❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / یه‌كێك له‌ به‌رزترین شاكاره‌كانى مامۆستا (هێمن)

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2011-08-20 09:57:41

hemin xoshnus
ئه‌ندامی چالاک
شوێن: كــه‌ركوك
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-07-17
دواترین سه‌ردان: 2013-08-28
په‌یامه‌كان: 363
WindowsXPMSIE7

یه‌كێك له‌ به‌رزترین شاكاره‌كانى مامۆستا (هێمن)

ناڵه‌ى جودایى

ساقیا! وا بادەوە، وا... بادەوە
ڕوو لەلای من کە بە جامی بادەوە

موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن

مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟

ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە

ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نی یە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نی یە

بۆ کەسێکە مەی، چزیلکی پێوە نێ
بۆچی ملهوڕ لێرە بینی پێوەنێ؟!

بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە: زۆردارییە

بۆ کەسێکە مەی دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماج؟!

ئەو کەسەی بێ کەس نیە و خانە خەراپ
دەك بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب!

ئەو کەسەی نەیچێشتوە دەردی ژیان،
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان،

ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم،
شانی دانەخزا لەبن باری ستەم،

ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد،
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد،

ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا،
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا،

ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی،
نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی،

ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار،
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار،

ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان،

ئەو کەسەی دوری عەزیزانی نەدی،
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی،

تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت،
لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت،

ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر ڕما،
شەو به‌ نیازى كه‌بف له‌ ماڵى خۆى نه‌ما،

بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟!
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ..


ئەو کوڕەی هێشتا لە ژوانێ ڕێی هەیە،
سەیرە، زۆر سەیرە، کە ئالودەی مەیە.

ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ،
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ،

ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ،
بێتە ئێرە، چۆنە هەی دێی ناکەنێ!؟

ئەو کەسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ،
ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ،

ئەو کەسەی پەنجۆڵە بگوشێ جار و بار،
ئەو کەسەى دەستى بگاتە گەردنی یار،

ئەو کەسەی ڕاموسێ کوڵمی تاس و لووس،
ئەو کەسەی تێی هەڵنەدابێ چارەنووس،

ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ،
کوفرە یەك قەترە شەرابی گەر دەنێ..

ئەو کەسەی ئاسوودەوو خۆش ڕایبوارد،
قەت خەمی یەخسیر و کۆیلانی نەخوارد،

یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بوو بێتەوە،
دەرکی نێو ماڵێکی لێ بکرێتەوە،

خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە رازی ئەو،
نازەنینێک بێ بكێشێێ نازی ئەو،

بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ،
بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ،

هەیبێ هێز و گورد و تین و تاو و گوڕ،
ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مكوڕ،

ئەو کەسە جیگای لە مەیخانێ نیە،
ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چی یە؟!

ساقیا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ!
ڕوو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەرپەڕێ..

لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزە-فڕ
بێنە بۆ من، بێنە بۆ من، جامی پڕ

مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانە-ماڵ
بۆ منی سەرگەشتەوو ڕووت و ڕەجاڵ

بۆ منی بابردەڵەی گردە نشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین

بۆ منی ئاوارە و دورە-وەتەن
بلبلی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن

پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو
بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو

پیری زورهانی، کەنفتی، دەر بە دەر
دیدەسووری، دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر

داتەپیوی، بێ پەسیوی بێ قەرار
بێ کەسی، دەستەشکاوی، کۆڵەوار

لێوبەباری، دەردەداری، ڕەنجەڕۆ
شاعیری جوانی پەرستی دڵ بە سۆ..
***
ساقیا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لەبەر ئەو ملهوڕانە ملکەچی؟

تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی هەڵفڕیواند زێڕ و زیو؟

تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟
کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر!

زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند
هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند

(چڵکی دەستە ماڵی دنیا) وەک دەڵێن
ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن

قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵ پەرست!
جوان پەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست

نامەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ!
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!

ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین
هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین

وا وەرە، دەی وا وەرە، نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم:

((مست مستم ساقیا دستم بگیر
تا نه افتادم زپا، دستم بگیر))

جا کەسەرخۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی (مەولەوی):

((بشنو از نی چون حکایت میکند
از جدائیها شکایت میکند))

گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکو بلوێر بەسۆز

نابێ قەت ناڵەی جودای بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا، چ پیاوی دەر بەدەر

بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە، نەی نەیکردووە

لێم گەڕێ بە دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با هەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون

شیوەنی من شیوەنی ئینسانی یە
بانگی ئازادی و گرۆی یەکسانی یه‌

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر

پارچە گۆشتێکە دڵی من، ڕوو نییە
ناڵە ناڵی من درەنگە، زوو نیە

دەردی دوری.. دەردی دوری کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبوری کوشتمی

یادی یاران و وڵاتم، ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قه‌رار‌و خورد و خەو

خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم، ساقی! ئەدی!؟

نابینم خاك و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاوو دۆست و یاری خۆم

ڕوو لە هەر لایە دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێ ژوان و کەونە لانی خۆم

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
رۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی!

چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟!
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!

چۆن نەناڵێ ئەو دڵە تەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە

هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات
کەوتمە نێو وردە داوی ڕێی نەجات

بەکرە شۆفارە ئەوەی مووخەی چنیم
زێی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم

کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک(مەم)ێ
(یایە زین) لە کوێیە هاواری کەمێ!

کوا (قەرە تاژدین)، (چەکۆ) و (عرفۆ) لە کوێن؟!
بێنە هانام وەک پلینگی چه‌نگ بە خوێن.

(لاس)ە شۆرێك بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان

وام بە تەنیایی لەنێو خوێنا شەڵاڵ
کوانێ عێل و، کوانێ (خانزاد) و (خەزاڵ)؟!

زۆر لەمێژە نارەناری منی نەبیست
هەروەکو (شەمزین)، (شەمیلە)ی خۆشەویست

وەك (سیامەند)ێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارە بەنێ

شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا (خەج)م تا بۆم بگێڕێ گەرمە شین؟!

مانگی (کانونێ بە چلوان دەرکرام)
وەک (برایم) لەو وڵاتە ڕاونرام

کوا (پەریخان) بەند و باوم بۆ بڵێ؟!
بۆ نەسوتێم نەبمە پۆڵووی سەر کڵێ؟!

ئەو لە زۆزان، من لا ئارانى دەژیم
کێ دەڵێ ئه‌منیش (وەلی دێوانە) نیم؟!
***
کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت بیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟

ڕۆژگار هاڕیومی وەك ئەسپۆنی ورد
هێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد

بوومە گەپجاڕ و دەکا گاڵتەى بە من
ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چووبوو لە من
***
ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای هاوسەنگەری جەرگەی خەبات!

گەر دەناڵێنم، ئەمن پەککەوتە نیم
تێدەکۆشم بۆ وەصڵ تاکو دەژیم

کۆششی من زۆر بەجێ یە و زۆر ڕەوا
چونکە قانونی تەبیعەت وایە، وا:

((هر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش))

ڕێگە دەبڕم، کوانێ هەنگاوم شلە
ڕاستە بێ هێزم، دەکەم ئەمما مله‌

هەر دەپێوم کێوو شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەهەشت

دێم بەرە و زیخ و چەوو کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم

دێم بەرەوە ئەو دار و بەرد بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە

دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند

دێم بەرەو پاناوك و هەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و په‌سێو

دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەك
دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچكه‌‌و ڕەشبەڵەك

دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
دێم بەرەو هەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم

دێم بەرەو هۆبە و هەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگه‌ی وەفا

دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاك و دێدەکەم

دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ

دێم گراویی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەهێڵم بەرهەڵست و بەرگرم

دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب

دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی
هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی

تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم ودێم و دێم

دێم هەتا هەمبێ برست و بیر و هۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!

1974

شــــاعير (هيمن)

Kurdzhin
http://www.kurdzhin.info/up/uploads/images/kurdzhin-f72d427580.gif

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2011-08-24 16:45:56

kurddo88
خونچەی نوێ
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-08-24
دواترین سه‌ردان: 2011-12-02
په‌یامه‌كان: 27
WindowsXPSafari

Re: یه‌كێك له‌ به‌رزترین شاكاره‌كانى مامۆستا (هێمن)

ده‌ستت خۆشبێت گیانه‌
بۆ ئه‌و هۆنراوه‌ جوانه‌

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#3 2011-08-24 17:53:18

hemin xoshnus
ئه‌ندامی چالاک
شوێن: كــه‌ركوك
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-07-17
دواترین سه‌ردان: 2013-08-28
په‌یامه‌كان: 363
WindowsXPMSIE7

Re: یه‌كێك له‌ به‌رزترین شاكاره‌كانى مامۆستا (هێمن)

سوباس بةقوربان
تؤش بةخيربييت بؤ كوردزين

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#4 2011-08-24 19:06:15

Berevan22
خونچەی نوێ
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-08-23
دواترین سه‌ردان: 2011-09-30
په‌یامه‌كان: 3
WindowsXPFirefox

Re: یه‌كێك له‌ به‌رزترین شاكاره‌كانى مامۆستا (هێمن)

Jwana   Dast  Xosh

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net