❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / خۆكوشتن له‌سنجار.. ژنان پاڵه‌وانی‌ چیرۆكه‌كانن

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2012-01-23 07:28:48

salma.chavrash
ئه‌ندامی چالاک
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-11-20
دواترین سه‌ردان: 2012-06-15
په‌یامه‌كان: 528
WindowsOpera

خۆكوشتن له‌سنجار.. ژنان پاڵه‌وانی‌ چیرۆكه‌كانن

كۆمه‌ڵ نیوز: ‌نیقاش، عه‌بدولموهه‌یمن باسل، موسڵ

كاره‌كه‌ی‌ فریال وه‌ك به‌رگدور به‌شی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ده‌كرد پێداویستی‌ خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌یان دابین بكات‌و كه‌مێك له‌ئه‌ركی‌ سه‌ر شانی‌ باوكه‌ كه‌م ئه‌ندامه‌كه‌كه‌ی‌ سووك بكات، بۆیه‌ له‌حه‌وشه‌ی‌ خانووه‌ قوڕه‌كه‌یان له‌نزیك سنجار خۆی‌ سوتاند، كه‌سوكاره‌كه‌شی‌، جگه‌ له‌ته‌ماشاكردن، هیچی‌ تریان پێنه‌كرا.

به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كان، هه‌تا ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ رابردو، زیاتر له‌په‌نجا حاڵه‌تی‌ هاوشێوه‌ی‌ فریالی‌ ته‌مه‌ن (18 ساڵ‌) له‌ناوچه‌كانی‌ قه‌زای‌ سنجاری‌ ئێزدی‌ نشین (120 كم خۆرئاوای‌ موسڵ‌) تۆماركراون، تۆمه‌تباری‌ سه‌ره‌كیش هه‌ژاری‌‌و ئه‌و سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ تونده‌یه‌ كه‌ باڵی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشاوه‌.

هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و سه‌رچاوانه‌، 90%ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان ده‌كوژن ژنانن‌و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 16 بۆ 30 ساڵدایه‌، ئالیه‌تی‌ خۆكوشتنیشیان جیاوازن، هه‌ندێكیان چه‌ك‌و هه‌ندێكی‌ تر خۆ سوتاندن یان خۆ خنكاندنیان به‌كارهێناوه‌.

شامه‌ شمو موراد كه‌ كچێكی‌ گه‌نجه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ كانونی‌ یه‌كه‌م (یه‌نایه‌ر)ی‌ 2011 له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان له‌كۆمه‌ڵگای‌ (تل قصب) سه‌رقاڵی‌ خوێندنی‌ وانه‌كانی‌ بوو، له‌پڕ چه‌كێكی‌ كڵاشینكۆفی‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان دۆزیه‌وه‌و فیشه‌كێكی‌ نا به‌خۆیه‌وه‌و گیانی‌ له‌ده‌ستدا، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ نامه‌یه‌ك دوای‌ خۆی‌ جێبهێڵێت‌و هۆكاری‌ خۆكوشتنه‌كه‌ی‌ روون بكاته‌وه‌.

شامه‌، جیاواز له‌فریال، هیوایه‌كی‌ زۆری‌ ژیانی‌ له‌پێش بوو، ئه‌و به‌ته‌نها یه‌ك ساڵی‌ مابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕوانامه‌ی‌ ئاماده‌یی‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام بارودۆخی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بوو، چونكه‌ هه‌ردوولا نوقمی‌ هه‌ژاری‌ بوبوون. شامه‌ به‌پێی‌ قسه‌ی‌ باوكی‌ "هیچ فشارێكی‌ ماڵه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌بوو"، هه‌رچه‌نده‌ خوشكه‌ بچووكه‌كه‌ی‌ به‌دودڵییه‌وه‌ وتی‌ "خوشكه‌كه‌م له‌هه‌فته‌ی‌ كۆتایی‌ ته‌مه‌نیدا له‌بارودۆخێكی‌ ده‌رونی‌ باشدا نه‌بوو".

چیرۆكه‌كانی‌ خۆكوشتن له‌قه‌زای‌ سنجار زۆرو هه‌مه‌چه‌شنن، ئه‌و قه‌زایه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 270 هه‌زار كه‌سه‌، واته‌ به‌رێژه‌ی‌ 8.7 له‌كۆی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا.

