.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه













تیۆری جوگرافی
: بەناوبانگترین تیۆرڤانی ئەو ئاڕاستەیە " مۆنسكیۆ" یە كە یەكێكە لە نەوەی خانەوادەكانی فەرەنسا و بە یەكەم بیرمەندی سیاسی سەدەی 18 دادەنرێ ، وە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئاراستەی سیاسەتی ئەقلانی ، وە یەكەم بەرهەمی بە ناونیشانی " نامیلكە فارسیەكان " لە ساڵی 1721 بڵاوكردۆتەوە و رەخنەی لە كۆمەڵگەی ئەوروپی گرتووە ، لە ساڵی 1748 دا كتێبە بەناوبانگەكەی "رۆحی یاساكان " ی نووسیوە ، لە بارەی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەیتەوە لەو باوەڕەدایە كە سیستەمەكانی كۆمەڵگە لەناویشیاندا رێكخستن و كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە ژێر كاریگەری ژینگەی سروشتی و ئەو ناوەندەی كە مرۆڤەكانی تێدا دەژین . وە مەبەستی لە سیستەمەكانیش یاسادانان و رێكخستنی سیاسی و كۆمەڵایەیتە ، وە بیرۆكەی یاساكە یەكێكە لە میكانزمەكانی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی لە رەوشی ژیانی كۆمەڵایەتیەوە دروست دەبێ ، یان لە پێكەوە ژیانی مرۆڤەكانەوە ، وە ئەو هۆكارانەی كاریگەریان دەبیً بەسەر یاسا و كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی بریتین لە سروشتی دەوروبەر و داب و نەریت و بونیاد و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی . بۆیە بەلای ئەمەوە بۆ تێگەیشتن لە یاساكانی هەر كۆمەڵگەیەك و چۆنیەتی رێكخستنی كۆمەڵگە و كۆنترۆلكردنەكەی دەبێت توێژینەوە لەسەر پەیوەندیەكانی ئەو بوارانە بە ژینگەی سرووشتیەوە بكەین ، هەروەها بونیادی كۆمەڵایەتی و پەیوەندیە ئابووریەكان و چڕی دانیشتوان و بیرو باوەڕە ئایینی و ئاكاریەكانەوە كە خۆیان بەرئەنجامی ئەو پەیوەندیە دیالەكتیكەی رەوشە كۆمەڵایەتیەكە و ئەو ژینگەن . هەموو ئەو لایەنانە پێكەوە یەكێتیەك دروست دەكەن پێی دەڵێن " رۆحی یاساكان " وەهەر یەكێك لەو پێكهاتانە بە ئەندازەی زۆربوون و زاڵبوونی لە بونیادەكەدا بەهەمان رێژە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی پێكهاتەكانی تر ، ئەمەش بە پێی جیاوازی كۆمەڵگەكان لە قۆناغێكدا یان لە یەك كۆمەڵگەشدا بە پێی قۆناغە جیاوازەكان دەگۆڕێت و جیاوازی لە كاریگەری هەر پێكهاتەیەك لەو پێكهاتانە هەبووە ، بۆ نمونە دەبینین لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا لەژێر كاریگەری هۆكارە سروشتیەكاندا كە هێشتا كۆنترۆڵی ژینگەیان نەكردووە ، جۆرێك لە رێكخستن و كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتیان هەیە ، یان بۆ نمونە لە وڵاتی " چین " تا ئێستاش كاریگەری داب و نەریتە بۆماوەییەكان لە باو و باپیرانەوە رۆڵی هەیە ، یان لە " یابان " دا یاساكان زاڵن . بە گشتی بۆچوونەكانی " مۆنسكیۆ " كاریگەریان خستۆتەسەر زانا و بیرمەندانی دوای خۆی ، ئەگەرچی ئەم یەكەم كەس نەبووە كە بیری لە رێكخستنی كۆمەڵایەتی كردبێتەوە لەژێر كاریگەری هۆكارە سروشتیەكاندا .هۆ: رەنگدانەوەی بیری ئەم بە تایبەتی لەلای مرۆڤناسەكان بەروونی دیاربووە ، و: چونكە ئەوان سەرقاڵی توێژینەوە بوون لەسەر كۆمەڵگە سەرەتاییەكان كە نزیك بوون لە هەڵوەشانەوە لە ئەنجامی تێكەڵبوونیان بە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان ، لەوانەش بۆ نمونە مرۆڤناسی ئەمریكی " هێنری لویس مۆرگان " كە توێژینەوەی لەسەر 200 كۆمەڵگەی جیاواز كردووە ، پێی وابووە كە سەرەتای رێكخستنی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ دایك و مرۆڤایەتی بە قۆناغێكی كۆمۆنەیی ( مشاعی ) هاوسەرگیری تێپەڕیوە ،وە كتێبێكی بەناونیشانی "كۆمەڵگەوی دێرین" یەكیش بەناوی"خزمایەتی و هاوسەرگیری" نوووسیوە . بەڵام لەلایەن زانایەكی ترەوە بە ناوی "هێنری مین" كە خاوەن كتێبی"یاسای دێرین" ە دژی بۆچوونەكانی "مۆرگان"ەو پێی وایە رێكخستنی كۆمەڵایەتی و كۆنترۆلی كۆمەڵایەتی و كۆنترۆلكردنی كۆمەڵگە لەبەهێزی پیاوو باوكسالاریەوە سەرچاوەی گرتووە .
