❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / نالی و ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2011-07-16 23:22:34

چالاک
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-06-17
دواترین سه‌ردان: 2013-01-28
په‌یامه‌كان: 143
WindowsFirefox

نالی و ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌

نالی و ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌
موراد ئه‌عزه‌می
بۆ دامه‌زراندنی نیزامێكی بایه‌خ دانه‌ر و سه‌نگ و سووككردنی به‌رهه‌م و ده‌قی شاعیر و نووسه‌ر و داهێنه‌ره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هه‌ر به‌ره‌یه‌ك، هه‌ندێك سه‌نگی محه‌ك و پارسه‌نگ ده‌ستنیشان ده‌كرێن و پێداگرییان له‌سه‌ر ده‌كرێ. له‌ وڵاتی ئێمه‌دا و به‌ درێژاییی مێژوو، وێڕای كۆی پێودانگه‌ ئه‌ده‌بییانه‌ی بۆ ئه‌م كاره‌ ده‌كار كراون، به‌ حوكمی شێوه‌ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ كورد، پارسه‌نگی نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ناسیۆنالیزم و چه‌مكی به‌ربه‌ست بوون، به‌رچاوترین پێودانگ بووه‌. دیاره‌ ئه‌م پارسه‌نگه‌ له‌ بازنه‌ی پێودانگه‌ئه‌ده‌بییه‌كان (وه‌ك فۆرم و زمان و ته‌مهیده‌ جوانیناسانه‌ و به‌لاغییه‌كان و...)دا ناگونجێ و زۆرتر به‌ لای پانتاییی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریدا ده‌شكێته‌وه‌. به‌و حاڵه‌یش: ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ، بارساییی زه‌ینی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری زۆرێك له‌ توێژه‌ر و ڕه‌خنه‌گری وڵاتی ئاخنیوه‌.
ئاشكرایه‌، به‌ هۆی نائه‌ده‌بیبوون و كۆمه‌ڵایه‌تی- ڕامیاریبوونی ئه‌م دیارده‌یه‌، پێویسته‌ له‌ كاتی ده‌كاركردنی دا وپێوانی ده‌قێك به‌ پێی ئه‌م گه‌زه‌، به‌ستێنه‌ مێژوویی- كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی ڕوون بكرێته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م به‌ستێنه‌دا قه‌واره‌ی ده‌ق گه‌ز بكرێ. كه‌چی له‌ زۆربه‌ی بۆچوون و پێوانه‌كاندا، به‌ شێوه‌ی ڕه‌ها و ئابستراكت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێودانگێكی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆبیت، ده‌كار كراوه‌. ده‌كاركردنی ئه‌م جۆره‌ پێودانگانه‌، ڕه‌خنه‌ داوێته‌ داوێنی سیسته‌مێكی دوالیزمییه‌وه‌. به‌م جۆره‌ گوتاری ڕه‌خنه‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ته‌قلیل گه‌رایانه‌دا، زۆربه‌ی لایه‌نه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ده‌ق له‌ كیس ده‌دات، ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ڕێك دیاركردنی ئه‌ده‌بییه‌تی ده‌قیان له‌ ئه‌ستۆیه‌.
یه‌ك له‌و ده‌قانه‌ی كه‌ به‌ پێی ئه‌و پێودانگه‌، دابڕاو له‌ به‌ستێنه‌ مێژوویی- كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی و، له‌ ناخی سیسته‌مه‌ دوالیزمه‌ ته‌قلیلگه‌رایه‌كه‌دا، سه‌نگ و سووككراوه‌ و به‌ سووك دانراوه‌، ده‌قی شیعره‌كانی (نالی)یه‌.
كه‌سانێكی وه‌ك گیوی موكریانی، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ڕوانیویانه‌ته‌ ئه‌ده‌ب و ده‌قی ئه‌ده‌بی، بۆیه‌ش پێیان وایه‌ نالی چی بۆ كورد و كوردستان نه‌كردووه‌. ته‌نانه‌ت به‌ دڵڕه‌قی و بێبه‌زه‌یی له‌ حاند كورددا تاوانبار كراوه‌، له‌وه‌ش سه‌یرتر، به‌ هه‌وا و هه‌وه‌س په‌ره‌ستی له‌ جیاتی نیشتمان په‌ره‌ستی تۆمه‌تبار ده‌كرێ. تاقانه‌ هۆی ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نائه‌ده‌بییانه‌یش، سیسته‌مه‌ دوالیزمه‌ ته‌قلیل گه‌رایانه‌كه‌یه‌، كه‌ جه‌مسه‌رێكی ئه‌و ده‌قانه‌ن كه‌ چه‌مكی نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕێ و به‌ ده‌قگه‌لی سه‌ركه‌وتوو دێنه‌ ئه‌ژمار و جه‌مسه‌ری دیكه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ن، كه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ زۆر به‌رچاو نییه‌، كه‌ وابوو سه‌ركه‌وتوو نین. دنیایه‌كی ڕه‌ش و سپی كه‌ هه‌ر ئاوا به‌ سانایییش چاك و خراپ لێك جودا ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌و جۆره‌ خوێندنه‌وانه‌، له‌ باری ته‌ئویلیه‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ خانه‌ی ته‌ئویلی داخراوه‌وه‌، له‌ به‌رابه‌ر ته‌ئویلی كراوه‌دا. وه‌ك ڕێبوار سیوه‌یلی له‌ پێشه‌كی كتابه‌كه‌ی له‌سه‌ر نالی ده‌ڵێ:
