.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له ئه‌وروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .






بابه‌ته گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1






کاتێک گه‌یشتمه به‌رده‌رگای ماڵی خه‌زورم ده‌ستم دایه مۆبایله‌که‌م زه‌نگێک بۆ هاوسه‌ره‌که‌م لێبده‌م، به‌ڵام مۆبایله‌که‌ی داخرابوو، ناچار له ده‌رگامدا، خه‌سووم هاته حه‌وشه‌که و به سه‌رسوڕمانێکه‌وه گوتی: کێیه؟. وه‌ڵامم دایه‌وه که منم، گوتی: چیت ده‌وێت به‌م به‌یانیه زووه ده‌رگات لێناکه‌مه‌وه، خۆ ئێره دادگا نی‌یه، کاری ئێوه له دادگایه نه‌ک لێره، زۆر هه‌وڵمدا و به‌هێواشی قسه‌م ده‌کرد له‌به‌ر دراوسێیه‌کان، هه‌رچۆنێک بێت ده‌رگای لێکردمه‌وه، بینی ماست و قه‌یماغ و نانم به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئیتر که‌مێک له‌نیه‌ت باشیی من تێگه‌یشت.
- چیت ده‌وێت؟
- ئامۆژن گیان هاتووم بۆلای منداڵه‌کانم، تۆ ئه‌م شتانه‌م لێبگره بێزه‌حمه‌ت.
- ئێمه وه‌ک تۆ ناکه‌س به‌چه نین، فه‌رموو وه‌ره ژووره‌وه قسه بکه، له‌م به‌رده‌رگایه مه‌وه‌سته.
چوومه ژووره‌وه، له هۆڵه‌که دانیشتم، هێشتا که‌سیان له خه‌و هه‌ڵنه‌ستابوون، گوێم لێ‌بوو خه‌سووم چوو خه‌زورم و کوڕه‌کانیان بانگ بکات.
هێنده هه‌ستم به شه‌رمه‌زاری ده‌کرد ده‌تگوت هه‌موو دنیا سه‌یری من ده‌کات، به‌ڵام بێتاقه‌تییه‌که‌م که‌متر بوو، به‌ڵام زۆر هه‌ستم به‌نیگه‌رانی ده‌کرد له‌وه ده‌ترسام هاوسه‌ره‌که‌م جارێکی تر ڕازی نه‌بێت بێته‌وه له‌گه‌ڵمدا، یان خه‌زورم و کوڕه‌کانی نه‌هێڵن.
پاش که‌مێک دانیشتن گوێم له‌ده‌نگی گریانی منداڵه‌که‌م بوو، ئاگرم تێبه‌ربوو، ده‌ستم کرده‌وه به‌گریان، له‌و کاته‌دا خه‌سووم خۆی کرد به‌ژووردا و که بینیمی گوتی: (ده‌بوایه ئه‌م ڕۆژه‌ت له‌به‌رچاو بووایه، مه‌گری، تۆ دووجار یاریت به‌نامووسی خه‌ڵک کردووه، ….)، له‌م قسانه‌دا بوو خه‌زورم خۆی کرد به‌ژووردا به‌ساردییه‌که‌وه گوتی: (به‌خێربێیت)، زۆر هه‌ستم به شه‌رمه‌زاری ده‌کرد له‌به‌رده‌میدا، پاشان گوتی: (ئافره‌ت ئا بڕۆ دوو چامان بۆ بێنه).
له‌ڕاستیدا خه‌زورم پیاوێکی خوێنده‌وار و تێگه‌یشتوو و هێمن بوو، مامۆستای خانه‌نشین بوو، زۆربه‌ی ئه‌و جارانه‌ی ڕێم بکه‌وتایه ماڵیان کتێبم به‌ده‌سته‌وه ده‌بینی که خه‌ریکی خوێنده‌وه ده‌بوو، هێمن و که‌م دوو بوو، زۆریش جگه‌ره‌ی ده‌کێشا، خه‌سووم پێچه‌وانه‌ی خه‌زورم بوو، ژنێکی قسه ڕه‌ق و قسه له‌ڕووه.