سێیەم : تیۆرە نوێیەكانی كۆنتڕۆڵی كۆمەڵایەتی :
لەگەڵا گەشەكردنی زانست و بڵاوبوونەوەی نووسینی زیاتر لەسەر كۆمەڵگە بە گشتی و بابەتەكانی پەیوەست بە رێكخستنی كۆمەڵایەتی و كۆنترۆلی كۆمەڵایەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی (19)ەو سەرەتای سەدەی (20)ەوە تیۆری تر لەم بارەوە هاتنە ئاراوە ، ئەگەرچی ئەو تیۆرانەش سەرەتا بەهەمان شێوەی تیۆرە كۆنەكان جەختیان دەكردە سەر خەسلەتە گشتیەكانی مرۆڤ و پەیوەندی سروشتی مرۆڤەوە بە دوای جۆرێك لە رێكخستنی گشتیدا دەگەڕان ، بەڵام دواتر ئەم تیۆرانە لە رووی ناوەڕۆك و چۆنیەتی شیكردنەوەیانەوە لە تیۆرە كۆنەكان جیاوازبوون بەوەی جەختیان كردە سەر رێكخستنی فەرمی و پەیوەندی وەزیفی نێوان سیستەمە كۆمەڵایەتیەكان .
لێرەشدا ئاماژە بە سێ جۆری تیۆرە نوێیەكان دەكەین :
یەك : تیۆری سیستەمی سروشتی :
لە سەدەی 18 ەوە تا ناوەڕاستەی سەدەی 19 باوی چەندین تیۆر بوو كە بانگەشەیان بۆ یاسای سروشتی دەكرد و پوختەی ئەم تیۆرانەش مانای ئەوە بوو كە " چۆن مرۆڤ هەر بە فیترەت لەگەڵا دروستبوون و لەدایكبوونیدا كۆمەڵێك غەریزەی هەیە بەهەمان شێوەش مەیلی ژیانی ناو كۆمەڵگەی هەیە و بێگومان كۆمەڵگەش یان بەكۆمەڵبوونی مرۆڤەكان جۆرێك لە سیستەم و رێكخستنی دەوێ و دەبێت تاكەكان پابەندی ئەو سیستەمە بن ، كەواتە سیستەمەكانیش سروشتین " ، یەكێك لە بەناوبانگترین تیۆرەكانی ئەم بوارە تیۆرەكەی "ئەدوارد رۆس " ە (كە لەسەرەتای بابەتەكانمادا ئاماژەمان پێ كردووە كە پێی وایە سیستەمە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر چوار غەریزەی سروشتی دروستبوون و غەریزەكانی "ئەدوارد رۆس " یش بریتین لەمانەی خوارەوە :
a) سۆزداری یان هاوبەشی : كە وا لە تاكەكان دەكات سۆز و خۆشەویستی هەبێ بەرامبەر ئەوانی تر و هاوكاریان دەكات و سنووری رێ و رەسم و ئاكارە باوەكانی كۆمەڵگە نابەزێنێ .
b) پێكەوەیی یان بەكۆمەڵبوون : ئەویش بەو مانایە دێت كە ناتوانێ بە تەنیا بژیت دەبێت هەر لە كۆمەڵگەدا بێت ، لێرەوەش پێویستە پابەندی یاساكانی بێت .
c) هەستكردن بە دادپەروەری : كە دەبێتە هۆی پێشێل نەكردنی مافی ئەوانی تر و پاراستنی ئارامی كۆمەڵگە .
d) هەستكردنی ئەندامی : مانای هەستكردنە بە ئازارەكانی كۆمەڵگە وەك هەر ئەندامێكی جەستەی خۆی .