"هه‌ر ته‌ئویلێك كه‌ بیه‌وێ له‌سه‌ر ئاستی شیعره‌كانه‌وه‌، ته‌نیا وه‌ك "ناسیۆنالیستێك"، وه‌ك "مسوڵمانێك" یان وه‌ك "یاخییه‌ك" نالیمان پێ بناسێنێ، ته‌ئویلێكی داخراوه‌ و ده‌یه‌وێ خه‌سڵه‌تی مرۆڤێكی هه‌ستیار له‌م شاعیره‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، كه‌ مرۆڤێكی كراوه‌ بووه‌ به‌ ڕووی جیهاندا و دنیای له‌ فره‌ڕه‌هه‌ندیدا ئه‌زموون كردووه‌. وه‌لێ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ر ته‌ئویلێك بیه‌وێ شیعرییه‌تی به‌رهه‌مه‌كانی نالی و تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌ك به‌رهه‌می ئیبداعی بخوێنێته‌وه‌، ته‌ئویلێكی كراوه‌یه‌ و دووره‌ له‌ به‌ ئایدیۆلۆژیكردنی شیعر. ته‌ئویلی كراوه‌، واته‌ خۆئاماده‌كردن بۆ وازهێنان له‌ حوكمه‌ پێشینه‌كانمان و قبووڵكردنی تێگه‌یشتنی پاڵێوراوتر و نوێتر له‌سه‌ریان." لا13
تۆ بڵێی به‌رهه‌مه‌كانی نالی دووربن له‌ هه‌ر جۆره‌ لایه‌نێكی نیشتمانپه‌روه‌ری؟ واتا به‌ گوته‌ی مامۆستا گیو، هیچی بۆ كورد تێدا نییه‌؟
ئه‌گه‌ر بێتوو (تعهد) هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی باس كرا وه‌ربگرین، جگه‌ له‌ یه‌ك دوو شوێنی په‌رژوبڵاو، چ له‌ دیوانه‌كه‌ی نالی له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ستمان ناگری. چونكه‌ له‌ واقیعدا جنسی گوتاری نالی و زمانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی، دووره‌ له‌ درووشم و زمانی ڕووكه‌شیی پێداهه‌ڵكوتن. به‌ڵام تۆ بڵێی (تعهد) له‌ شیعردا هه‌ر درووشم و ده‌ربڕینی ڕاسته‌وخۆی هه‌ستیی نیشتمانپه‌روه‌ری و باوه‌ڕی ڕامیاری و... بێت و لایه‌نێكی ناسكتر و زه‌ریفتر و ئه‌ده‌بیتری بۆ ڕه‌چاو نه‌كرێ؟
ئه‌گه‌ر شیعر بینایه‌كی زمانییه‌ و خشت و مۆره‌ی له‌ پیت و واژه‌ و ڕسته‌ پێك دێت، كه‌وابوو ئه‌ركی سه‌رشانی له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا، هه‌ڵبژاردنی جوانترین، به‌جێترین و ڕێكوپێكترین كه‌لوپه‌لی بیناسازییه‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی بینایه‌كی ڕێكتر و له‌ بارتر و ماناتر له‌ پانتازمانییه‌كه‌ی خۆیدا. ئه‌وه‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی سه‌ر شانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، له‌ جۆری شیعره‌، بۆ خزمه‌تی باشتر به‌ زمان و ئه‌ده‌بی وڵات و گه‌له‌كه‌ی.
بڵێی نالی له‌م باره‌شه‌وه‌ چی له‌ ده‌ست و باڵاندا نه‌بووبێ؟
ئا ڕێك لێره‌دایه‌، كه‌ نالی به‌و قودره‌ته‌ زمانییه‌ی له‌ ده‌قه‌كانیدا به‌رچاون، زۆرترین خزمه‌تی به‌ ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی كردووه‌. ئه‌م قودره‌ته‌ زمانییه‌، ده‌بێ كامه‌ بن؟ نالی چیی كردووه‌ له‌ ده‌قه‌كانیدا، كه‌ نازناوی ساحیری وشه‌ پڕ به‌ پێستی بێ؟
ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من، كوردی ئه‌گه‌رئینشاده‌كا،
ئیمتیحانی خۆیه‌ مه‌قصوودی، له‌ عه‌مدا واده‌كا
یاله‌ مه‌یدانی فه‌صاحه‌تدا به‌ میسلی شه‌هسه‌وار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌و هه‌موو نه‌وعه‌ زووبانی ڕاده‌كا
كه‌س به‌ ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه‌ خۆكردییه‌
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عناده‌كا (لا106، 107)
نالی به‌ چه‌ند ڕه‌فتاری داهێنه‌رانه‌ و ڕچه‌شكێنانه‌،بناغه‌ی قوتابخانه‌ی بابانی داڕشت و سوننه‌تێكی نوێی شیعری له‌ پانتاییی ئه‌ده‌بی كوردیدا، دامه‌زراند. ئه‌م ره‌فتارانه‌ كورت و خێرا ده‌لوێ ئاوا بن:
1. لادان له‌یاسا چه‌سپاوه‌كانی فۆرمیك وناوه‌ڕۆكیی غه‌زه‌ل.
2. ده‌كاركردنی جه‌سوورانه‌ی پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانه‌ی دیالێكتی زاراوه‌ی سۆرانی، به‌ مۆسیقای شیعری عه‌رووزی.