که خه‌سووم چوو بۆ هێنانی (چا)، خه‌زورم ماتییه‌ک گرتبووی و هیچ قسه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌کردم، خۆی به جگه‌ره کێشان و بادانی میلی ڕادیۆکه‌یه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کرد، هه‌ستم ده‌کرد خواستێکی ئه‌وتۆی نه‌بێت بۆ قسه کردن له‌گه‌ڵمدا، بۆیه ناچار من ده‌ستم کرد به‌قسه کردن له‌گه‌ڵیدا:
- مامه ته‌ندروستیت چۆنه ئێستا؟
- خراپ نیم .. باشم.
خه‌سووم خۆی کرد به‌ژووردا و (چا)کانی هێنا، بۆی داناین و چووه ده‌ره‌وه، خه‌زورم (چا)که‌ی تێکدا و قومێکی خوارده‌وه، ڕووی تێ‌کردم و گوتی: (ئازاد. ده‌توانم پرسیارێکت لێبکه‌م؟)، منیش که خواخوام بوو قسه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی کێشه‌که‌م ده‌ستپێبکات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه بهێنمه دی که له‌پێناویدا هاتبووم، ئه‌ویش بردنه‌وه‌ی هاوسه‌ر و منداڵه‌که‌م بوو، ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامم دایه‌وه: (به‌ڵێ مامه، فه‌رموو).
- کاتی خۆی که‌بڕیاری ژنهێنانت داوه، به چ مه‌به‌ستێک ژنت هێنا؟ بۆچی ژنت هێنا؟
- (پرسیارێکی زۆر قورس بوو بۆ من، چونکه من کاتێک بڕیاری ژنهێنانمدا، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که له‌گێژاوی دۆسته‌که‌م ڕزگارم بێت، به‌ڵام خۆ نه‌ده‌کرا دان به‌م ڕاستییه‌دا بنێم له‌به‌رده‌می خه‌زورمدا) وه‌ڵا مامه گیان بڵێم چی، وه‌کو هه‌موو گه‌نجێک بۆ ئه‌وه‌ی ببمه خاوه‌ن کیانێکی خۆم و جێگیر ببم له‌ژیاندا.
- ئینجا ئه‌و ئامانجانه‌ت بۆ هاته دی به ژنهێنانه‌که‌ت؟
- (ده‌مم بوو به‌ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، نه‌مزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌مه‌وه، بۆیه ناچار بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد).
- کوڕم ئازاد، من له تۆ ده‌پرسم، تۆ ئێستا له‌جێی من بیت، هه‌ڵوێستت چی ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌م کێشه‌یه؟
- (دووباره بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد).
- ده‌توانم بزانم هۆی ئه‌م هاتنه‌ت چییه؟ بۆ وا به‌م ناوه‌خته هاتیت؟
- (ناچاربووم بکه‌ومه قسه‌کردن و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی بده‌مه‌وه)، مامه گیان به‌ڕاستی من هاتووم داوای لێبوردن له‌ئێوه بکه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوودا ڕوویدا و خێزان و منداڵه‌که‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا ببه‌مه‌وه، به‌ڕاستی مامه دوێنێ شه‌و هه‌ر نه‌نوستم، زۆر نائارام بووم، چاوم به‌ڕابردووی خۆمدا خشانده‌وه، خۆمم بینی له چ گێژاوێکدام، بۆیه بڕیارمدا کۆتایی به‌و ڕابردووه ناشیرینه بهێنم و لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ هه‌ڵبده‌مه‌وه.