بەبۆچوونی "ئەدوارد رۆس " لە پەیژەی رێزبەندی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكاندا هەرچەندێك لەسەرەتایەوە بۆ بەشاربوون و ئاڵۆزی ژیانی شار و فرەجۆری گروپەكانی كۆمەڵگە بڕۆین سیستەمی سروشتی لاواز دەبێ، بۆیە دەبێ جۆرێكی تری كۆنتڕۆڵكردن و رێكخستنی كۆمەڵگە شوێنی بگرێتەوە .
دوو : تیۆری كۆنترۆڵی خودی
لە تیۆرڤانەكانی ئەم ئاڕاستەیە كۆمەڵناسی ئەمریكی "چالس كۆلی " كە لە 1864-1929 ز ژیاوە ، ئەو رەتی كردووەتەوە كە چالاكی و رەفتارو كۆنترۆڵا كردنی تاكەكان كۆمەڵگە لەژێر فشار و كاریگەری غەریزەكاندا بێت ، بەڵكو پێی وایە بەرزەفتكردن و كۆنترۆڵكردتی رەفتاری تاك لە رێگەی پێگەیاندنی ویژدانەوە دەبێت ، ئەویش لە میانەی بەشداری كردنیەوە لە میانی ژیانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەیدا ، بۆیە كۆنترۆڵكردن لە خودی كۆمەڵگەكە خۆیدایە ، لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆ تاكەكان نەوەك بنچینەكانی لەگەڵا لەدایكبوونی تاكدا هاتبێت ، لەم پرۆسەیەشدا رۆڵی گروپە سەرەتاییەكان زۆر گرنگە چونكە تاك لەناو ئەمانەدا فێری دسپلین و زەبت و رەبت و یاسا و رێساكانی كۆمەڵگەكەی دەبێت ، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم پرۆسەیەدا گروپە بەراییەكان لە رێگەی هێز و توندوتیژیەوە تاك ناخەنە ژێر باری ئەم كۆنترۆڵكردنەوە بەڵكو بە حەز و ئارەزوو و رینمایی كردن و بۆ شانازی كردن و پەیداكردنی ناوبانگ ئامۆژگاریەكانی گروپ پەیڕەو دەكرێت لەناو ئەم گروپانەدا .
"كۆلی" لە كتێبێكیدا بەناونیشانی " سروشتی مرۆیی و سیستەمی كۆمەڵایەتی " كە لە 1901 بڵاوكراوەتەوە باس لە قۆناغەكانی دروستبوونی كەسایەتی و ویژدان دەكات ، پێی وایە گەشەكردنی كەسایەتی مرۆڤ لە میانەی پێگەیشتن و كارلێكی نێوان تاكەكانەوە دروست دەبێت یاخود لە رێگەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانەوە پێی دەگات ، ئەویش لە میانەی ئەو وێناكردنەی لامان دروست دەبێت لەسەر خۆمان ، ئایا كاردانەوە و پەرچەكرداری خەڵكی لەبەرامبەر رەفتاری ئێمە چۆنەوچیمان پێ دەڵێن ؟ چۆن سەیرمان دەكەن "چارلس كۆلی"بەمە دەڵێت ئاوێنەی رەنگ دەرەوەی خود كە لەسێ رەگەز و پێك دێ :
1. وێناكردنی شێوە و رووخسارمان یان رەفتارمان بۆ ئەوانی تر ( ® وەك مۆدێل و ستایل ، واتە وێناكردنی خۆمان بۆ خەڵك ، واتە ئێمە چۆن خۆمان و نیشان و نمایش دەكەین ؟)
2. وێناكردنی حوكمدان یان هەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ ئەو شێوە و رووخسار و رەفتارەی ئێمە . ®ئێمە چی دەڵێین لەبەرامبەر ئەو حوكم و رادەربڕینانەی ئەوان ؟
3. دروستبوونی جۆرێك لە شانازی كردن و خۆهەڵكێشان یان بە پێچەوانەوە هەستكردن بە ریسوایی بەرامبەر ئەو هەڵسەنگاندنە (® واتە لە ئەنجامی خوێندنەوەمان بۆ هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەكانی بەرامبەرەكەمان كە چۆن دەڕواننە ئێمە )
دیارە ئەم پرۆسەیەش لە میانی چەند هەنگاوێكەوە دەكرێت :
1. كارلێككردن یان تێكەڵاوبوونی گروپە تاكێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو .
2. پەیڕەوكردنی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی هەر تاكێك دوای كارلێك و تێكەڵاوبوونەكە .
3. ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی هەر تاكێك بۆخۆی لەبەر رۆشنایی هەڵسەنگاندنەكان ئەوانی تردا
4. بەوێناكردنی هەڵسەنگاندنی ئەرێنی ئاكتیڤ بوونی تاك زیاتر دەبێ، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بە نەرێنی هەڵسەنگاندنەكان وێنا بكات دابڕان و گۆشەگیری دروست دەكات ، ئیتر تاك هەر خۆی لەخۆی دا وابیر دەكاتەوە هەر لادانێك یان دەرچوونێك لەو یاسا و رێ و رەسمە باوانەی لە گروپەكەدا پەیڕەو دەكرێ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێكی نەرێنی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە هاندەرێكی لاوەكی لای هەرتاكێك دروست دەبێ بۆ پابەندبوون بەیاسا و بنەما ئاكاری و داب و نەریتیەكانی ئەو گروپە ، ئەمەش خۆی لەخیدا پرۆسەی كۆنترۆلی كۆمەڵایەتیە .
سێ : تیۆری دوانەیی كۆمەڵگە ( پنائی )
مەبەست لەو تیۆرە بریتیە لە بەرامبەر یەك دانانی دوو نمونەی كۆمەڵگەیی و رێكخستنی كۆمەڵایەتی و بەراوردكردنی سەرجەم سیستەم و پێكهاتەكانی بونیادی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگەیە، لەهەر بەراوردكردنێكدا بە وەرگرتنی رەگەزە لێكچووەكان، بۆ نمونە ئەوەی پەیوەستە بە كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتیەوە یان هەر سیستەمێكی تر ، كە ئەمەش لە مێژووی كۆمەڵناسیدا رابردوویەكی كۆنی هەیە ، وە زۆربەی زانایانی كۆمەڵناسی بە شێوەیەك لە شێوەكان باسیان لە دوو نمونەی كۆمەڵگە كردووە ، وە تەواوی ژیانیان وەرگرتووە ، وەك "ابن خلدون" لە "كۆچەری و شارنشینی" ، "دوركهایم" لە " میكانیكی و ئۆرگانی " ، " سپێنسەر" لە " كۆمەڵگەی سەربازی و پیشەسازی " ، "تونیز" لە "society & community " ، ئەوەی پەیوەستە بە بابەتەكەی ئێمەوە ، واتە دیاریكردنی بابەتی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی لە دوونمونەی كۆمەڵگەییدا ..
چوارەم : تیۆرە هاوچەرخەكانی كۆنتڕۆڵی كۆمەڵایەتی
ئەگەرچی لە كۆمەڵناسیدا ئەم تیۆرانە بایەخێكی زۆریان هەیە ، بە گشتی پێویستە توێژەری كۆمەڵایەتی لە روانگەی یەكێك لە پێناسەكانی كۆمەڵنسایەوە (كە ئەو لقە زانستیەیە توێژینەوە لەسەر رەفتاری كۆمەڵایەتی تاك دەكات ) زانیاریەكی هەبێت دەربارەی ئەم تیۆرانە ، بەڵام لە بارەی هاوچەرخی و پەیوەندیان بە كۆنتڕۆڵی كۆمەڵایەتیەوە قۆناغی هاوچەرخ بوونیان تێپەڕاندووە ، تا راددەیەك بەشێكن لە تیۆرە نوێیەكان ، بەڵام لەبەر كەمی زانیاری و نەبوونی سەرچاوە لەم بارەوە لە خانەی تیۆرە هاوچەرخەكاندا باس لە تیۆرگەلێكی وەك تیۆری كاری كۆمەڵایەتی لای ماكس فیبەر یان تیۆری سیستەمی گشتی لای هیومانز ،ئەم تیۆرە لای جورج جیوفیچ بە نمونە دێنینەوە لە بارەی كۆنترۆلی كۆمەڵایەتیەوە .
