ئازاری ویژدانمه‌ و خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌ فرمێسکه‌کانمدا، ده‌ستم کرده‌وه‌ به‌ جگه‌ره‌ کێشان، نازانم چۆن خه‌وم لێکه‌وته‌وه‌، له‌ به‌ره‌به‌یاندا دووباره‌ خه‌ونێکی ناخۆشی ترم به‌ باوکمه‌وه‌ بینی، له‌خه‌ونمدا باوکم له‌سه‌ره‌ مه‌رگدا بوو، ژووره‌که‌ی پڕ بوو له‌خزمان و که‌سوکار، چووم داوای گه‌ردن ئازادی لێبکه‌م، گوتی تۆ کوڕی من نیت، تۆ داوێن پیسیت، تۆ به‌بێ هۆ ده‌ستت له‌ ژن و منداڵه‌که‌ت به‌ردا، بڕۆ لاچۆ له‌به‌رچاوم.
هێنده‌ هه‌ستم به‌شه‌رمه‌زاری کرد، دووباره‌ ڕاچڵه‌کیمه‌وه‌ له‌ خه‌و، دووباره‌ ده‌ستم کرده‌وه‌ به‌گریان، هه‌ستام له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌ و ڕوانیم، وا خه‌ریکه‌ دنیا ڕوون ده‌بێته‌وه‌، خه‌ریک بوو شێت ده‌بووم، خواخوام بوو زوو ڕۆژ هه‌ڵبێت و بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، خۆم بگه‌یه‌نمه‌ لای هاوسه‌ر و منداڵه‌که‌م و ماڵی باوکم.
چووم خۆم شت و خۆم گۆڕی و به‌و زووییه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، نانی گه‌رم و قه‌یماغ و ماستم بۆ ماڵی خه‌زورم و ماڵی باوکیشم کڕی، له‌پێشدا ئه‌وه‌ی ماڵی باوکم برد، کاتێک له‌ده‌رگامدا، باوکم هات ده‌رگای لێکردمه‌وه‌، تووشی سه‌رسوڕمان بوو له‌ چوونه‌که‌م، که‌ باوکم بینی خۆم پێنه‌گیرا ده‌ستم کرد به‌گریان، شته‌کانم ده‌ستم له‌سه‌ر زه‌وی دانا و په‌لاماری ده‌ستیم دا توند ماچم کرد، باوکم زۆر بێتاقه‌ت بوو، سه‌ری به‌رز کردمه‌وه‌ و باوه‌شی پێدا کردم و گوتی: کوا منداڵ و هاوسه‌ره‌که‌ت؟، ده‌زانی له‌وه‌ته‌ی هه‌م من به‌ ئاواتی ئه‌وه‌وه‌ بووم، منداڵێکی تۆ له‌ ئامێز بگرم (چاوی پڕ بوو له‌ فرمێسک)، نه‌تهێشت به‌و ئاواته‌م بگه‌م، تۆ پێش ئه‌وه‌ی غه‌در له‌و منداڵ و ژنه‌ بێ گوناهه‌ت بکه‌یت، غه‌درت له‌ من کرد.
هیچم بۆ نه‌ده‌گوترا، شته‌کانم هه‌ڵگرت و بردمه‌ ژووره‌وه‌ و دامنا، باوکم گوتی وه‌ره‌ دانیشه‌ کوڕم، گوتم نا باوکه‌، ده‌بێت هه‌ر ئێستا ئه‌و ئاواته‌ت بهێنمه‌ دی، ده‌چم به‌دوای منداڵه‌کانمدا، هه‌رچه‌نده‌ گوتی کوڕم وه‌ره‌.. عه‌یبه‌ به‌م به‌یانییه‌ زووه‌ بۆ کوێ ده‌چیت، وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه‌ و سواری ئۆتۆمبێله‌که‌م بووم و به‌ره‌و ماڵی خه‌زوورم که‌وتمه‌ ڕێ.

دواترین جار ده‌ستكاری كراوه‌ له‌لایه‌ن marko zangana (2011-04-01 20:35:54)

Kurdzhin
http://kurdzhin.info/up/uploads/kurdzhin-13016566701.gif
كوردم و له‌ ڕێی كورد و كوردستان .. سه‌ر له‌ پێناوم گیان له‌سه‌ر ده‌ستان
به‌ كوردی ده‌ژیم به كوردی ده ‌مرم .....به كوردیش ئه‌ ده‌م وڵامی قه‌برم

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net