- جا بۆ داوای لێبوردن له من ده‌که‌یت؟ تۆ کێشه‌ت له‌گه‌ڵ مندا نی‌یه، کێشه‌ت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی خۆتدا هه‌یه، بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ویش به‌ده‌ست من نی‌یه، به‌ڵکو خۆی بڕیار له‌سه‌ر ژیانی خۆی ده‌دات. ئازاد.. من یه‌کجار زوڵمم له‌و کچه‌ی خۆم کردووه که هاوسه‌ری تۆیه، ئه‌ویش ئه‌و کاته بوو که باوکت و دایکت هاتن بۆ داوای، زوڵمه‌که‌ی من ئه‌وه بوو که من ڕازی بووم و چاکی باوکت و دایکتم کرد به‌پێوه‌ر بۆ تۆ، ئێمه کچمان ده‌دا به تۆ نه‌ک به دایک و باوکت، که‌چی ئه‌وه‌ی لێم نه‌کۆڵییه‌وه تۆ بوویت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه که نه‌ک هه‌ر من کردوومه به‌ڵکو به‌داخه‌وه زۆرێک له دایکان و باوکانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه کردوویانه و ده‌یکه‌ن، له‌ڕوانگه‌ی باوک یان دایکه‌وه ده‌ڕواننه کوڕ یان کچه‌کانیان، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، ده‌زانی ئازاد من ئێستا بڕوام به‌و په‌نده کوردییه نی‌یه که‌ده‌ڵێت (گیا له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌ڕوێت)، به‌ڵام تازه بڵێم چی، ڕابردوو ناگه‌ڕێته‌وه، به‌هه‌رحاڵ کوڕم، ئه‌گه‌ر خۆی ڕازی بوو بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌و کاته من قسه‌ی خۆم ده‌که‌م، ئازاد… ده‌زانی چه‌ند زه‌حمه‌ته به که‌سێک بڵێیت وه‌ره بچۆره ناو دۆزه‌خه‌وه؟
- مامه گیان بڕیارمداوه ئه‌و دۆزه‌خه بگۆڕم به به‌هه‌شت، مامه گیان تۆ گه‌وره‌ی هه‌موومانی ده‌بێت قسه‌یه‌کی خێر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بکه‌یت.
- ده‌زانی هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ی مرۆڤ به خێری ده‌بینێت دواتر شه‌ڕی تووش ده‌بێت؟، چه‌ند ساڵه ئێوه له‌م کێشمه‌کێشه‌دا ده‌ژین تائێستا منت بینی قسه له هیچ شتێکدا بکه‌م؟ کوڕم ئازاد، من نه‌مبینی ڕۆژێک بێیته لام و سکاڵایه‌ک بکه‌یت له‌سه‌ر ژیانی خێزانیت و داوای ئه‌وه له من بکه‌یت قسه‌ی تێدا بکه‌م، ده‌زانی بۆ نه‌هاتوویت؟ چونکه کێشه و هه‌ڵه‌کان و سه‌رچاوه‌ی گرفته‌که له خودی خۆتدایه نه‌ک لای من یان خه‌سووت یان که‌سێکی تر، به‌هه‌رحاڵ من پێم باشه کات زیاتر بدرێت به‌م کێشه‌یه تاکو ڕێگه‌ی ته‌واوی خۆی بدۆزێته‌وه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر، ئه‌ویش من بڕیارده‌ر نابم تیایدا.
- مامه گیان تکات لێده‌که‌م، من ئێستا واهاتووم، ئاشتی و منداڵه‌که ببه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ خۆم، له‌ڕێوه ده‌یانبه‌مه‌وه ماڵی باوکم، ده‌زانی مامه باوکم چه‌ند تامه‌زرۆی (هه‌رژین)ی کوڕمه تاکو له ئامێزی بگرێت؟ من به‌ڵێن ده‌ده‌م ئه‌مه دواجار بێت، دان به‌هه‌ڵه‌ی خۆمدا ده‌نێم و ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌ڕێی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم لاناده‌م.
- کوڕم ئازاد، تۆ پێنج کیلۆ هه‌ڵبگریت که‌متر ماندوو ده‌بیت هه‌تا ده کیلۆ، ده کیلۆ هه‌ڵبگریت که‌متر ماندوو ده‌بیت له‌چاو بیست کیلۆدا، من ڕام وایه ئێوه هه‌ردووکتان ماندوون، له‌وه زیاتر ماندوو نه‌بن باشتره.