یەك : تیۆری كاری كۆمەڵایەتی ( ماكس فیبەر 1864 – 1920 )
پێش سەدەیەك لەمەوبەر لەسەر بنەمای شیكردنەوەی رەفتاری تاك لە كۆمەڵگەدا ، بنەمای تیۆرێكی كۆمەڵناسی داڕشتووە بە ناوی تیۆری كاری كۆمەڵایەتی ، كە رەفتاری دابەشی سەر سێ جۆر دەكات :
1.رەفتاری غەریزی : كە سەرچاوەكەی مەیل و حەزێكی ئاژەڵی بایۆلۆژیە لە نەستەوە سەرچاوە دەگرێ ، تاك پاڵ دەنێت بۆ تێر كردنی حەز و داواكاریەكانی ، بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامی ئایندەی ئەم رەفتارە بكاتەوە ، بۆیە پێویست بە كۆنتڕۆڵ و بەرزەفت كردنە .
2.رەفتاری كۆمەڵایەتی نەریتی : ئەم رەفتارە لە داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتی و كارە نمونەییە ئاكاریەكانی كۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێ ، یاسا و رێسا كۆمەڵایەتیەكان رەفتار و هەڵس و كەوتی تاكەكان دیاری دەكەن ، هەر بەپێی ئەو بەها كۆمەڵایەتیانەش تاك ئامانج و نەخشەی ئایندە و حەز و خۆزگەكانی دیار دەكات ، ئەمەش هەر لە سڵاوكردن و هەواڵ پرسین و سۆزە ئایینی و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و هەموو لایەنەكانی تری ژیانی كۆمەڵایەتیدا بەدیار دەكەوێ ، هەتاوەكو زۆرجار ئەو كۆمەڵگەیەی ئەم جۆرە رەفتارەی تیادا زاڵە بە كۆمەڵگەی نەریتی ناودەبرێت .
3.رەفتاری كۆمەڵایەتی عەقڵانی : ئەمە رەفتارێكە لەسەر بنەمای ئەقڵا و لۆژیك دامەزراوە و سەرچاوەكەی خودە ، وە گوزارشت لە چیەتی جیهانی دەرەوە و هەقیقەتی ژیانی كۆمەڵایەتی دەكات هەتا لە ئامرازەكانی كاری كۆمەڵایەتی تاكەكاندا نمونەیەكی پێشكەوتووتر بەدەر دەكەوێ وەك بەكارهێنانی زمانێكی باڵا یان ئاخاوتنێكی ژیرانە بۆ تێگەیشتن و رەتكردنەوەی بیروبۆچوونی یەكتری بەڵگەی لۆژیكی تر بەكاردێنن جگە لەوەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ئەم جۆرە كارلێكە ئامراز و كەرەسەی پێشكەوتووتر بەكاردێنن . "ماكس فیبەر" رەفتاری كۆمەڵایەتی ئەقڵانی بۆ سێ جۆری لاوەكی دابەش دەكات :
أ . رەفتارێكی ئەقڵی بەهۆی ئامرازێكی عەقڵیەوە بەڵام بۆ ئامانجێكی نا عەقڵی ، وەكو بەكارهێنانی ئامرازی تەكنەلۆجی پێشكەوتوو بۆ كاركردن و بەرهەمهێنان و قازانجی زۆرباش ، بەڵام بەكارهێنانی پارەكەی لە رێگەی نائەقڵانیدا .
ب.رەفتارێكی ئەقڵی بەهۆی ئامرازێكی ناعەقڵیەوە بەڵام بۆ ئامانجێكی عەقڵی ، وەك قۆپیەكردن .
ج.رەفتارێكی ئەقڵی بەهۆی ئامرازێكی ئەقڵیەوە بۆ ئامانجێكی ئەقڵی ، بەلای فیبەر ئەم جۆرە پێی دەوترێ ( نمونەیی – ئایدیالی ) كە بریتیە لەو رەفتارەی لە رووی میكانزم و ئامانجەكانیشەوە لەگەڵ بەها ئاكاری و زانستیەكاندا دەگونجێ ، قۆناغێكە ئیتر كۆنتڕۆڵكردنی بە شێوەیەكی زانستیانە و مەدەنیانە بەڕێوە دەچێت .