3. ده‌كاركردنی چه‌مكی ناشیعری (به‌ پێی دابه‌ شیعرییه‌كانی سه‌رده‌م) له‌ ده‌قی جددیدا و ئه‌سپاردنی ئه‌ركی جوانیناسانه‌ به‌م دیارده‌ ناشیعرییانه‌ (وه‌ك پێ هه‌ڵكوتنی شاعیرانه‌ به‌ كه‌ره‌كه‌ی، یان گوتاری بێوێنه‌ی ئیرۆتیكیی مه‌ستووره‌...) و هه‌راو كردنه‌وه‌ی هه‌ته‌ری تێم و ناوه‌ڕۆكه‌كانی باوی ده‌قی شیعری.
4. ته‌قاندنه‌وه‌ی زیاتری زه‌رفییه‌تی واژه‌ و دیاركردنی پتری لایه‌نه‌ فۆرمیك و مانایییان و خوڵقاندنی بارستایییه‌ك بۆ هه‌ڵسووڕانی ڕه‌های واژه‌ (به‌ تۆزێك ته‌سامووحه‌وه‌ ڕێم بده‌ن پێی بڵیین ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌).
به‌ پێی ئه‌م خاڵانه‌ و زۆر ڕه‌فتاری داهێنه‌رانه‌ی تر، نالی یه‌ك له‌ چركه‌ساته‌ ده‌گمه‌نه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردییه‌. هه‌ركام له‌م چوار خاڵانه‌ بۆیان هه‌یه‌ ببنه‌ هه‌وێنی وتارێكی تێروته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كانی ده‌قه‌ هه‌زارلایه‌نه‌كانی نالی. بڵام له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، له‌سه‌ر خاڵی چواره‌م، واتا خوڵقاندنی ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌، زیاتر له‌نگه‌ر ده‌گرین.
****
چه‌مكی ئسپێس مێنتالیزم، ئه‌و جۆره‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌كار كراوه‌، هه‌ندێك جوداوازی هه‌یه‌ له‌ كاركرده‌ ناسیاوه‌كه‌ی. ڕۆئیایی، له‌ وتاری (به‌یانییه‌ی شیعری حه‌جم)دا ده‌ڵێ:
"له‌ واقیعه‌وه‌ بۆ دیمه‌نه‌كانیی، له‌ شته‌وه‌ تا ئاسه‌واری شته‌كان، مه‌ودایه‌كه‌، مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان واقیعه‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی واقیع. له‌ هه‌زار سووچی شتێكه‌وه‌ هه‌زار تیرێژ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، هه‌ر تیرێژێك ده‌گاته‌ دیمه‌نێك له‌وپه‌ڕی شته‌كه‌وه‌ و، واقیع به‌ دیمه‌نه‌هه‌زار جۆره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێته‌ هه‌زار لاوه‌. شاعیری ئسپێس مێنتال، ئه‌م مه‌ودایه‌ به‌ شه‌قاوێك ده‌بڕێ، خێرا و چالاك. ئاوا له‌ واقیعه‌وه‌ بۆ لای دیمه‌نی ئه‌م ڕاده‌كا. له‌ هه‌ر سووچێكی شته‌كه‌وه‌ كه‌ پاز بدات، به‌ به‌ریناییدا، به‌ درێژایی دا و له‌ قووڵاییڕا پاز ده‌دات. واتا  له‌ بارساییه‌وه‌ پاز ده‌دات، كه‌وابوو بارساییخواز (ئسپێس مێنتال)ه‌... شاعیری ئسپێس مێنتال هه‌رده‌م ده‌به‌ردایه‌ واقیعێك بخوڵقێنی، بێ خه‌وش تروتوند و تیژتر له‌ واقیعی ڕۆژانه‌ و باو... ڕه‌وانبێژی و به‌ شوێندا گه‌ڕانه‌كانی زمانی، خه‌ون و خه‌یاڵی ئێمه‌ نییه‌، بڵام سیحری سه‌یری واژه‌كان له‌ ئاسه‌واره‌كانماندا، وه‌پشت گوێ ناخه‌ین..."
وه‌ك ده‌بینین:
1. ئسپێس مێنتال له‌ واژه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا و به‌ ده‌وری واژه‌دا ده‌خولێته‌وه‌.
2. به‌ سازدانی مه‌ودا له‌ نێوان واژه‌ و دیمه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی، له‌ هه‌زار سووچه‌وه‌، بارساییه‌ك به‌رهه‌م دێنی.
3. ئه‌ركی شاعیر، كه‌شفی ئه‌م مه‌ودایه‌ و پازدانی به‌رده‌وامی به‌ سێ لای به‌رینایی و درێژایی و قووڵاییدا، واتا به‌ بارسایی دایه‌.
4. به‌ وێناكردنی ئه‌م بارسایییه‌، شاعیر واقیعێك ده‌خولقێنی، پاكتر و خێراتر له‌ واقیعی ڕۆژانه‌.
5. جه‌ختكردنه‌ سه‌ر سیحری واژه‌، به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی داده‌نێ.
له‌و كۆنتێكسته‌ مێژوویی- ئه‌ده‌بییه‌ی نالی ده‌قه‌كانی تێدا ده‌خوڵقاند، شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ ته‌ك واژه‌دا، زۆر له‌و مانیفێسته‌وه‌ نێزیكه‌. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ نالی ئسپێس مێنتال بووه‌، یان ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ پاڵه‌ئه‌ستۆیان ده‌قی نالی ده‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م تیۆره‌ بخزێنین و پێمان وابێ ئه‌وه‌ ئاستی نالی مان بردۆته‌ ژوور. ده‌قی نالی بێ باسی ئسپێس مێنتال و به‌ر له‌م، خاوه‌نی ژیانی ئه‌ده‌بیی خۆی بووه‌ و هه‌یه‌. ئه‌وه‌ كه‌سانێكی وردبینی وه‌ك (ڕۆئیایی)ن، كه‌ ژیرانه‌ وزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ده‌قگه‌لی داهێنه‌رانه‌ی وه‌ك ده‌قی نالی (ئه‌ڵبه‌ت له‌ پانتای ئه‌ده‌بی فارسیدا)، كه‌شف ده‌كه‌ن و به‌ كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی خۆیانی ده‌ناسێنن.