- (نه‌مده‌زانی چی بڵێم و چی بکه‌م، هه‌ستم ده‌کرد خه‌زورم هه‌موو ڕێگاکانم لێداده‌خات، گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌م هاتنه‌م بێ ئه‌نجام ده‌بێت)، مامه گیان ده‌توانم قسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ (ئاشتی)دا بکه‌م؟ چاوێکم به (هه‌رژین) بکه‌وێت؟.
- له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێستا نووستوون و کاته‌که نه‌گونجاوه، با هه‌ڵیبگرین بۆ ده‌رفه‌تێکی تر.
- (هیچم پێنه‌گوترا، هه‌ستامه سه‌ر پێ و ماڵئاواییم کرد و به دڵی شکاوه‌وه هاتمه ده‌ره‌وه و سواری ئۆتۆمبێله‌که‌م بووم و به‌ره‌و ماڵی باوکم گه‌ڕامه‌وه).
له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌مدا به‌ده‌م لێخوڕینه‌وه هه‌ر خه‌یاڵ بوو به‌مێشکمدا ده‌هات و ده‌چوو، هه‌ستم ده‌کرد ئه‌مه یه‌که‌م جاره ئه‌م دڵشکاوییه گه‌وره‌یه به‌خۆمه‌وه ببینم، به‌زه‌ییم به‌خۆمدا ده‌هاته‌وه، به‌ڵام دواتر به خۆشم ده‌گوت، باشه من درێژایی ئه‌م چه‌ند ساڵه دڵی ئاشتی ده‌شكێنم، با جارێکیش دڵی من بشکێت.
ئه‌وه‌نده له خه‌یاڵ و په‌رت و بڵاوی بیرمدا بووم نه‌مزانی چۆن گه‌شتمه به‌ر ماڵی باوکم، کاتێک چوومه ژووره‌وه هه‌موویان دانیشتبوون وه‌ک ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ڕوودانی ڕووداوێک یان بیستنی هه‌واڵێک بکه‌ن. به‌گه‌یشتنم بۆ ژووره‌وه دایکم باوه‌شی پێداکردم و ده‌ستی به‌گریان کرد.
- باوکه گیان .. دایکه گیان، ده‌زانن له‌کوێ بووم به‌م به‌یانییه؟ چووم بۆ ماڵی خه‌زورم، ویستم ئاشتی و هه‌رژین بهێنمه‌وه، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌یانهێشت به‌ڵکو نه‌شیانهێشت بیانبینم، بابه گیان چی بکه‌م، خه‌ریکه شێت ده‌بم، ده‌مه‌وێت بۆ هه‌تاهه‌تایه خۆم له‌م گێژاوه ڕزگار بکه‌م که تێیکه‌وتووم، په‌یمانتان ده‌ده‌مێ ئیتر ته‌واو، بابه گیان.. دایه گیان ئێوه بچن بۆ ماڵی باوکی ئاشتی و قسه‌یه‌کی تێدا بکه‌ن. ئیتر به‌رگه‌ی ئه‌و ژیانه‌ی پێشووم ناگرم، زۆر زۆر په‌شیمانم.
باوکم که بێتاقه‌تی و تووڕه‌یی لێده‌باری وه‌ک بڵێی زۆر دانی به‌خۆیدا گرتبێت:
- ئازاد به‌سه له‌مه زیاتر عه‌یببارمان مه‌که، تۆ و ژنهێنانیان نه‌گوتووه، هه‌ڵه‌یه‌ک بوو کردمان و ته‌واو، بڕۆ خه‌ریکی کار و کاسبی خۆتبه و سه‌ر ئێشه له‌من لابده، (به‌تووڕه‌ییه‌وه) چیتر به‌رگه‌ی خه‌م و خه‌فه‌تی تۆ ناگرم، تووشی هه‌زار و یه‌ک ده‌رد بووم به‌هۆی تۆوه. ئێمه‌ت شه‌رمه‌زاری دنیا و قیامه‌ت کرد، ماڵی خه‌زورت پانزه ساڵ دراوسێی یه‌کتر بووین له خانووه‌که‌ی ئه‌ولامان، نان و نمه‌کمان له‌نێواندا بوو، هێشتا ئه‌وان پیاون له‌گه‌ڵماندا، به‌خوا ئه‌گه‌ر زاوای خێزانی خۆی ده‌بووی له‌م شاره‌دا ڕیسوایان ده‌کردیت له‌سه‌ر کچه‌که‌یان.