دوو : تیۆری سیستەمی گشتی
تیۆرڤانی ئەم ئاڕاستەیە زانایەكی ئەمریكیە بە ناوی "جورج هیومانز 1910 - 1989" بە لایەوە بیرۆكەی هاوسەنگی سیستەمی كۆمەڵایەتی گرنگە و بوونی كۆنترۆلی كۆمەڵایەتی بە پێداویستیەكی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ ئەو هاوسەنگیە . دەڵێ پشت بەستانی تاكەكانی كۆمەڵگە بە یەكتری ناچاریان دەكات پابەندی پێوەرە كۆمەڵایەتیەكان بن ، بۆیە دەبینین دەرچوو لەو پێوەرانە تاك رووبەرووی سزاكان دەكاتەوە ، ئەگەر بمانەوێت ئەو بڕیارە بدەین ئایا كۆمەڵگەیەك لە دۆخی هاوسەنگی و ئارامی دایە یان نا ؟ دەبێ بزانین میكانزمەكانی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی لەو كۆمەڵگەیەدا ئاكتیڤانە پەیڕەودەكرێ یان نا ؟
سێ : تیۆری رێكخستن
لایەنگرانی ئەم تیۆرە لە میانەی چوارچێوەی رێكخستنەوە جەخت لەسەر توێژینەوەی كۆنترۆڵی كۆمەلایەتی دەكەن ، چونكە پێیان وایە رەفتاری كۆمەڵایەتی لەم چوارچێوەیەدا بەرزەفت دەكرێ ، كە لەسەرەتایدا چوارچێوەكە بەها و كارە هاوبەشەكانی نێوان گروپە ، لە قۆناغی دواتردا جۆرێك لە رێكخستنی دەسەڵات دروست دەبێت ، بە شێوەیەك لە شێوەكان جۆرێكە لە فیدراسیۆنێك یان یەكێتیەك لە نێوان هێزە جیاوازەكانی ئەو ناوچەیە لە سنوورێكی دیاریكراودا كۆ دەكرێنەوە ، لە زانا بەناوبانگەكانی ئەم بوارە كۆمەڵناسی فەرەنسی " جۆرج جیوفیچ " 1894 – 1965 دەڵێ بە گشتی لەم كۆمەڵگایانەدا جۆرەكانی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی بریتین لە یاسا و مەعریفە و پەروەردە و هونەر و ئاكار ، بەڵام شێوەی جێبەجێ كردنی چەندین جۆری هەیە وەكو :
1. كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی سیسماتیك یان ( نڤامی ) : دەشێ ئەم كۆنترۆڵ كردنە لە شێوەی ئۆتۆكراسی یان دیموكراتی بێ .
2. كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی لە هەندێ گروپی مرۆیی تردا : ئەم جۆرە رێكخستنەی تیا نیە كە لەسەر دابەشكردنی ئەرك و ماف و دیاریكردنێكی فەرمیانەی شوێن و پێگەكان بێ بۆ تاك بەڵكو لە میانەی شارەزایی كولتوری و رێ و رەسمی نەریتیەوە دەسەڵات و پێگەی تاكەكان لە گروپەكەدا دیاری دەكرێ ، بۆیە لە هەندێ گروپی كۆمەڵایەتی یان مەزهەبی و بیروباوەڕی ئیتر وەك نەریتێك دەبنە هەڵگری ریزبەندیەكی چەق بەستوو ، واتە ناكرێ ئەندامانی توێژێك یان چینێكی دیاریكراو ئەم ریزبەندیە ببەزێنن یان بگەنە هەندێ پۆستی باڵا چونكە بە بۆماوەیی دیاری دەكرێ .
3. كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی خۆبەخۆ ( تلقائی ) : ئەمەش لە میانەی بەها و بیروباوەڕ و نمونەی رەفتاری باڵاوە لای تاكەكان پەیڕەو دەكرێ ، ئیتر لانەدان لەو هێڵە گشتیەی كە كۆمەڵگە پەسەندی كردووە و رێزی تاكی تێدا گیراوە ، هەست بە ماف و ئەركەكانی دەكات ، لە جیاتی رێز و خۆشەویستی گروپەكەی ئینتمای بۆ نیشتمانەكە و تەواوی وڵاتەكەی دەبێت پێویست بە كۆنترۆڵێكی دەرەكی دەكات .
ئامادهكردنی سورێن ئهكرهم تایبهت به كوردژین
دواترین جار دهستكاری كراوه لهلایهن سورێن (2012-10-03 15:26:03)


لهسهر هێڵ نییه