نزار كه‌ گه‌نجێك بوو له‌بیسته‌كانی‌ ته‌مه‌نیدا له‌كۆمه‌ڵگای‌ (خان صور) ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێك پێش ئه‌وه‌ی‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رێتییه‌كه‌ی‌ له‌شوبات (فێبرایه‌ر) رابردوودا ئه‌نجام بدات، فیشه‌كێكی‌ ده‌مانچه‌ی‌ نا به‌خۆیه‌وه‌و خۆی‌ كوشت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڕێ‌ نزیكه‌كانی‌ سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نزار بۆیه‌ خۆی‌ كوشتووه‌، چونكه‌ به‌زۆر كچێكیان بۆ هێناوه‌ كه‌ خۆشی‌ ناوێت، به‌ڵام خزری‌ باوكی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كوڕه‌كه‌م نه‌یتوانی‌ خوێندنه‌كه‌ی‌ ته‌واو بكات، هه‌رچه‌نده‌ زۆر زیره‌ك بوو، بۆیه‌ خۆی‌ كوشت".

هه‌ر له‌سنجار چیرۆكی‌ چه‌ند كه‌سێكت به‌ر گوێ‌ ده‌كه‌وێت كه‌ له‌هه‌وڵی‌ خۆكوشتن رزگاریان بووه‌.

هێشتا شوێنه‌واری‌ ئه‌و په‌ته‌ی‌ "هه‌نا" له‌ملی‌ خۆی‌ ئاڵاندبوو دیارماوه‌، هه‌نا ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن خوشك‌و براكانی‌ رزگاریان كردووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ بۆ ساتێك خۆی‌ به‌و په‌ته‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌ كه‌ كردبووی‌ به‌سه‌قفی‌ ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌.

ته‌مه‌نی‌ هه‌نا هه‌ژده‌ ساڵی‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌و له‌سه‌ر رێ‌و بانه‌كان پیاز ده‌فرۆشێت، هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌كات كه‌ جارێكی‌ تر هه‌وڵی‌ خۆكوشتن ده‌داته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ قسه‌ی‌ خۆی‌ "به‌هۆی‌ نه‌گبه‌تی‌ ناو خێزانه‌كه‌یی‌‌و ئه‌و هه‌ژارییه‌ی‌ به‌رۆكی‌ گرتون، هیچ شتێك نییه‌ وای‌ لێبكات ده‌ست به‌ژیانه‌وه‌ بگرێت".

له‌دووری‌ چه‌ند مه‌ترێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ هه‌نا له‌و كۆمه‌ڵگا ئێزدیانه‌ی‌ له‌پشت شاخی‌ سنجاره‌وه‌ شانیان ناوه‌ به‌شانی‌ یه‌كه‌وه‌، خاتوون كه‌ ژنێكی‌ ته‌مه‌ن سی‌ ساڵه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ بیستنی‌ هه‌واڵی‌ كوشتنی‌ براكه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ تیرۆریستان له‌ 15ی‌ ئازار (مارس)ی‌ رابردوو فیشه‌كێكی‌ ناوه‌ به‌خۆیه‌وه‌، ئێستا توانای‌ رۆشتنی‌ له‌ده‌ست داوه‌.

وه‌عد حه‌مۆ مه‌تۆ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ پێشكه‌وتنی‌ ئێزدی‌، یه‌كێك له‌حیزبه‌ چالاكه‌ سیاسییه‌كان له‌سنجار پێی‌ وایه‌ "هه‌ژاری‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌".

مه‌تۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاری‌ له‌و ناوچه‌ شاخاویه‌ ده‌گاته‌ 80% تاكه‌ كارێكیش كه‌ له‌به‌رده‌م گه‌نجاندایه‌، ئه‌وه‌یه‌ بچنه‌ ناو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌شیان پڕیه‌تی‌ له‌مه‌ترسی‌.

گوندو كۆمه‌ڵگا ئێزدییه‌كانی‌ قه‌زای‌ سنجار دابڕاون له‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان‌و خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ خۆیان ده‌پارێزن له‌وه‌ی‌ بچنه‌ ناو موسڵه‌وه‌.

یاده‌وه‌ری‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ پڕیه‌تی‌ له‌و رووداوی‌ توندوتیژیانه‌ی‌ رووبه‌روویان بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان هه‌میشه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هێرشی‌ چه‌كداری‌‌و كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌، گه‌وره‌ترین هێرشیش كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وان ئه‌نجامدراوه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 2007 روویدا، كاتێك چوار خۆكوژ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ قه‌ره‌باڵغدا سه‌یاره‌كانیان ته‌قانده‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 1300 ئێزدی‌ كوژران یان برینداربوون.

مه‌تۆ ئه‌و راپۆرتانه‌ به‌ناڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، گوایه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و زنجیره‌ توركیانه‌ی‌ بۆ عه‌ره‌بی‌ دۆبلاژكراون گه‌نجان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر خۆكوشتن.

ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی‌ ئه‌و خێزانه‌ هه‌ژارانه‌ی‌ منداڵه‌كانیان خۆیان ده‌كوژن ته‌نانه‌ت ئامێری‌ سه‌ته‌لایتی‌و ته‌له‌فزیۆنیشیان نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وان به‌كوردی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن‌و زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ نازانن.