دایکم هێشتا فرمێسک به‌چاوانییه‌وه قه‌تیس مابوون، به‌بێ ئومێدییه‌که‌وه چاوێکی لێ نوقاندم، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک که بێده‌نگی لێبکه‌م، بۆیه منیش بێده‌نگیم لێکرد، پاشان دایکم گوتی:
- کوڕم هه‌سته بابچینه ئه‌ودیو چایه‌ک.. پاروویه‌ک نان بخۆ.
له‌گه‌ڵ دایکم چووینه هۆڵه‌که و نانی به‌یانی بۆ هێنام و گوتی:
- ئاخ له‌ده‌ست تۆ ڕۆڵه، چه‌ند جار هاوارم لێکردیت به‌سه.. ڕۆڵه به‌سه.. کوڕم به‌سه، کوڕم شه‌ره‌فی خه‌ڵک گاڵته نی‌یه، هه‌ر گوێت لێنه‌گرتم… ئازاد من ده‌توانم ئه‌م کێشه‌یه‌ت بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌م، به‌ڵام ئاوا به‌په‌له‌په‌ل نابێت وه‌ک تۆ ده‌ته‌وێت..
- ئه‌ی که‌ی دایه؟ ئاخر من واخه‌ریکه شێت ده‌بم.
- کوڕم کێشه‌ی چه‌ند ساڵێک به خوله‌کێک و دووان چاره‌سه‌ر ناکرێت.. تۆ بڕۆ به‌لای کاروکاسبی خۆته‌وه، وه‌ره‌وه بۆ ئێره بۆ نان خواردن و نووستن، مه‌چۆره‌وه ماڵه‌که‌ی خۆت.
ئه‌و په‌یامانه‌ی له ماڵی خه‌زورم و باوکمه‌وه پێمگه‌یشتن گه‌یاندمیانه چه‌ند شتێک، ئه‌وانیش: ئه‌م داوایه‌ی من هه‌مه قورسه و به‌ئاسانی جێبه‌جێ نابێت، هیچ لایه‌کیان متمانه‌یان پێم نه‌ماوه، هیچ لایه‌کیشیان گه‌شبین نین به من و به مه‌سه‌له‌که. که خۆمم له‌م هه‌ڵوێسته‌دا بینییه‌وه، قێزم له‌خۆم ده‌هاته‌وه، ڕقم له‌خۆم بوو، ئینجا زانیم ئه‌و ژنه‌ی دۆستم چۆن ژیانی منی تێکداوه و بۆیه سات دوای سات ڕقم زیادی ده‌کرد به‌رامبه‌ر خۆم و ئه‌ویش. له‌ماڵی باوکم هاتمه ده‌ره‌وه، هێنده بێتاقه‌ت بووم له‌خۆمڕانه‌ده‌بینی ئۆتۆمبێله‌که‌م لێ‌بخوڕم، ناچار که‌مێک به‌پێ ڕۆشتم هه‌تا بگه‌مه سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌که‌ییه‌که بۆ ئه‌وه‌ی تاکسییه‌ک بگرم و بچم بۆ بازاڕ، مۆبایله‌کانم کرده‌وه، ده‌ستبه‌جێ دۆسته‌که‌م بیر که‌وته‌وه، یه‌که‌م جار بوو له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌و ژنه‌ی دۆستم بۆماوه‌ی چه‌ند ده‌مژمێرێک له‌ژیانمدا چووبێته ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها یه‌که‌م جاریش بوو له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشوودا ئه‌م هه‌ستێکی پڕ له کینم هه‌بێت به‌رامبه‌ر دۆسته‌که‌م، ده‌تگوت له‌دنیایه‌کی تردام… زۆر جیاوازبوو له‌و دنیایه‌ی ته‌نها ڕۆژێک پێش ئه‌وه تیایدا بووم، ئه‌و چۆته‌وه ماڵی باوکی به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووکمان جیاببینه‌وه له هاوسه‌ره‌کانمان و به‌یه‌ک بگه‌ین، هه‌روه‌ک په‌یمانمان به‌یه‌کدابوو، به‌ڵام ئه‌و په‌یمانه و ئه‌و یادگارییانه‌ی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا هه‌مبوو له‌گه‌ڵیدا و ته‌نانه‌ت خودی دۆسته‌که‌شم هه‌مووی ڕه‌ش بووبوون له‌به‌رچاومدا و هه‌ستم به‌تێکشکانی که‌سێتی خۆم ده‌کرد، خۆمم ده‌خوارده‌وه و هه‌ستم ده‌کرد به‌ره‌و شه‌ڕه‌نگێزی ده‌چم، زه‌نگێکم بۆ لێدا به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو، خۆم پێنه‌گیرا نامه‌یه‌کم بۆ نارد تیایدا نووسیم: (سۆزانی چاک ژیانی منت تێکدا، نه‌فره‌تت لێبێت)، مۆبایله‌کانم داخست و به‌ره‌و شوێنی کارکردنم ڕێکه‌وتم.