هه‌ڵسوكه‌وتی تایبه‌ت و جوداوازی نالی له‌ ته‌ك واژه‌، ده‌ستمایه‌ی زۆرێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌كانی نووسه‌ر و توێژه‌ران بووه‌. وه‌ك باسه‌كانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د و موده‌ڕڕیسه‌كان و ڕێبوار سیوه‌یلی و مارف خه‌زنه‌دار و گیوی موكریانی و... به‌و حاڵه‌یش، زه‌رفییه‌تی داهێنه‌رایه‌تی نالی له‌ ئاست ده‌كاركردنی واژه‌دا، زیاتر له‌وانه‌یه‌ به‌و چه‌ندلێكۆڵینه‌وه‌ ببڕێته‌وه‌.
نالی خوڵقێنه‌ری فه‌زاومه‌وداێیكه‌ له‌ گوێن (حه‌جم)، كه‌ له‌ودا واژه‌ مه‌ودای هه‌ڵسووڕان و داگه‌ڕان و تێكچڕژان و دابڕانی هه‌یه‌، به‌م جۆره‌ واژه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی فره‌مه‌دلوولی و چه‌لی وایه‌ مانای وا وه‌خۆده‌كا كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر به‌ بیری خودی نالیشدا نه‌هاتبێ. نالی مه‌ودا و به‌ستێنی بۆ خۆش كردووه‌ و ئیتر ئه‌وه‌ زه‌ینی خوڵقێنه‌ری خوێنه‌ره‌ كه‌ بتوانێ له‌چه‌ند سووچه‌وه‌ له‌ واژه‌ ڕابمێنێ و له‌ مه‌ودا سازكراوه‌كه‌ی نێوان له‌ته‌كانی واژه‌ و فۆرمه‌ ده‌ڵه‌مه‌ییه‌كه‌ی و مه‌دلووله‌كانی، وێنه‌ زه‌ینییه‌كه‌ی هه‌ڵسووڕێنێ و سه‌روبنی بكات، تاكوو مه‌دلووله‌ گونجاوه‌كانی كه‌شف بكا.
به‌ پێی ئه‌م ڕوانگه‌ و بۆچوونه‌، وه‌ك نموونه‌ی پراتیكانه‌، چه‌ند شوێنی دیوانی نالی به‌قه‌را سامانه‌ ئه‌ده‌بییه‌ ده‌روێشانه‌كه‌ی خۆمان، ده‌خوێنینه‌وه‌.
به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی نالی به‌ پێی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی باسی لێوه‌ كرا، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌م ڕاستیه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ی سوننه‌تیدا زۆرێك له‌م ته‌مهیدانه‌ له‌ توێژی واژه‌داله‌سه‌ر دابی ئه‌ده‌بی كلاسیك پۆلێن و باس كراون. وه‌ك جیناس و ئیهام و ئیقتیباس و ته‌لمیح و... بڵام ئه‌م وتاره‌ هه‌وڵ ده‌دا به‌و جۆره‌ی باس كرا، بڕوانێته‌ ده‌وری واژه‌ له‌ ده‌قی نالیدا.
***
سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ بكه‌ین، ڕاسته‌ نالی به‌ پێی دابی ڕۆژ، زۆری واژه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی هێناوه‌ته‌ ناو ده‌قی شیعره‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام دوو جووداوازیی به‌رچاو له‌ جۆری هه‌ڵسوكه‌وتی نالی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ده‌بینرێ:
1. به‌ نیسبه‌ت شاعیرانی هاوچاخی (وه‌ك سالم وكوردی و...) كه‌مترین ژماره‌ی واژه‌ی غه‌یری كوردیی ده‌كار كردووه‌ (بۆ نموونه‌ دوو ده‌قی شاره‌زووری نالی و جوابه‌كه‌ی سالم له‌به‌ر یه‌ك دانێن.)
2. ئه‌وانه‌ی ده‌كاریشی كردوون، زیاتر بۆ فره‌مه‌دلوولی و هه‌راو كردنه‌وه‌ی پتری جه‌غزی ئسپێس مێنتاله‌كه‌ی كه‌ڵكی لێ وه‌رگرتوون. واتا ئه‌گه‌ر واژه‌كه‌ له‌ ناو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه‌دا وزه‌ی وه‌ی هه‌بووه‌ مه‌ودای له‌ نێوان واقیعی به‌رهه‌ستی خۆی و وێنه‌ زه‌ینییه‌كانی ساز بكات، هه‌ڵی بژاردووه‌، ده‌نا كه‌ڵكی له‌ هاوتا خۆماڵییه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ سرنجڕاكێشه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی نالی ناسان (وه‌ك موده‌ڕیسه‌كان و مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د و...) بۆ هه‌ڵاواردنی ده‌قی ڕه‌سه‌نی نالی و ئه‌و ده‌قه‌ ناڕه‌سه‌نانه‌ی به‌ نێوی نالی ناسێنراون، زیاتر له‌م محه‌كه‌ی باس كرا كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه‌.