حه‌سۆ خدیده‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومیه‌ له‌سنجار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌موو جاره‌كان هه‌ژاری‌ هۆكاری‌ خۆكوشتن نییه‌، بگره‌ هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ وه‌ك خۆكوشتن باس ده‌كرێن "هه‌ندێ‌ جار كوشتنی‌ به‌ئه‌نقه‌سته‌ نه‌ك خۆكوشتن".

حه‌سۆ روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئێزدییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كه‌ فشاری‌ زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر گه‌نجان، شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌م ئاینه‌ كۆنه‌ له‌چه‌ند كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دابڕاودا ده‌ژین‌و رێ نادرێت ژن‌و ژنخوازی‌ له‌گه‌ڵ‌ تایفه‌و ئاینه‌كانی‌ تر بكه‌ن، بگره‌ ته‌نانه‌ت له‌ناو چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو خودی‌ ئێزیدیه‌كانیشدا رێ‌ به‌و كاره‌ نادرێ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پیاو سالاری‌ له‌سه‌ر خێزانه‌كان زۆر جار ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ له‌ناوچوونی‌ كه‌سه‌كان.

حه‌سۆ ده‌ڵێ "زۆربه‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ رووده‌ده‌ن كوشتنه‌ به‌بیانووی‌ شه‌ره‌ف پارێزی‌‌و دواتریش ناوی‌ خۆكوشتنیان لێده‌نرێت".

به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ حه‌سۆ "كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حه‌یایان نه‌چێت وا باسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ كچه‌كه‌یان یان كوڕه‌كه‌یان خۆی‌ كوشتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ لاوازی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوانه‌ بكرێت روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكیان كوشتنی‌ به‌ئه‌نقه‌ستن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك به‌رامبه‌ر دوعا كرا".

زۆربه‌مان ئه‌و رووداوه‌مان بیرماوه‌ كاتێك ساڵی‌ 2007 له‌رێی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاند‌و پێگه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانه‌وه‌ ڤیدیۆی‌ كوشتنی‌ دوعا بڵاوبووه‌وه‌، ئه‌و كچه‌ ئێزدیه‌ی‌ به‌سه‌دان گه‌نج‌و پیاو جلیان له‌به‌ردا نه‌هێشت‌و هه‌تا مردن به‌ردبارانیان كرد، چونكه‌ شووی‌ به‌كوڕێكی‌ موسڵمان كردبوو له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵهاتبوو.

حه‌سۆ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ر له‌ساڵی‌ 2003، واته‌ له‌سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێندا چه‌ندین حاڵه‌تی‌ هه‌ڵاتنی‌ كچانی‌ به‌خۆوه‌ دیوه‌، شویان به‌كوڕێك كردووه‌ كه‌ ئێزدی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ یاسا تونده‌كانه‌وه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ نه‌یانتوانیوه‌ تۆڵه‌ له‌كچه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

له‌سه‌روبه‌ندی‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ به‌عس، به‌هۆی‌ لاوازی‌ ده‌زگاكانی‌ پۆلیسه‌وه‌، دیارده‌ی‌ كوشتنی‌ كچان به‌بیانوی‌ شه‌ره‌ف پارێزی‌ زیادی‌ كرد، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ حه‌سۆ "پاش پرۆسه‌ی‌ (ئوم ره‌بیعه‌ین) له‌نینه‌وا له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ئایار (مایۆ)ی‌ ساڵی‌ 2008، ده‌زگاكانی‌ پۆلیس چالاكبوونه‌وه‌و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌بكوژه‌كانی‌ دوعا كه‌ خاڵۆزای‌ خۆی‌ بوو له‌دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ موسڵ‌ دادگایی‌ كراو سزای‌ خۆی‌ وه‌رگرت، پاش ئه‌و رووداوه‌ش كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر چیرۆكی‌ خۆكوشتن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سزادان رزگاریان ببێت".

كۆمه‌ڵگای‌ ئێزدی‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئاینییه‌كانیه‌وه‌ دژی‌ بیرۆكه‌ی‌ خۆكوشتنه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ گه‌نجان په‌نای‌ بۆ ده‌به‌ن یاخیبوونه‌ به‌هه‌موو ماناكانیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر قسه‌كانی‌ حه‌سۆ راست بێت ئه‌وا ئه‌وانه‌ی‌ رووده‌ده‌ن كوشتنه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كانیش ئه‌ركی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌.

پارێزه‌ر سلێمان عه‌تۆ كه‌ پسپۆڕه‌ له‌دۆسێكانی‌ تاواندا، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا شه‌یه‌ته‌كان كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ یان دراوسێكانین‌و شایه‌تی‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كه‌ خۆكوشتن بووه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار رونیشه‌ ئه‌و سیناریۆیه‌ سه‌رجه‌می‌ دروستكراوه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆی‌ كوشتووه‌ له‌پێناو شه‌ره‌ف پارێزیدا كوژراوه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ڵگه‌كان ونن‌و شیكاری‌ بۆ ته‌رمه‌كه‌ش نه‌كراوه‌.