دایکم و خوشکه‌که‌م پاش نیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ چووبوون بۆ ماڵی خه‌زورم تاکو قسه له‌م مه‌سه‌له‌یه بکه‌ن، به‌درێژی قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئاشتی و خه‌سوومدا کردبوو، ئاشتی قسه‌یه‌کی سه‌یری پێگوتبوون که به‌ڕای من له قسه‌ی باوکی ده‌چوو نه‌ک خۆی: (من هۆکاری کێشه‌که نیم، ئێوه هه‌قه بچن بۆ لای دۆسته‌که‌ی ئازاد، قسه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بکه‌ن، ئه‌و خۆی هۆکاری تێکدانی ژیانی ئێمه‌یه و چاره‌سه‌ریش لای ئه‌وه)، ئه‌م قسه‌یه‌ی ئاشتی کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر دایکم و خوشکه‌که‌م و به‌کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌یان دانابوو، بۆیه زۆر به‌نهێنییه‌وه بڕیاری ئه‌وه‌یاندابوو له‌ڕێی دراوسێ دوکانێکمه‌وه که دووره خزمێکی دایکم بوو، ناونیشانی ماڵی ئه‌و ژنه‌ی دۆستم و ناونیشانی ماڵی باوکی وه‌ربگرن، به‌ڵام دایکم له‌سه‌ر ئه‌وه پێیداگرتبوو که ده‌بێت (ئاشتی)ش وه‌ک هاوسه‌ری ئازاد له‌گه‌ڵیاندا بچێت و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌یه‌کجاری ببڕێننه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه‌دا، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و ژنه بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌ستبه‌رداری من بێت و ئاشتی و منداڵه‌که‌م بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لام، یان ئه‌وه‌تا ئاشتی ته‌ڵاقی خۆی وه‌ربگرێت له من و خێزانه‌که هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. ئاشتی به‌م مه‌رجه‌ی دایکم ڕازی بووبوو. بۆیه بڕیاریاندا بوو ئیش له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌م پلانه بکه‌ن.
دۆسته‌که‌م زه‌نگی بۆ لێدام و زۆر به‌تووڕه‌ییه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم:
- ئه‌وه به کێ ده‌ڵێی سۆزانی؟ ئه‌م قسانه چییه ئازاد، ئێمه په‌یمانی چیمان به‌یه‌کتر دابوو، ئه‌وه من چه‌ند ڕۆژێکه له‌ماڵی باوکمم، چاوه‌ڕێی تۆم. بۆ وا گۆڕایت به‌خێرایی؟ چی ڕوویداوه؟ ئازاد وازم لێبێنی هه‌ر به‌ڕاستی ده‌بم به‌سۆزانی هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سێکدا ده‌ڕۆم.. که‌یفی خۆته.