بێینه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند به‌یتی ده‌قی دیوانی نالی به‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌:
1. "جان به‌ر له‌بی بۆسه‌ی له‌بته‌ عاشقی زارت
    فالبائس یستوهب من فیك معاشا" لا77
فاتح عه‌بدولكه‌ریم، له‌ شه‌رحی ئه‌م دوو دێڕه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ واژه‌ی زار، ئاماژه‌ به‌ دوو ده‌لاله‌تی جوداوازیی لاواز و بێ گیان و ده‌م ده‌كا. واتا له‌م دێڕه‌دا، شارح له‌ واژه‌ی زاردا له‌تافه‌تی فره‌مه‌دلوولی و دووڕومه‌تی وه‌به‌ر چاو كه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌م دێڕه‌دا دالێكی دیش هه‌یه‌ كه‌ مه‌ودا ده‌خاته‌ نێوان  واقیعی واژه‌ودیمه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی. ئه‌ویش واژه‌ی بۆسه‌یه‌. فاتح عه‌بدولكه‌ریم بۆسه‌ی هه‌ر به‌ ده‌لاله‌ته‌ فارسیه‌ نزیكه‌كه‌ی واتا ماچ داناوه‌. به‌ڵام دێڕه‌كه‌ هه‌ڵگری ئه‌م زه‌رفییه‌ته‌ ده‌لاله‌تیه‌ش هه‌یه‌ كه‌ واژه‌ی بۆسه‌ به‌ دوو لا دا تیرێژ بهاوێژێت. لایه‌ك هه‌ر ده‌لاله‌تی ماچه‌ و لایه‌كه‌ی دی، ده‌لاله‌تی (له‌ كه‌مین وبۆسه‌ دابوون) هه‌ڵده‌گریت. به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌م لایه‌ی واژه‌كه‌ ، ده‌لاله‌تی دیكه‌ی دێڕه‌كه‌ ئاوای لێدێ: ئه‌وینداری داماوت، ئه‌وه‌نده‌ی له‌سۆی لێوت بۆسه‌ی گرتووه‌و چاوه‌ڕوان بووه‌، گیانی گه‌یشتۆته‌ سه‌ر لێوی.
2. "شه‌به‌هی زوڵفی شه‌به‌ه‌ گۆنه‌یه‌، ڕووگه‌ردانی
    به‌سه‌ری ئه‌و كه‌ به‌ سه‌ودا سه‌رو سامانم دا" لا90
مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، له‌ لاپه‌ڕه‌ (7)ی (ده‌سته‌ودامانی نالی)دا، له‌ شه‌رحی ئه‌و به‌یته‌دا لێكدانه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانانه‌ی هه‌یه‌: (ئه‌و شه‌رحه‌ی بۆی دراوه‌ له‌و وشانه‌ هه‌ڵناستێ، گۆیا ئه‌مه‌ واتایه‌تی: "كه‌ من سه‌ر و سامانی خۆم له‌ دڵداریدا، یا به‌ مامه‌ڵه‌، دا به‌ سه‌ری زوڵفی یار وئه‌ویش نه‌یداو ڕووی وه‌رچه‌رخاند، زوڵفی ڕه‌شی ده‌رخست و دنیای لێ تاریك كردم...". له‌و ده‌قه‌دا مومكین نییه‌ "ڕووگه‌ردانی" ببڕێته‌وه‌ بۆ ڕووی وه‌رچه‌رخاند". ڕووگه‌ردانی بریتییه‌ له‌ "مچاف و مچاف الیه" ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن "اسناد" بۆ "جمله‌ی خه‌به‌ری" تێیدا نییه‌ و نابێ. ئه‌گه‌ر بیخه‌یته‌ پێش هه‌موو به‌یته‌كه‌ و بڵێی: "ڕووگه‌ردانی شه‌به‌هی زوڵفی شه‌به‌ه‌ گۆنه‌یه‌" ئیسناد په‌یدا ده‌بێ، به‌ڵام واتای دروستی نابێ. ڕه‌نگ بوو ئه‌گه‌ر به‌ ڕێنووسی سه‌رده‌می نالی به‌یته‌كه‌ نووسرابایه‌وه‌، سه‌ره‌ده‌ره‌یه‌كی لێ كرابا، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ شه‌به‌هی، شه‌به‌ه‌ گۆنه‌... شه‌بهی یاخود شبه‌... نووسرابا و له‌گه‌ڵ ڕێنووسی هه‌موو به‌یته‌كه‌دا وێنه‌یه‌كی مه‌فهوومی به‌ ده‌سته‌وه‌ دابا.) لا7
له‌ نه‌هایه‌تدا مامۆستا دوای ئه‌و باسه‌ زمانناسانه‌یه، شه‌رحه‌كه‌ هه‌روا به‌ جێ دێڵیته‌وه‌، جگه‌ له‌و ره‌خنه‌یه‌ی له‌ سه‌رشه‌رحی موده‌رریسه‌كان هه‌یه‌تی، شه‌رحێكی جوداواز ناهێنێته‌ ئاراوه‌ و ده‌چیته‌ سه‌ر شه‌رحی به‌یتی دواتر. كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا، كه‌ هه‌م مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، هه‌م مامۆستایانی موده‌رریس "ڕووگه‌ردانی"یان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ و وه‌ك رێكه‌وه‌ندێك خوێندۆته‌وه‌، بۆیه‌ش موده‌ڕیسه‌كان به‌ (ڕوو وه‌رچه‌رخاندن)یان وه‌رگرتووه‌، مه‌سعوود محه‌ممه‌دیش ئه‌گه‌رچی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بێمانایی و ڕێكنه‌كه‌وتنی ئه‌م واتایه‌ له‌گه‌ڵ واژه‌كانی دیكه‌ی به‌یته‌كه‌ بۆ ده‌لاله‌تسازییه‌كی مه‌عقوڵ ده‌كا، ئه‌م مانایه‌ی لێ وه‌رناگری و ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ك ڕێكه‌وه‌ندێك وه‌رده‌گرێ و مانایه‌كیشی بۆ دیاری ناكا.