وه‌ك ئه‌و پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێت "زۆر به‌خێرایی‌ ته‌رمه‌كه‌ ده‌خرێته‌ خاكه‌وه‌و پرسه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ داده‌نرێت كه‌ سیفه‌تی‌ خۆكوژی‌ پێ‌ به‌خشراوه‌، هه‌ر زوو هه‌موو شتێك ته‌واو ده‌بێت".

به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌تی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ حاڵه‌تی‌ كوشتن به‌بیانووی‌ شه‌ره‌ف پارێزی‌ رووده‌ده‌ات، د.وه‌عد ئیبراهیم مامۆستای‌ به‌شی‌ كۆمه‌ڵناسی‌ كۆلێژی‌ ئادابی‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ پێی‌ وایه‌ زۆربوونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ خۆكوشتن له‌سنجار "به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌یه‌ كه‌ گوندنشینه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ تیایدا ده‌ژین‌و به‌چاوێكی‌ نزمه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ژنان ده‌كرێت له‌رووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیریه‌وه‌، ئه‌مه‌ش فشار له‌سه‌ر ژنان دروست ده‌كات، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت كه‌ پاڵه‌وانی‌ زۆربه‌ی‌ چیرۆكه‌كانی‌ خۆكوشتن ژنانن".

ئیبراهیم هێمای‌ بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ كرد كه‌ ژنانی‌ گوندنشین زۆرجار دووباره‌ی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ "ئه‌گه‌ر باش نه‌بن له‌گه‌ڵم‌و سه‌ربه‌ستیم نه‌ده‌نێ‌، خۆم ده‌كوژم، یان خۆم ده‌سوتێنم، یان خۆم هه‌ڵده‌واسم" ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ش زۆرجار ده‌بێته‌ راستی‌.

ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گومانی‌ هه‌بوو له‌وه‌ی‌ زنجیره‌ توركییه‌كان رۆڵیان هه‌بێت له‌زیادبوونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ خۆكوشتن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ راگه‌یاندن باسی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌دوور نه‌زانی‌ كه‌ گه‌نجه‌كان به‌راوردێك دروست بكه‌ن له‌نێوان ئه‌و ژیانه‌ی‌ خۆیان تیایدا ده‌ژین‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌زنجیره‌ توركیه‌كاندا ده‌یبینن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دوچاری‌ بێهیوایی‌ ده‌بن.

لایه‌نی‌ ناخۆشی‌ ئه‌و چیرۆكانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر كوژرابێت یان خۆی‌ كوشتبێت زوو له‌بیر ده‌كرێن‌و یادیان نامێنێت، چونكه‌ خۆكوژه‌كه‌ كارێكی‌ كردووه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ نه‌ریت‌و ئاینه‌، كوژراوه‌كه‌ش په‌ڵه‌یه‌كی‌ ره‌ش بووه‌ به‌سه‌ر شه‌ره‌فیانه‌وه‌و له‌ناویان بردووه‌.


ئه‌م راپۆرته‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ (Mentorship) ئاماده‌كراوه‌ كه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ راهێنانی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ گه‌نجانه‌ له‌ (ئه‌كادیمیای‌ راگه‌یاندن- عێراق) به‌هاوكاری‌ په‌یامنێرانی‌ "نیقاش" له‌پارێزگا جۆراو جۆره‌كانی‌ عێراق.
1348 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Friday, January 13, 2012-سة ر جاوة خة ندان

Kurdzhin
ئه‌گه‌ر رۆژێک شاد بوی هێواش پێبکه‌نه‌ تاوه‌ک و خه‌مه‌کانت به‌ئاگا نه‌یه‌نه‌وه‌ !
ئه‌گه‌ر رۆژێک خه‌مگین بوی هێواش بگری تاوه‌ک و شادیه‌کانت نا ئومێد

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2012-01-23 08:45:31

شووشه 88
ئه‌ندامی چالاک
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-11-22
دواترین سه‌ردان: 2013-04-17
په‌یامه‌كان: 577
WindowsOpera

Re: خۆكوشتن له‌سنجار.. ژنان پاڵه‌وانی‌ چیرۆكه‌كانن

dast xosh

Kurdzhin
http://www.kurdzhin.info/up/uploads/images/kurdzhin-b600df65ed.jpg

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#3 2012-01-23 08:53:12

salma.chavrash
ئه‌ندامی چالاک
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2011-11-20
دواترین سه‌ردان: 2012-06-15
په‌یامه‌كان: 528
WindowsOpera

Re: خۆكوشتن له‌سنجار.. ژنان پاڵه‌وانی‌ چیرۆكه‌كانن

سو باس بو تو

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net