- (ئه‌م قسانه‌ی ئه‌و هێنده‌ی تر تووڕه‌ی کردم) ده‌بڕۆۆۆۆۆ ئه‌ولاتر بچیت، چی ده‌که‌ی بیکه.. مێردت هه‌یه و که‌سوکارت هه‌یه.. خۆ من به‌رپرسی تۆ نیم، تۆ هه‌موو گه‌نجێتیت بردم، هه‌موو ژیانم له‌گه‌ڵ تۆدا بووه خه‌م و خه‌فه‌ت و کێشه و ئاژاوه، که‌سوکار و ژن و منداڵت لێکردم، ئێستا له‌ناو که‌سوکارمدا حسابی یه‌ک پولی قه‌ڵبم بۆ ناکرێت، هه‌مووی به‌هۆی تۆوه واملێهات، دوا قسه‌م بۆ تۆ.. وازم لێبێنه.. من له‌ئێستاوه ژماره‌ی مۆبایله‌کانم ده‌گۆڕم.. بچۆره‌وه لای مێرده‌که‌ی خۆت، ئیتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ هیوایه‌کت به من نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر ژن و منداڵه‌که‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ لام ژیانی من بۆ ئه‌وان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌شگه‌ڕێنه‌وه ئه‌وا ده‌بێت وه‌ک باجێک بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی تۆ پێتکردم هه‌تاهه‌تایه ژن نه‌هێنم و خزمه‌تی دایک و باوکم ده‌که‌م. (مۆبایله‌که‌م داخسته‌وه به‌سه‌ریدا)
ئێواره گه‌ڕامه‌وه ماڵی باوکم، زۆر بێتاقه‌ت بووم یه‌کسه‌ر خه‌وم لێکه‌وت، کاتێکم زانی دایکم به‌هێواشی با‌نگم ده‌کات:
- ئازاد.. کوڕم ئازاد.. هه‌سته نانه‌که‌ت بخۆ.. وا شه‌و دره‌نگ ده‌کات، تۆ نانه‌که‌ت بخۆ ئینجا من و تۆ دوو قسه‌ی خۆش ده‌که‌ین.
دایکم وه‌ک بڵێی ده‌یه‌وێت بمخه‌ڵه‌تێنێت، وه‌ک منداڵیی جاران مامه‌ڵه‌ی ده‌کردم.. هه‌ستم ده‌کرد زۆر به‌زه‌یی به‌مندا ده‌هاته‌وه، له‌به‌ر دڵی ئه‌و هه‌ستام و ده‌موچاوم شت و نانم خوارد. دایکم بانگی خوشکه‌که‌می کرد و هاته ته‌نیشتمه‌وه و گوتی:
- ئازاد.. تۆ به‌ته‌مای چیت کوڕم؟
- دایه گیان من وازم له‌هه‌موو شتێک هێناوه، ده‌مه‌وێت خۆم و ئاشتی و منداڵه‌که به‌یه‌که‌وه بژین و ته‌واو.
خوشکه‌که‌م گوتی:
- کاکه ئازاد ده‌زانیت ئه‌م ژیانه‌ی تۆ له یاری مشک و پشیله ده‌چێت، که پشیله‌که ده‌رده‌که‌وێت مشکه‌که ده‌ڕوات و خۆی ده‌شارێته‌وه.
- ئه‌مه چییه ئاواز؟ هه‌مووتان لێم بوون به فه‌یله‌سوف..
- کاکه گیان من ته‌نها یه‌ک پرسیار له تۆ ده‌که‌م، به‌ڵام توخوای گه‌وره وه‌ڵامم بده‌ره‌وه بێ تووڕه‌بوون.
- ئاده‌ی.
- سبه‌ینێ که من شووم کرد، تۆ قبوڵ ده‌که‌یت هاوسه‌ره‌که‌ی من وه‌ک ئێستای تۆ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ مندا بکات؟
- ئاواز ده‌زانی من له گرفتێکی زۆر گه‌وره‌دام؟
- ده‌زانم کاکه گیان، سوێندم دایت وه‌ڵامی پسیاره‌که‌م بده‌ره‌وه.