زۆربه‌ی شیعره‌كانی نالی (وه‌ك هه‌ردووك مامۆستایانی ئاماژه‌ پێ كراو باسی ده‌كه‌ن) هه‌م له‌ توێژی واژه‌دا و هه‌م له‌ لایه‌ی ڕێكه‌وه‌ند و ڕسته‌دا، به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ته‌واوی وزه‌ ئاشكراو شاراوه‌كانی واژه‌كان، چه‌ندمانایی و پۆلی فۆنیك  ده‌خوڵقێنن و هه‌ر دێڕێك به‌ چه‌ند شێوه‌ی جیاواز ده‌خوێنرێنه‌وه‌. جگه‌ له‌م ئستراتێژیه‌ جوانیناسانه‌یه‌، زاڵبوونی نالی به‌سه‌ر چوار زمانی (كوردی، فارسی، عاره‌بی، توركی)، بۆته‌ هۆی كه‌ڵكوه‌رگرتنی له‌ زه‌رفیه‌ته‌كانی هه‌ر چوار زمان له‌ ئیماژ و ده‌لاله‌تسازیه‌كانیدا. نالی له‌ به‌كار هێنانی وزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی ئه‌م چوار زمانه‌دا، هیچ خۆی به‌ربه‌ست نه‌كردووه‌ و چه‌لی وایه‌ ئازادانه‌ له‌ نیوه‌به‌یتێكیدا له‌ زۆرێك له‌ زاراوه‌كانی ئه‌م زمانانه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ و له‌ پاڵ یه‌كیانی داده‌نێ. بۆیه‌یش پێویسته‌ خوێنه‌ر و شارحی نالی به‌سه‌ر پێكهاته‌ و ڕێزمانی هه‌ر چواری ئه‌م زمانانه‌دا زاڵ بێ. وه‌ك نالی خۆی ده‌ڵێ:
"ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من، كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتیحانی خۆیه‌ مه‌قصوودی، له‌ (عمدا) واده‌كا
یا له‌ مه‌یدانی فه‌صاحه‌تدا به‌ میسلی شه‌ه‌ سه‌وار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌وهه‌موو نه‌وعه‌ زوبانی ڕاده‌كا"
ئێستا، به‌ پێی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، جارێكی دیكه‌، به‌یته‌كه‌ی سه‌ره‌تا ده‌خوێنینه‌وه‌:
"شه‌به‌هی زوڵفی شه‌به‌ه‌ گۆنه‌یه‌، ڕووگه‌ردانی
به‌سه‌ری ئه‌و كه‌ به‌ سه‌ودا سه‌روسامانم دا"
گرێی سه‌ره‌كی ئه‌م به‌یته‌، له‌ ڕێكه‌وه‌ندی" ڕووگه‌ردانی" دایه‌، بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م گرێیه‌، سه‌ره‌تا  هه‌ڵیده‌وه‌شێنینه‌وه‌:
ڕوو: (كوردی+ فارسی)، ڕواڵه‌ت، سیما، چه‌حره‌
گه‌ر: (فارسی+ كوردی)، سووكه‌ڵه‌كراوه‌ی ئه‌گه‌ر
دانی: (فارسی) سووكه‌ڵه‌ی (بدانی)، بزانی
به‌ پێی ئه‌م ئانالیزه‌، (ڕووگه‌ردانی) ده‌بیته‌، (ڕوو، ئه‌گه‌ر تۆ بزانی). ئێستا، جارێكی دی و ئه‌م جاره‌ به‌و ده‌لاله‌ته‌ جیاوازه‌ی ئه‌م ڕێكه‌وه‌نده‌وه‌، به‌یته‌كه‌ پێكه‌وه‌ده‌خوێنینه‌وه‌:
"شه‌به‌هی زوڵفی شه‌به‌ گۆنه‌یه‌ ڕوو، گه‌ردانی
به‌سه‌ری ئه‌و كه‌ به‌سه‌ودا سه‌رو سامانم دا"
واتا له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا، پێویسته‌ نیشانه‌ی (،) بكه‌ویته‌ دوای (ڕوو) نه‌ك پێش ئه‌م. به‌م جۆره‌، فۆرمی هاونشینیی ماكه‌كانی ناو ده‌قیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێ:
"شه‌به‌هی زوڵفی، شه‌به‌ه‌ گۆنه‌یه‌ ڕوو،
گه‌ر دانی به‌سه‌ری ئه‌و كه‌ به‌ سه‌ودا سه‌رو سامانم دا"
نیوه‌به‌یتی یه‌كه‌م، له‌سه‌ر دوو دیارده‌ی ته‌وه‌ری (زولف و ڕوو)، كه‌ مێتافۆرێكن بۆ (قامه‌ت و ڕواڵه‌تی یار) به‌ گشتی دامه‌زراوه‌. ته‌نانه

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2011-07-16 23:24:07

چالاک
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-06-17
دواترین سه‌ردان: 2013-01-28
په‌یامه‌كان: 143
WindowsFirefox

Re: نالی و ئسپێس مێنتالیزمی واژه‌

نیوه‌به‌یتی یه‌كه‌م، له‌سه‌ر دوو دیارده‌ی ته‌وه‌ری (زولف و ڕوو)، كه‌ مێتافۆرێكن بۆ (قامه‌ت و ڕواڵه‌تی یار) به‌ گشتی دامه‌زراوه‌. ته‌نانه‌ت (گۆنه‌) جگه‌ له‌ كاركردی وه‌ك (ئامرازی وێكچوون)،  له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دوو ماكه‌ی (زوڵف و ڕوو)، تابلۆی سیمای یار پته‌وتر ده‌كا. نیوه‌به‌یتی دووهه‌م، له‌سه‌ر سه‌لماندنی به‌رده‌نگ بۆ خۆ و سه‌روماڵ به‌ختكردن له‌ پێناوی  یار هه‌ڵده‌سووڕێ.
نیوه‌به‌یتی یه‌كه‌م، له‌م دوو وێنه‌ ته‌شبیهیه‌ پێك هاتووه‌؛
- شه‌به‌هی زوڵف: به‌مانای ئه‌و شته‌ی وه‌ك شه‌وه‌ تاریك و ڕه‌ش وبریقه‌داره‌، خوازه‌یه‌ بۆ زوڵفی ڕه‌شی یار
- ڕووی شه‌به‌ه‌ گۆنه‌: ئه‌و ڕه‌نگ و ڕوخساره‌ی له‌به‌ر ناسكی و زه‌ریف بوون، وه‌ك شه‌به‌ه‌ (تارمایی هه‌یكه‌ل و په‌یكه‌ره‌، تارمایی رۆح) وایه‌.
نیوه‌ به‌یتی دووهه‌م، وه‌ك باس كرا، گوزاره‌یه‌كه‌ بۆ ده‌ڕبڕینی ڕاده‌ی خۆشه‌ویستی و له‌ خۆبوردوویی. به‌ له‌ پاڵ یه‌ك دانانی ئه‌م دوو ده‌لاله‌ته‌ی دوولا به‌یته‌كه‌، كێشه‌كه‌ی مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌دیش سه‌باره‌ت به‌ ونبوونی ئیسناد چاره‌سه‌ر ده‌بی وسه‌رجه‌م ده‌توانین ده‌قه‌كه‌ ئاوا بخوێنینه‌وه‌:
"ئه‌گه‌ر تۆ بزانی (یان ئه‌گه‌ر ده‌تهه‌وێ بزانی) هۆی ئه‌وه‌ی من سه‌روسامانی خۆم بۆ دۆڕاند، بزانه‌ من به‌ خاتری زوڵفی ڕه‌شی وه‌ك شه‌به‌ه‌ ڕه‌ش و، ڕوو و سیمای ناسك و زه‌ریفی كه‌ له‌ ناسكیان ده‌ڵێی تارمایی و شه‌به‌هی ڕۆحێكه‌، وه‌ به‌ خاتری سه‌ری ئه‌و (ئه‌و سه‌ره‌ی كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ زوڵفه‌ ڕه‌شه‌كه‌ و ڕووه‌ ناسكه‌كه‌)، دارو و نه‌دار و سه‌روسامانم دۆڕاند."
ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاكیشه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مامۆستایانی مودده‌ڕڕیس له‌ شه‌رحه‌كه‌یاندا، ئاماژه‌ به‌ ته‌ناسوبی نێوان (ڕوو) و (گۆنه‌) ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی كاركردی ئه‌م ته‌ناسوبه‌ ناكه‌ن و به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕن.
3. "بێ بابیییی تۆ بۆ من و تۆ بابی فوتووحه‌
    بێ بابیییی تۆ خواسته‌یی من بوو به‌ ئاوات" لا140
موده‌ڕڕیسه‌كان، له‌ شه‌رحی ئه‌م دوودێڕه‌دا ده‌ڵێن:
"بێ باوكیی تۆیا بێ ده‌رگاییی ماڵی تۆ، بۆ من و تۆ ده‌رگای ڕێگا له‌ ڕووكردنه‌وه‌یه‌ و، ئاواتی من بووه‌ هه‌میشه‌ له‌ خوام خواستووه‌." لا140- 141
واتا: "بێ بابیییی" یان له‌ سه‌ره‌تای هه‌ردووك دێڕدا وه‌ك یه‌ك و به‌ دوو ده‌لاله‌تی جوداوازی بێ باوكی و بێ ده‌رگاییی، لێك داوه‌ته‌وه‌. له‌ وزه‌ی داهێنه‌رایه‌تی نالی به‌ دووره‌ واژه‌یه‌كی لێكدراو، له‌ مه‌ودایه‌كی كورتی نێوان دوودێڕدا دووجار به‌ ده‌لاله‌تێكی تاقانه‌وه‌ دووپات بكاته‌وه‌. بێ بابیییی یه‌كه‌م، هی "من و تۆ"یه‌، واتا ئاواتی دوو قۆڵی من و تۆ، كه‌ دیاره‌ به‌ یه‌ك گه‌یشتن له‌ ڕێی له‌سه‌ر ڕێ لاچوونی له‌مپه‌ر ده‌گریته‌وه‌. كه‌ وابوو ده‌لاله‌تی ده‌رگایان باوك لێره‌دا جێی خۆیه‌تی. به‌ڵام له‌ دێڕی دووهه‌مدا، ئیتر بێ بابیییی خواسته‌ی دووقۆڵی نییه‌ و هه‌ر هی منه‌. ئیتر لێره‌دا نابێ باسی بێ ده‌رگایی له‌ ئارادا بێ، به‌ڵكو باسی شتێك ده‌كا له‌ لایه‌ن تۆوه‌، كه‌ من ئاواتیم ده‌خواست. بۆی هه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌م واژه‌یه‌ به‌ لایه‌كی دیدا بسووڕێته‌وه‌ و ببێ به‌: بێ ده‌با بێیی تۆ خواسته‌یی من بوو به‌ ئاوات. واتا ئیزنی نزیك بوونه‌وه‌ی من له‌ تۆ له‌ لایه‌ن تۆ ڕا خواسته‌ی من بوو كه‌ ئێستا هاتۆوه‌ته‌ دی.