- نه‌خێر لێی قبوڵ ناکه‌م.
- که‌واته له چاره‌سه‌ر نزیک بووینه‌وه
- چۆن؟
- کاکه گیان ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگاداربین، من و دایکم، ئاشتی ده‌زانێت چی ده‌وێت بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لات؟
- چۆن ده‌زانی چی ده‌وێت؟ چوون بۆ ماڵیان؟
- کاکه گیان گه‌ره‌نتی ده‌وێت؟ تازه باوه‌ڕیان به قسه و به‌ڵێنی تۆ نه‌ماوه، ئه‌مه یه‌که‌مجاریان نی‌یه له‌گه‌ڵ تۆ، ئه‌وان پێیان وایه ده‌بێت ئه‌و ژنه نه‌گبه‌ته‌ی تر به‌ته‌واوه‌تی له‌ژیانی تۆدا بسڕدرێته‌وه ئینجا ده‌کرێت..
- ئاواز من به‌وانیش و به‌ئێوه‌شم گوتووه.. ته‌واو.. ئاشتی نه‌شگه‌ڕێته‌وه بۆ لام من تازه ئه‌و سڕایه‌وه له‌مێشک و هه‌ستی مندا.
دایکم زۆر تووڕه بوو:
- یه‌ک زه‌ڕڕه عه‌قڵت هه‌بووایه ده‌بوایه بتزانیانه، ژنێک وه‌فای بۆ مێردی خۆی نه‌بێت هه‌رگیز وه‌فای بۆ تۆ نابێت، ئه‌و ناپاکی له‌مێرده‌که‌ی خۆی بکات له‌تۆشی ده‌کات.
ئاواز گوتی:
- باشه کاکه من له‌وه تێناگه‌م، ئه‌و ژنه ئه‌گه‌ر مێرده‌که‌ی به دڵ نی‌یه و به‌خته‌وه‌ر نی‌یه له‌گه‌ڵیدا، بۆ چه‌ند ساڵه لێی جیانه‌بۆته‌وه؟ بۆ ده‌بێت له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و مێرده داماوه‌یدا ئه‌و هه‌موو ناپاکییه بکات؟
- تکاتان لێده‌که‌م به‌جێم بهێڵن مێشکم زۆر ماندووه، ده‌مه‌وێت که‌مێک پشوو بده‌م، (هه‌ردووکیان هه‌ستان، دایکم له‌کاتی ڕۆشتندا گوتی: بنوو کوڕم خوا گه‌وره‌یه، چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین).
دایکم و ئاشتی و ئاوازی خوشکم سه‌رقاڵی جێبه‌جێکردنی پلانه‌که‌یان بوون به‌نهێنی، به‌هه‌ر کلۆجێک بێت خۆیان گه‌یاندبووه ماڵی باوکی دۆسته‌که‌م، پێش نیوه‌ڕۆیه‌ک چووبوون، تاکو پیاویان له‌ماڵه‌وه نه‌بێت، ته‌گبیره‌که‌یان واکردبوو ئه‌گه‌ر پیاویان له‌ماڵه‌وه بێت ئه‌وا به‌ناوی ئه‌وه‌وه هاتوون که گوایه پرسیار له کچێکی دراوسێی ئه‌وان ده‌که‌ن و به‌ته‌مان بۆ کوڕێکی خۆیان بیخوازن، ئه‌گه‌ر، پیاویشیان له‌ماڵه‌وه نه‌بێت ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ قسه‌ی خۆیان بکه‌ن. ڕێکه‌وت له‌به‌رژه‌وه‌ندی دایکم و ئه‌وان بووه و ته‌نها ژنه‌که‌ی دۆستم له‌ماڵه‌وه بووه له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌یدا که له حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌دا خه‌ریکی یاریکردن بووه و دایکی ئه‌و ژنه له‌نه‌خۆشخانه بووه به‌دیار خوشکێکییه‌وه بووه که نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجامدراوه.
دواترین جار ده‌ستكاری كراوه له‌لایه‌ن marko zangana (2011-04-01 20:45:43)


له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه
پهڕهكان: 1