4. "له‌ ڕووت و قووتی وه‌ك من ڕوو مه‌پۆشه‌
    كه‌ وه‌سڵی تۆیه‌ قووتی عاشقی ڕووت" لا148
واژه‌ی تریفه‌داری ئه‌م دوو دێڕه‌، واژه‌ی (ڕووت)- ه‌. مووده‌ڕڕیسه‌كان ئاوا شه‌رحی ئه‌م دوو دێڕه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌:
"ڕۆی خۆت له‌ هه‌ژاری ڕووت وقووتی وه‌ك من مه‌شاره‌وه‌، چونكه‌ تاقه‌ هۆیه‌كی ژیان بۆ منی عاشقی ڕووت بریتییه‌ له‌ پێ گه‌یشتنت كه‌ ئه‌ویش به‌ هۆی دیتنی ڕووته‌وه‌ دێته‌دی." لا148- 149
دوایه‌ له‌ ته‌حلیلێكی به‌دیع و به‌لاغییانه‌دا سه‌باره‌ت به‌واژه‌ی ڕووت ده‌فه‌رموون:
"... له‌ نێوان هه‌رسێ (ڕووت)ه‌كه‌دا جیناسی ته‌واو و، له‌ (ڕووت)ی (عاشقی ڕووت)دا له‌گافه‌ت هه‌یه‌."
(ڕووت)ی دووهه‌م ده‌لوێ ڕوومه‌تێكی دیشی هه‌بێ و به‌ لایه‌كی دیشدا (ئسپێس مێنتال)ێكی دیمان بۆ هێڵكاری بكا. نالی، به‌ ڕه‌فتارێكی جوانیناسانه‌ی كه‌م وێنه‌دا، واژه‌ وێكهاتووه‌كانی (ڕووت وقووت) لێك داده‌بڕێ و هه‌ر كامیان به‌ جودا داوێته‌ به‌ستینێكی جوداوه‌، تا هه‌ر یه‌ك بۆ خۆی له‌ شوێنی خۆیدا ببێته‌ بارسایی و (حه‌جم)ێك به‌ په‌لهاوێشتن بۆ چه‌ند لاوه‌.  (ڕووت)ی دووهه‌م، جگه‌ له‌ لێكدراوه‌ی (ڕووی تۆ)، به‌ ته‌قابوول له‌گه‌ڵ ڕووپۆشین، بێ به‌رگیش هه‌ڵده‌گرێ. واتا ده‌لكێته‌وه‌ به‌ سه‌ره‌تا، منی ڕووت و قووت. پارادایمێكی بازنه‌یی. عاشقی ڕووی تۆ و، عاشقی بێ به‌رگ و ڕووت وقووت له‌ به‌رابه‌ر ڕووی داپۆشراو.
5. "نه‌فه‌س هه‌روا له‌ ڕێ دا دێت و نایێ
له‌ سه‌یرومه‌یری ئه‌سبابی سه‌فه‌ر مام" لا263
موده‌ڕڕیسه‌كان له‌ لێكدانه‌وه‌ی لێكدراوه‌ی (سه‌فه‌رمام)دا، (سه‌فه‌رم دام)ی بۆ به‌ جێ ده‌زانن و دێڕه‌كه‌ ئاوا لێك ده‌ده‌نه‌وه‌:
"... خه‌ریكی ته‌ماشای توێشووی سه‌فه‌ری دواییمم، ..." لا263
ئه‌م واژه‌ لێكدراوه‌یه‌، له‌ هه‌ناوی خۆیدا وزه‌ی په‌لهاوێشتن بۆ لای ده‌لاله‌تێكی دیشی هه‌یه‌، ده‌لاله‌تی (به‌ هۆی دوودڵیم، له‌ سه‌یر و ته‌ماشای توێشووی سه‌فه‌رم دا دۆش داماوم.)
ئه‌م چركه‌ساته‌ فره‌لایه‌ن و فره‌مه‌دلوولانه‌ له‌ دیوانی نالیدا له‌ ئه‌ژمار نایه‌ن. وزه‌ی ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ كۆڵه‌ و مه‌ودای ئه‌م وتاره‌ له‌مه‌ پتر هه‌ڵناگرێ. كه‌شفی هه‌راوتری تیرێژه‌كانی داهێنان و داهێڵان له‌ جیهانی به‌ربڵاوی ده‌قی نالیدا، قه‌ڵه‌مێكی به‌ بڕشتتر و مه‌ودایه‌كی فراوانتر ده‌خوازێ.
سه‌رچاوه‌:
1. دیوانی نالی، لێكۆڵینه‌وه‌ولێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیس و...، بنكه‌ی سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی، ورمێ 1364
2. ده‌سته‌ودامانی نالی، مه‌سعوود محه‌ممه‌د، ئستۆكهۆڵم1997
3. كتێبی نالی، ڕێبوار سیوه‌یلی، ده‌زگای چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، 2001
4. بیانیه‌ی شعر حجم، یدالله‌ رویایی، سایت دیگران 1388
5. نقدواستقلال ادبی، محمدمهدی خرمی، انتشارات ویستار1382
لە ماڵپەری هەواڵ وەرگیراوە

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net